ئەمریكا چیتر هیچ وڵاتێك لەگەمارۆكانی سەر ئێران نابەخشێت

جیهان

22/04/2019‌ 1127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا رایگەیاند، هەموو ئەو لایەنانەی نەوتی ئێران دەكڕن دەبێت بە زووترین كات دەستبەرداری نەوتی ئێران ببن ، ئەگینا ڕووبەڕووی سزادانی واشنتۆن دەبنەوە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە، كە دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاشكرایان كردووە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەوە ڕادەگەیەنێت لەڕێكەوتی ٢ی مایسەوە چیتر هیچ وڵاتێك لەكڕینی نەوتی خاوی ئێران، یان بەرهەمە نەوتییەكانی ئێران نابەخشرێت.

لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە واشنتۆن دووبارە گەمارۆی خستە سەر هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ڕێكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و شەش وڵاتە زلهێزەكە پاشەكشەی كرد .

ئەمریكا راشیگەیاند، ئەو گەمارۆیانە بۆ گوشار خستنە سەر تارانە تا دەستبەرداری بەرنامە ناوەكیی و مووشەكییەكەی ببێت و دەستیش هەڵبگرێت لە یارمەتیدانی گرووپە تووندڕەوەكان بەئامانجی شێواندنی سەقامگیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست .

دوای ئەوەی واشنتۆن دووبارە گەمارۆی خستە سەر تاران ، بەڵام هەشت وڵاتی بۆ ماوەی شەش مانگ بەخشی لەوەی نەوتی ئێران بكڕن ، بێئەوەی رووبەڕووی گەمارۆی ئەمەریكا ببنەوە  ، كە ئەو وڵاتانەش بریتین لە چین ، هندستان ، توركیا ، یابان ، كۆریای باشوور ، تایوان ، ئیتالیا و  یۆنان .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی