بەشیر لەزینداندا مانی لەخواردن گرتووە و باری دەروونیشی خراپە

جیهان

22/04/2019‌ 1345 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چالاكانی ناو تۆرە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی دژ بەیەك لەسەر تەندرووستی عومەر بەشیری سەرۆكی پێشووی سودان بڵاودەكەنەوە، بێئەوەی لەو بارەیەوە هیچ لێدوانێكی فەرمی دەرچووبێت .

هەندێك لە چالاكان دەڵێن: پێش چەند رۆژێك بەشیر جەڵتەیەكی سووك لێیداوە ، بەڵام دوای ئەوەی لەیەكێك لەنەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستی بۆ كراوە گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندانەكەی ، هەروەك هەندێكی تر دەڵێن: بەشیر تووشی شۆكی دەماری بووە ، كە بارێكی دەروونییە بەهۆی تووشبوون بەئازارێكی زۆر، یان هەڵوێستێكی زۆر سەخت تووشی مرۆڤ دەبێت .

هەندێكی تر دەڵێن: سەرۆكی پێشووی سودان تووشی بارێكی دەروونی خراپ بووەتەوە ، تەنانەت هەندێكی تر زۆر لەوە دوورتر دەڕۆن‌و دەڵێن: بەشیر مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و هیچ چارەسەرێكیش وەرناگرێت .

پێشتریش رۆژنامەی " ئەلئینتیباهە"ی سوودانی هەندێك وردەكاری لەسەر ئەو گرتووخانەیە باس كردبوو، كە بەشیری تێدا هێڵراوەتەوە.

رۆژنامەكە بەپشتبەستن بە هەندێك سەرچاوەی ناوخۆیی سودانی باسی لەوە كردبوو، كە ئەو گرتووخانەیەی سەرۆكی پێشووی سودانی لێزیندانی كراوە تەلەفزیۆن و ئێركۆندیشنێكی تێدایە، كە بەئاو كار دەكات ، لەگەڵ دوو جێگای خەوتن  و دوو كورسی .

سەرچاوەكە رایگەیاندووە، لەناو ئەو گرتووخانەیە تەنیا  بەشیر ئەو تایبەتمەندییەی هەیە ، لەكاتێكدا شوێنی زیندانیكردنی ١٧ بەرپرسی پێشووتری سوودان هیچ كام لەو ئاماێرانەی تێدا نییە .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو ژوورەی بەشیری تێدا دەمێنێتەوە كاتی خۆی ژووری زیندانیكردنی فەریقی یەكەم سەلاح عەبدوڵلا قوش بووە كە دوا سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەردەمی بەشیر بووە و لەدوای دوورخستنەوەی بەشیر جارێكی تر دەستگیر كراوەتەوە.

بەڵام لەوكاتەوەی بەشیر كە لە١٧ ی نیسانەوە نێردراوە بۆ گرتووخانەی كۆپەر  ڕێگەی پێنەدراوە تەلەفۆنە مۆبایلەكەی لەگەڵ خۆی بەرێت ، بەڵكو مۆبایلەكەی لە ١١ی نیسانەوە  لای سوپای سودان پاریزراوە.

دوای سێ دەیە لە حوكمرانی ، رۆژی ١١ی نیسان سوپای سودان "عومەر بەشیر"ی لەسەرۆكایەتی دوورخستەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی لەكۆتایی ساڵی رابردووەوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی ئەو وڵاتەی گرتبوەوە .

دوای لەسەركارلادانی بەشیر ، سوپا ئەنجوومەنێكی سەربازی بۆ قۆناغی گواستنەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ درووست كرد كە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی سوپا بۆ گەیشتنە لەیەكتێگەیشتنێك لەگەڵ حزبە و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكان سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبەردنی ئەو قۆناغە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی