سعودییە ئامادەكاری بۆ دوای بڕیارەكەی ئەمریكا دەكات

جیهان

23/04/2019‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خالد فالح وەزیری وزەی سعودییە جەختیكردەوە، كە دوابەدوای بڕیاڕی ئەمریكا پەیوەست بەنوێنەكردنەوەی مۆڵەتی وڵاتانی بەخشراوی كڕیاری نەوتی ئێران، وڵاتەكەی لەهەوڵی ئەوەدایە، ڕێگری لە هەڵاوسان و بەرزی و نزمی و پێویستییەكانی بازاڕی نەوت لەجیهاندا بكات و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وڵاتانی تردا لە گفتوگۆ و هەماهەنگی بەردەوامدایە.

وەزیری وزەی سعودییە رایگەیاند، دوابەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ئەمریكا لە بەسفرگەیاندنی نەوتی وڵاتی ئێران، وڵاتی سعودییە زۆر بە وردی چاودێری ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییەكانی بازاڕی نەوت لەجیهاندا دەكات.

ئەمریكا بەنیازە بڕیارێكی نوێ‌ بۆ زیاتر گەمارۆدانی ئێران دەربكات، ئەویش ئەوەیە، هیچ وڵاتێك لەكڕینی نەوتی ئێران نەبەخشێت، كە پێشتر هەشت وڵاتی جیهانی بەخشیبوو.

وڵاتی چین و هیندستان لەئێستادا بەگەورەترین هاوردەكەرانی نەوتی ئێران بەئەژمار دێن، كە ئەگەر‌ ئەم وڵاتانەش لەگەڵ خواستەكانی ترەمپدا خۆیان نەسازێنن، پێدەچێت پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئەو وڵاتانەش گرژی تێبكەوێت و بواری بازرگانی ئەم وڵاتانەش گیرۆدە بكات. 

لەگەڵ ئەمەشدا چین لەئێستادا دژی بڕیاری یەكلایەنەی ئەمریكا لەبارەی سزاكانەو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئێراندا پەیوندییەكانی بەپێی یاسا بەردەوامی پێدەدات و دژی ئەم سزایانە دەوەستێتەوە.

وەرگێڕان: یاسین نادر