لە ترسی تۆڵەسەندنەوە بەشێك لە مسوڵمانانی سریلانكا ماڵەكانیان بەجێدەهێڵن

جیهان

25/04/2019‌ 882 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەدان مسوڵمانی سریلانكا لە شارۆچكەی نیجۆمبۆ لەسەر كەناری رۆژئاوای سریلانكا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دوای رووداوەكانی تەقینەوە خوێناوییەكان ، گرژی و ناكۆكی تایەفی لەو وڵاتە سەریهەڵداوە.

سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەكان باسیان لەوە كردووە، كە سەدان مسوڵمانی پاكستانی نیشتەجێی شارێكی فرە رەگەز و تێكەڵی سریلانكان و دەكەوێتە باكووری كۆڵۆمبۆی پایتەختی سریلانكا، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵكی ناوچەكە هەڕەشەی تۆڵەلێكردنەوەیان لێكراوە ، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە .

عەدنان عەلی، كە پاكستانییەكی مسوڵمانە لەكاتێكدا خەریكی سەركەوتنی یەكێك لەو پاسانە بوو بۆ جێهێشتنی ناوچەكە دەیوت دوای ڕوودانی تەقینەوە خوێناوییەكان ، خەڵكی مەدەنیی  ناوچەكە پەلاماری ماڵەكانیان داوین ،  ئێستا ئێمە نازانین بۆ كوی دەچین .

هەروەها فەرح جەمیل، كە پاكستانییەكە لە تائیفەی ئەحمەدیی باسی لەوە كردووە، كە ئەو ئافرەتەی خاوەنی ئەو خانووە بوو كە تێیدا نیشتەجێ بووین دەریكردین .

ئەو كەسە پاكستانییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەكاتێكدا لەگەڵ خەڵكێكی زۆری مسوڵمان كۆببووینەوە بۆ ئەوەی سواری ئەو پاسانە بین بۆ جێهێشتنی ناوچەكە و رۆیشتن بۆ شوێنیكی سەلامەت ، خەڵكی ناوچەكە پێیان گوتین " لێرە بڕۆن ، بۆكوێ پێتان خۆشە بڕۆن ، بەڵام لێرە نەمێنن؟.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی