بەشێک لە گەنجینەکانى پارەو سامانى عومەر بەشیر ئاشکرا دەبن

جیهان

23/04/2019‌ 2015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:وەرگیرانى: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
چەند سەرچاوەیەکی بەرپرس ئاشکرایان کردووە لە یەکێک لە نوسینگەکانی سەرۆکی پێشووی سودان چەند گەنجینەیەکی گەورە دۆزراونەتەوە کە هی عومەر بەشیر و  براکانی بوون .


رۆژنامەی " ئەلتەییار " بڵاویکردوەتەوە تەنیا سەرۆکی لەسەرکار لادراو و عەباسی برای کە بەگەندەڵیی تۆمەتبار کراون ژمارەی نهێنی ئەو گەنجینانە دەزانن .


شەممەی رابردوو بریکاری داواکاری گشتی سودان کەلەلایەن ئەنجوومەنی سەربازییەوە راسپێردراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ، فەرمانی دەرکرد بە دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشوو و وەرگرتنی وتە لێی وەک ڕیخۆشکردنێک بۆ دادگاییکردنی بەتۆمەتی شتنەوەی پارە و خاوەندارێتی پارە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی .


چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بەشیر  باسیان لەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی سودان شوێنی نیشتەجێبوونی ماڵی بەشیریان چۆڵ کردووە و دوو رۆژ دوای ئەوەی بەشیر گواسترایەوە بۆ زیندانی کۆپەر فەرمان بە خێزانەکەیان کراوە ئەو جێگایە چۆڵ بکەن .


سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی بەشیر کۆمەڵگەی" خانەی میوانداری" یان جێهێشتووە و  بەرەو خانووەیەکی تایبەت بە خۆیان چوون ، کە پێشتر بەشیر و ژنەکەی و دایکی و دوو براکەی و خێزانی ئەوانیش و چەند خزمێکی تریان لە "خانەی میوانداری" نیشتەجێ ببوون .


بەگوێرەی هەواڵێکىئاژانسی فرانس پرێس، پێشتر عەبدول فەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی گوستنەوەی سودان جەختی کردبۆوە کە لە ماڵەکەی بەشیر  گوژمەیەک پارە بە سێ دراوی جیاواز دۆزراوەتەوە کە نزیکەی ١١٣ ملیۆن دۆلار بووە .


بورهان باسی لەوە کردبوو کە تیمێکی هاوبەشی هێزەکانی سوپا و پۆلیس و دەزگای ئاسایش لەژێر چاودێری داواکاری گشتیی ، ماڵی سەرۆکی پێشووی سودانیان پشکنیوە لەئەنجامدا ٧ ملیۆن یۆرۆ ، ٣٥٠ هەزار دۆلار و ٥ ملیار جونەیهی سودانی کە دەکاتە ( ١٠٥) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی دۆزراوەتەوە.


دوای دۆزینەوەی ئەو گوژمە پارە ، داواکاری گشتی سودان دوو بلاوکراوەی لە دژی بەشیر دەرکرد . تییدا تۆمەتباری کرد بە شتنەوەی پارە و خاوەندارێتی پارەیەکی زۆر بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی .

بەپەلە