ئەمریكا چەند بەرپرسێكی سوپای پاسداران لەسزاكانی دەبەخشێت

جیهان

25/04/2019‌ 1622 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی ئەمریكا بۆ سزاكانی دژی سوپای پاسدارانی ئێران هەندێك بڕیاری لێخۆشبوونی دەركرد، كە چەند بەرپرسێكی سوپاكە دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەسوشتێدپرێس، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەو لێخۆشبووونانەی لە گۆڤاری فەرمی حكومەتی فیدڕاڵی ئەمریكا لەچوارچێوەی هەندێك ڕێنماییدا دەركردووە.

بەپێی بڕیاری لێخۆشبوونەكە، بەرپرسانی وڵاتان، یان ئەو كۆمپانیانەی، كە لەگەڵ سوپای پاسداران، یان كۆمپانیاكانی سەر بەسوپاكە، قەدەغەی سەفەركردنیان بۆ وڵاتی ئەمریكا لێناكرێت.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، دەركردنی ئەم بڕیاری لێخۆشبوونانە لە ڕەوتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادایە.

ئاژانسی ئەسوشتێد پرێس هەروەها  بڵاویكردەوە، ئەو بڕیارە تووڕەبوونی هەندێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدوادا هاتووە، كە لە هەنگاو و سزا توندەكان لەدژی ئێران هەمیشە پشتیوانی دەكەن.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، ئەو لێخۆشبوونانە بە بەرپرسان و بەڕێوبەرانی كۆمپانیا بیانییەكان ڕێگەدەدات، كە هاوكارییە مرۆڤدۆستانەكان لەگەڵ لایەنەكانی سوپا بەبێ ترس‌و دڵەڕاوكێ بەردەوامی پێبدەن.

وڵاتی ئەمریكا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر سوپای پاسدارانی خستە لیستی  تیرۆر و بەپێی ئەو سزا نوێیەش كەسانێك هەر جۆرە پەیوەندییەكیان لەگەڵ سوپا بەردەوامی پێبدەن، ڕێگەی هاتن بۆ ئەمریكایان لێ قەدەغە دەكرێت.

وەرگێڕان: یاسین نادر