داعش گرتە ڤیدیۆیی بەیعەتدانی ئەنجامدەرانى تەقینەوەکەى سریلانکا بڵاودەکاتەوە

جیهان

24/04/2019‌ 2024 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیەکی کورتی بڵاوکردەوە کە لەودا بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکانی وڵاتی سریلانکا بەیعەتی خۆیان بە ئەبوبەکر بەغدادی پێش لە کوشت و کوشتارەکەی جەژنی قیامەی ڕۆژی یەکشەمە لە سریلانکا ڕادەگەیەنن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیسنای ئێرانی کە لە پێگەی "ئەعماق"ی سەر بەڕێکخراوی داعش وەریگرتووە، لەم فلیمەدا هەشت ئەندامی تاقمە تیرۆریستی داعش بەدەوری یەکتردا کۆبوونەتەوە و دەست لەناو دەست، پەیمانی وەفاداری خۆیان بە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش ڕادەگەیەنن و دروشمی یەکێتی و پێکەوەبوونی نێوانیان دەڵێنەوە.

ئاژانسی دەیلی مەیلی بەریتانیش ڕایدەگەیەنێت، سێ کەس لەم ئەندامە خۆکوژانەی داعش بەناوەکانی " ئەبوعوبەید، ئەبو باریع، ئەبو موختار، لە سێ هێرش بۆ ئۆتێلەکانی "شانگری لا و سینامۆن گریندو کینگیسبێری- دەستیان هەبووە.

سێی تریش لەوان بەناوەکانی "ئەبوحەمزە، ئەبوخالید، ئەبوموحەمەد هێرشیەکانیان بۆسێ کەنیسە لە کۆڵۆمبۆ و نگۆمبۆو باتیکالوا ئەنجامداوە.

 کەسی حەوتەمیش کەناوی ئەبو عەبدوڵا-یە، سێ ئەندامی پۆلیسی لە دەوروبەری کۆڵۆمبۆدا کوشتووە. لەگەڵ ئەمانەشدا ناسنامەی کەسی هەشتەم کەلە وێنەو ڤیدیۆکاندا دەرکەوتووە، هێشتاکە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دیارینەکراوە.

سەرچاوەکان هەروەها ئاماژە بەوەشدەکەن کە دوو برا کە کوڕی پیاوێکی بازرگانن، لەنێوان بکەرانی ئەم هێرشانەدا دەبینرێن، کەلەکاتی کردە تیرۆریستیێەکەدا لە ڕیزی نانی بەیانیانی ئۆتێلەکان "سینامۆن گڕاند و شانگری لا"دا دەوەستن و خۆیان دەتەقێننەوە.

دەشوترێت پاش ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەم دوو برایە، پاش هێرشەکان پۆلیسی سریلانکا کە بۆ دەستگیرکردنی خێزانەکەی ئەوان بۆ بەردەم ماڵیان بەڕێدەکەون، هاوسەری یەکێک لە براکان خۆی دەتەقێنێتەوە، و لەئەنجامدا خۆی دو منداڵەکەی گیان لەدەستدەدەن. 

لەگەڵ ئەمەشدا حکومەتی سریلانکا پێشتر لە لێدوانەکانیاندا ئەوانی تاوانباری سەرەکی هێرشە خۆکوژییەکانی وڵاتەکەی زانیبوو.

س.هـ