لەئیمارات بەردی بناغە بۆ دروستكردنی یەكەم پەرستگای هیندۆسەكان دانرێت

جیهان

23/04/2019‌ 802 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی "وام"ی ئیماراتی باسی لەوە كردووە، كە بۆ یەكەمجار لەسە ئاستی كەنداوی عەرەبی یەكەم پەرستگای تایبەت بە هیندۆسەكان لەو وڵاتە دانراوە ، كە لە ڕێورەسمەكەدا ژمارەیەك بەرپرس و وەزیری ئیماراتیش ئامادە بوون ئەوە جگە لە ئامادەبوونی سینگ سووری باڵیۆزی هیندستان لە ئیمارات و نوێنەری كۆمەڵگەی هیندۆسی لە ئیمارات و  شوێنكەوتووانی ئاینی هیندۆسی.

لە ڕێورەسمەكەدا موغەیر خەمیس ئەلخەیلی سەرۆكی فەرمانگەی پەرەپێدانی كۆمەڵگە گوتی "ڕێكخستنی جێگاكانی خواپەرستی هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەستەبەركردنی مافی هەموو شوێنكەوتووانی ئاینەكانی تر  بۆ بەڕێوەبردنی ڕێورەسمە ئاینییەكانی خۆیان و وەڵامدانەوەی پێداویستییە روحییەكانیان ، كە بگونجێت لەگەڵ داب و نەریت ئەو یاسا و ڕیسایانەی دەوڵەت كاری پێدەكات ".

سەرۆكی كۆمەڵگەی هیندۆسی ستایشی ئەو هەنگاوەی ئیماراتی كرد و ئەو وڵاتەی بە پایتەختی جیهانی لێبووردەیی و خۆشەویستی ناساند .

پەرستگاكە لەسەر ڕووبەری ٥٥ هەزار مەتر چوارگۆشە و لەنزیك ڕێگای خێرای نێوان هەردوو میرنشینی دوبەی و ئەبوزەبی بنیاد دەنرێت.

هەروەك پەرستگاكە پێكدێت لەچەند هۆڵێك بۆ پەرستش و فێركردن ، ناوەندێك بۆ میوانان ، باخچەی ساوایان ، باخچە ، هۆڵی نانخواردن ، كتێبخانە ، شوێنێك بۆ دیارییەكان .

بەپێی سەرچاوەكان ئەو هەنگاوەی حكوومەتی ئیمارات بۆتە جێگای سەرسامی خەڵك لە پێگەكانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان ، بەجۆرێك هەندێ كەس پێیان وایە دووفاقی ئیمارات پیشان دەدات چونكە ئەو وڵاتە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ عەرەب و مسوڵمانان لێبووردەیی پیشان نادات ، وەك رەخنانەی لەبواری مافەكانی مرۆڤ لە ئیمارات دەگیرێن ، سەرباری رۆڵی ئەو وڵاتە لە شەری یەمەن و گەمارۆی سەر قەتەر.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی