عێراق له‌بڕیاری خستنه‌ لیستی تیرۆری پاسداران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ده‌به‌خشرێت

عیراق

22/04/2019‌ 1498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
واشنتۆن عێراق له‌ بڕیاری خستنه‌ لیستی تیرۆری سوپای پاسداران ده‌به‌خشێت، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ سنورداره‌.

به‌گوێره‌ی وته‌ی سێ به‌رپرسی باڵای كۆشكی سپی كه‌ قسه‌یان بۆ ئاژانسی ڕۆیته‌رز كردووه‌ ده‌ڵێن "واشنتۆن ڕێگه‌ی به‌ هه‌ندێك كۆمپانیا‌و ڕێكخراوی ناحكومیی بیانی داوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران بكه‌ن".

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كۆشكی سپی ده‌شلًیًن، له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌دا عێراق یه‌كێكیانه‌ كه‌ به‌خشراوه‌‌و بڕیاردراوه‌ به‌رپرسانی عێراق كه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پاسداران هه‌یه‌ ڕێگرییان لێنه‌كرێت له‌پێدانی ڤیزای ئه‌مریكا.

هاوكات هه‌ندێك له‌و ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌ مرۆییانه‌ی له‌سوریا، یه‌مه‌ن عێراق كارده‌كه‌ن بڕیاری به‌خشینه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پاساوی ئه‌وه‌ی ئه‌وان كاری خۆیان ده‌كه‌ن‌و په‌یوه‌ندییان به‌پرسی تیرۆره‌وه‌ نییه‌.

به‌ڵام واشنتۆن هۆشداریداوه‌ته‌ هه‌ر لایه‌نێكی حكومی یاخود نا حكومیی كه‌ ئه‌گه‌ر هاوكاریی دارایی ئه‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌مریكا خستونیه‌تی لیستی تیرۆره‌وه‌، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر سزای واشنتۆن.

ڕ . ج