پێده‌چێت هەندێك کەسایەتی و کۆمپانیای عێراقی بخرێنە لیستی سزاكانی ئەمریکاوە

عیراق

23/04/2019‌ 1080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ ئاڵی
میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عیراقی رایگه‌یاند، ئەگەری هەیە ئیدارەی ئەمریکا هەندێك کۆمپانیا و کەسایەتی حکومه‌تی عێراقی بخاتە ناو لیستی سزاكانی، ئەوەش بەهۆی پابەند نەبون بە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

میسال ئالوسی، سەرۆکی پارتی ئوممەی عیراقی بەپێگەی شەفەق نیوز-ی راگەیاندووە، "لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریکا چاودێریی ئەو پێشێلکاریانە دەکات کە لە بواری بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران روودەن و ئەو ئاسانکارییەی لایەنی عێراقی بە ئاڕاستەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بۆ لایەنی ئێرانی دەیکات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "بەوپەڕی دڵنیاییەوە لیستێک دەردەچێت بۆ سزادانی هەندێ کۆمپانیای حکوومی و کەسایەتی و بازرگانی عێراقی، ئەوە جگە لە چەند بەرپرسێک، ئەوەش گرفت بۆ دەوڵەتی عێراق درووست دەکات".

سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەو لیستە، ئالوسی وتوویەتی، "چاوەڕێ دەکەم مانگی داهاتوو بێت، ئەگەر زۆر دوابکەوێت دەکەوێتە دوای مانگی رەمەزان، ئەوەش بەڵگەیەک دەبێت دژ بە عێراق، لەبەر ئەوەی عێراق ئاسانکاریی دەکات لەگەڵ سوپای پاسداران کە تۆمەتبارە وەک ڕیکخراویکی تیرۆریستی  لە جیهاندا".

بەرپرسێکی نزیک لە حکوومەتی عیراقی باسی لەوە کردووە، درێژنەکردنەوەی ماوەی بەخشین لە گەمارۆکانی سەر ئێران، حکومەتی بەغدا دەخاتە هەڵویستێکی ڕوگیرانەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی عێراق بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندیدار نییە بەو بریارەی سەرۆکی ئەمریکا.