شاسوار عەبدولواحید دەستی بەفشارو هەڕەشە كردووە
شارپرێس وردەكاری كێشەكانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌‌و ناڕەزاییەكان ئاشكرادەكات

کوردستان

22/04/2019‌ 11909 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، هەڕەشەی لەپەرلەمانتارەكانی بەغداد كردووە، كە رێگە نادات بە ئارامی دابنیشن، ئەمە جگە لەوەی چەند كەسێكی راسپاردووە تا هەندێك شت لەدژی ئەو پەرلەمانتارانە بڵاوبكەنەوە.

ئەو هەڵوێستەی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە بوو، كە ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ‌‌و فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەبەغدا، بەیاننامەیەكی ناڕەزاییان بڵاوكردەوە، كە تێدا دژایەتیان بۆ بە بنەماڵەیكردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ راگەیاندبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەئێستادا لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كار لەكار ترازاوە، چونكە "گوشارەكانی شاسوار زۆر لەوە زیاتر بووە پێشبینی بكرێت، كە ناوبراو پەلەیەتی بۆ ریككەوتن لەگەڵ هەندیك لایەنی شیعی بەمەبەستی بازرگانی‌و پەرلەمانتارەكانیش قبووڵیان نەكردووە، بۆیە ئەو هەڵوێستەیان راگەیاندووە".

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو گروپە نارازییەی نەوەی نوێ‌ ماوەی دوومانگە لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆیانە تا چۆن هەڵویست وەربگرن دواتر ئەو كێشەیە لەویوە تەقییەوە، كە "شاسوار عەبدولواحید سروەی خوشكی ناردە بەغداد بێئەوەی پرس بەئەنجوومەنی باڵا بكات، ئەوانیش نیگەرانییەكانیان لەوەوە دەستیپێكردووە هەموو جومگەكانی میدیاو پارە لەدەستی خۆیدا بووە ئێستا هەوڵی ئەوەش دەدات پەیوەندییەكانیش لەرێگەی خۆی و كەسە نزیكەكانییەوە كۆنترۆڵ بكات".

پێشتریش دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌،  هەر مانگەكانی سەرەتاوە پەیوەندییان بەشاسوارەوە نەماوە، ویستویانە زووتر هەڵوێست وەریگرن، بەڵام لەترسی ناوزراندن‌و پەلاماردانی فەیسبووك هەڵوێستەكانیان شاردووەتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە جگە لەوە شاسوار گوشاری دروستكردووە، كە پەرلەمانتاران بەشێك لە موچەو پارەی پاسەوانەكانیان بگێڕنەوە بۆ نەوەی نوێ ئەوانیش ئەوەیان لاقبوڵ نەبووە، هەروەها شاسوار خەڵكی راسپاردووە قسەیان لەگەڵ بكات، بەڵام هەر رازی نەبوون‌و بەیاننامەكەیان بڵاوكردووەتەوە.

لەبەیاننامەكە هاتووە: زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شكستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی كوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەكانیەوە، ئێمە كۆمەڵێك كەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێكی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێكەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەكی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند.

هەروەها لەبەیاننامەكە هاتووە: لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆكار، بنەما و پایە سەرەكیەكانی ھەمو شكستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەكانن: نەبونی ئازادی و دیموكراسی لە ژیانی حزبی و رێكخراوەییدا: كردنی حزبەكان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵكی بنەماڵە و خێزانەكان: تێكەڵكردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەكان وەك لقێكی كۆمپانیا گەورەكان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاكتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شكست و  كارەساتێكەوە گواستوەتەوە بۆ شكست و كارەساتێكیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ كراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماكانی دادپەروەریی، كراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی.

ئەوەش هاتووە: ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، كە نەوەی نوێ بكەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەكەمان لە شكست: كە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشكەشی گەلەكەمان بكەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێكردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و  بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت.

ئەوەشیان راگەیاندووە "لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەكیە ھەڵبژێردراوەكانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەكەمان رایدەگەیەنین كە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ كردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بكرێتە بازنەیەكیتری شكستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و  بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستكردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەكەمان لە شكست، بۆ كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حوكمی بنەماڵە كە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شكست و كارەسات بۆ گەلەكەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین".

هاوكات ئەمڕۆ دوو شەممە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، كە شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ ناڕازییەكان رێككەوتووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لەپەرلەمانتارەكانی بەغدادی نەوەی نوێ‌ بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەنێوان شاسوار و پەرلەمانتارەكان نەماوەو بەنیازیش نین هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ ئەو دروست بكەنەوە.

هـ ـ ح