لەماوەی ساڵێكدا هەناردەی سعودییە بۆ عێراق ٤٠% زیادیكردووە

عیراق

24/04/2019‌ 913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح سەلمی ئەمینداری گشتی دەستەی پەرەپێدانی هەناردەكانی سعودییە باسی لەوە كردووە، لەماوەی ئەمساڵدا هەناردەكانی سعودییە بۆ عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادییان كردووە ، بەجۆرێك بەهای شمەكی نا نەوتی هەناردەكراو بۆ عێراق لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ گەیشتووەتە ٤،٢ ملیار ڕیاڵ، كە ئەو رێژەیەش ٤٠% لە ساڵی ٢٠١٧ زیاترە .

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە سعودییە كەرتی ماددە خۆراكییەكان لە پلەی یەكەمدا دێت بەبەهای ٦٦٢ ملیار ڕیاڵی سعودی ، دوای ئەو كەلوپەلی بیناسازی بە بەهای ٥٦٥ ملیار ڕیاڵ ، هەروەك لەماوەی ٥ ساڵی رابردوودا بەهای شمەكی نا نەوتی هەناردەكراو بۆ عێراق گەیشتووەتە ١٠ ملیار ڕیاڵ.

سەلمی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە سعودییە هەوڵ دەدات برەو بە بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانی بدات و ئامادەییەكی فراوانتری لەبازاڕی عێراق هەبێ و ئاستی كێبڕكێكردنی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەرزتر بكاتەوە ، بەجۆرێك بگونجێت لەگەڵ تێروانینی دەوڵەتی سعودییە بۆ ساڵی ٢٠٣٠ و ئامانجە لەبەرچاوگیراوەكانی بۆ بەرزكردنەوەی هەناردە نانەوتییەكانی لە ١٦% وە بۆ ٥٠% تیكرای بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەمە لەكاتێكدایە، عێراق زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە، كە بەهای ئاڵوگۆڕ ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلارو ئێستا ریاز لەگەڵ تاران كەوتووەتە كێبڕكێ بۆ ئەوەی بەغدا بەلای خۆی رابكێشێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی