نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان روو لەنزمبوونەوە دەكاتەوە

جیهان

24/04/2019‌ 605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان رووی لەنزمبوونەوە كردەوە، ئەوەش دوای ئەو زنجیرە بەرزبوونەوەیەی لەچەند رۆژی رابردوو تۆماریكرد.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی نەوتی پێوانەیی برێنتی جیهانی، هەر بەرمیلێكی بە 74.24 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخەكەی 27 سەنت بەرێژەی 0.4% دابەزیوە.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نرخی نەوتی پێوانەیی ئەمریكاش، كە نەوتی سوكی رۆژئاوای تەكساسی ئەو وڵاتەیە، لەكۆتا مامەڵەكان هەر بەرمیلێكی بە 66.05 دۆلار مامەڵەی پێوەكراوە، كە نرخەكەی 25 سەنت بەرێژەی 0.4% دابەزیوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەچەند رۆژی رابردوو پەیوەندی بەوە هەبوو، كە ئەمریكا بڕیاری بەخشینی چەند وڵاتێكی بۆ كڕینی نەوتی ئێران هەڵوەشاندەوە، ئەوەش نائارامی لەبازاڕەكان دروست كرد، بەڵام ئێستا ئارامی بۆ بازاڕ گەڕاوەتەوەو بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت رووی لەدابەزین كردووەتەوە.

هـ ـ ح