ئەگەر هەیە ئەمریكا جارێكی تر عێراق لەسزاكانی سەر ئێران ببەخشێت

عیراق

25/04/2019‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر هەیە ئەمریكا وڵاتی عێراق جارێكی تر لەسزاكانی سەر ئێران ببەخشێت، ئەوەش بەپێی قسەی ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق.

حەسەن فەدعەم، ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەئەگەرێكی زۆرەوە واشنتۆن بڕیاری مۆڵەتی لێخۆشبوونی عێراق لەسزاكانی سەر ئێران نوێدەكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: كۆمیتەی پەیوەندییە دەرەكییەكان بەتەواوی هێز و دەسەڵاتی و لەڕێگەی پەیوەندیەكانی خۆیەوە گوشارەكان بۆ سەر لایەنی ئەمریكا دەستپێدەكات تا وڵاتی عێراق لەم سزایانە ببەخشرێت و بڕیاری لێخۆشبوونی مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت وغازی ئێراندا بۆ وڵاتەكەی نوێ بكاتەوە.

فەدعەم ڕوونیشیكردەوە، لەئێستادا بەرژەوەندییەكانی عێراق بەستراوە بەئێرانەوەو رایگەیاندووە "ئێمە سنوورێكی دوورودرێژ و كاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆرمان لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە".

هەروەها وتیشی، لەقازانجی عێراق نییە كە لەئێستادا لەدژی ئێران بێت و ئەم سزانەی ئەمریكا لەدژی ئێران قبوڵ بكات، چونكە وڵاتی عێراق لەئێستادا غازی شل و كارەبا بەڕێژەیەكی زۆر لەم وڵاتەوە هاوردە دەكات و لەئێستاشدا كە بەرەو وەرزی گەرما دەڕۆین، پێویستییەكی زۆرمان بە وزەیەكی وەك كارەباو غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگە كارەبایەكانی وڵاتمان هەیە.

جەختیشیكردەوە، لەئێستادا ئێمە لانیكەم دواكاریی نوێكردنەوەی شەش مانگیتر بڕیاری لێخۆشبوون لە سزاكانی سەر وڵاتی ئێران، بۆ ئەم چەند مانگ گەرمایەی وەرزی هاوین دەكەین.

كۆشكی سپی ڕۆژی دووشەممە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی وڵاتانی كڕیاڕی نەوت، لە ماوەی دوو هەفتەی تردا بەكۆتا دەگات و چیدی هیچ وڵاتێك لە سزاكانی سەر وڵاتی ئێران و مامەڵەكردن لەگەڵ بەشی وزەی ئەم وڵاتەدا نابەخشرێت.

وەرگێڕان: یاسین نادر