نێردە نێودەوڵەتییەکان روو لەبەغدا دەکەن.. عێراق لە پەراوێزەوە دەبێتە شانۆى سیاسییە نێودەوڵەتییەکان

عیراق

24/04/2019‌ 1127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆشکى سەلام لەبەغدا لەماوەى چەند مانگى رابردوودا بووەتە شانۆى بەڕێوەچوونى چەندین دیدارو کۆبوونەوەى بایەخدار و خەریکە دەبێتە ناوەندێکى سیاسى گرنگ کە پەیتا پەیتا نێردە نیودەوڵەتییەکان رووى تێدەکەن و دەیانەوێت بەرژەوەندیەکانیان لە عێراقدا بدۆزنەوەو بپارێزن.

ئەمڕۆ چوار شەممە کۆشکى سەلام لە بەغدا گەرمى گوڕى چەند دیدارو کۆبوونەوەیەکى سەرۆک کۆمارى بەخۆیەوە بینى لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزى وڵاتان،ئەو دیدارانەى ئەمرۆ و رۆژانى رابردوو دەریدەخات عێراق دەیەوێت بەشێوەیەکى کاریگەر بچێتەوە ناو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و لەناوچەکەشدا نەک چاولێکەر بەڵکو تواناى بڕیاردانیشى هەبێت.

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق ئەمڕۆ چوار شەممە لە پێشوازیکرد، لە له‌ شاندێكی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و لەدیدارێکدا دووپاتی گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەھێزکردنی ھاریکاری نێوان عێراق و ولایەتە یەکگرتووەکانی له‌ گشت بوارەکاندا کردەوە، بەجۆرێک کە خزمەت به‌ بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات بکات. 

لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، جەختیکردەوە کە پێویستە ھەردوو وڵات رۆڵی سەرەکی ببینن لە سەقامگیری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە، لەبەرامبەردا شاندەکەى ئەمریکا جەختیان لە پشتیوانیکردنی وڵاته‌كه‌یان بۆ حکومەت و گەلی عێراق کردەوە، لە پێناو به‌رقه‌راركردنی سەقامگیری و گێڕانەوەی رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و جیھاندا.

هاوکات سەرۆک کۆمار چاوی بە سەرۆکی جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی فاتح پیرۆڵ کەوت،له‌ دیداره‌كدا ئاماژەی بەگرنگی ھاریکاری نێوان عێراق و ئاژانسی وزه‌ی نێودەوڵەتی كرده‌وه‌ لە بواری وزە و پرۆگرامەکانی گەشەپێدان و باشترکردنی سیسته‌می بەرھەم ھێنانی کارەبا و بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی کە دەبێتە ھۆی لە دەستدانی وزەی کارەبا.




لەلای خۆیەوە، فاتح پیرۆڵ باسێکی فراوانی پرۆژه‌ و چالاکییه‌كانی ئاژانسی وزەی نێوده‌وڵه‌تی كرد کە لەجیھاندا جێبەجێی دەکەن، له‌ هه‌مان كاتدا ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی عێراق بۆ پەرەپێدانی سێکتەرەکانی وزە بە تایبەتی کارەبا، هاوكات ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ لە سود وەرگرتن لە وزەی خۆر لە عێراقدا بۆ بەرھەم ھێنانی وزەی کارەبا، هاوكات جەختیشی لەوە کردەوە ، ئەگەر بەشێوەیەکی باش سود لە وزەی خۆر وەربگیرێت، ئه‌وه‌ عێراق دەتوانی ببێته‌ وڵاتێکی ھەناردەکەری وزە لە ناوچەکەدا.

لەلایەکى ترەوە بەرهەم ساڵح پێشوازیكرد له‌ جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی لیژنەی ھاوبەشی ھاریکاری بازرگانی و زانستی و تەکنیکی عێراقی - روسی یۆری بۆریسۆف، لە میانی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی لە گشت بوارەکاندا کرا، به‌تایبه‌تی ئاڵوگۆری بازرگانی و ئابووری به‌ جۆرێك كه‌ خزمەت به‌ بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی نێوان هه‌ردوو ولات بكات.

ھەر لە دیدارەکەدا، تاوتوێی کارەکانی لیژنەی ھاوبەشی عێراقی- روسی و پێویستی کاری ھاوبەش لە پێناوی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکانی لیژنە ھاوبەشەکە كرا، لە رێگای چاودێری رێكکەوتننامە واژوکراوەکان.

رۆژى پێشتریش سەرۆک کۆمار ژمارەیەک دیدارو کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆزو بەرپرسانى وڵاتانى جیاجیاى کردو تیایدا باسى لە دووبارە داڕشتنەوەى پەیوەندییەکى نوێى سیاسى و ئابورى و بازرگانى لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا تاوتوێکرد.

هەموو ئەو دیدارو کۆبوونەوانە لەکاتێکدان کە بڕیارە لە رۆژانى ٢ تا ٥ ى مانگى داهاتوو ئەمریکا بڕیارەکەى بۆ قەغەدەکردنى کڕینى نەوت لە ئێران بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەو چوارچێوەیەدا وڵاتانى جیهان پەیتا پەیتا نوێنەرەکانیان رەوانەى بەغدا دەکەن و  دەیانەوێت لەدواى ئەو بریارە عێراق بکەنە ناوەندێکى گرنگى ئابورى و بازرگانى و سیاسى.

چاودێرانى سیاسى دۆخى عێراق پێیانوایە  بڕیارو سزاکانى ئەمریکا لە دژى ئێران کاریگەرى لەسەر عێراقیش دەبێت بەو پێیەى عێراق دراوسێى ئێرانەو پەیوەندییەکى سیاسى و ئابورىو بازرگانى توندوتۆڵیان هەیە، ئەوەش وا دەکات بریارەکانى ئەمریکا پاڵ بە عێراقەوە بنێت روو لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بکات و شکۆو پێگە سیاسى و ئابوریەکەى بەهێزتر بکات.

لەماوەى چەند مانگى رابردوودا ژمارەیەک سەرۆکى وڵاتان و وەزیرى ناوچەکەو جیهانى سەردانى عێراقیانکردوەو سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانى عێراقیش چەندین سەردانیان بۆ وڵاتان کردوە، بەجۆرێک لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا جوڵە سیاسیەکانى ناو عێراق بەو ئاستە بەرزە نەبوون، بۆیە لەو ماوە کەمەدا عێراق توانیویەتى چەندین سەرۆک و وەزیرو باڵیۆز و رێکخراوە بەناو بانگەکان و کەسایەتییە دیارەکان پەلکێشى بەغدا بکات.
س.هـ

بەپەلە