شارپرێس:
ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك دەریدەخات، لابردنی ژەمی بەیانیان لەبەرنامەی خواردنی ڕۆژانەدا، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵدەی مێشك زیاتر دەكات.
دەستەیەك لەلێكۆڵەرانی بواری خۆراك و تەندورستی جەستە لەوڵاتی ئەمریكا بە توێژینەوە لەسەر 6550 كەسی تەمەن نێوان 65 تا 75ساڵ، كە مەترسی جەڵدەی مێشكیان لێدەكرێت، خواردن و نەخواردنی ژەمی بەیانیان لەو كەسانەدا لێكدانەوەیان بۆ كردوون.
بەپێی توێژینەوەكە، لە (60%)ی بەشدارابووانی لێكۆڵینەوەكە ئەو كەسانە بوون، كە نانی بەیانیان خواردبوو، لە (16%)ی ئەوانیش خواردنی ژەمی بەیانیان لەبەرنامەی خواردنیان لادابوو.
هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكە، هیچكام لەم كەسانە پێش ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەكە دووچاری نەخۆشییەكانی دڵ و دەمار نەبووبوون، كە لەماوەی نزیكە 17 ساڵدا 2318 كەس لەو كەسە جێی مەبەستانە گیانیان لەدەستدا، كە 619 كەسیان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەوە بوون.
لێكۆڵەران بەو ئەنجامە گەیشتن كەسانێك، كە ژەمی خواردنی بەیانیان لە بەرنامەی خۆراكی ڕۆژانەیان لابردبوو، زیاتر دوچاری قەڵەویی وكۆڵیستڕۆلی بەرز بووبوون و لەچاو كەسانی دیكەش كە هەموو ڕۆژێك ژەمی بەیانیان خواردبوو، لە87% زیاتر مەترسییەكانی مردنیان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەوە لێكرا.
وەرگێڕان: یاسین نادر