هەوڵی دەستگیركردنی چەند كەسێكی تری نزیك لەشاسوار دەدرێت
لەناو كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە گومانلێكراوەكان دەست بەسەر چەندین تۆماری ڤیدیۆیی‌و دەنگی دروستكراو گیراوە

کوردستان

25/04/2019‌ 4390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای سكاڵای ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی دەركرد بۆ چەند كەسێكی نزیك لەشاسوار عەبدولواحید، كە یەكێكیان سكرتێری شەخسییەتی.
 
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئەمنی‌و ئاگادار بۆ شارپرێس، شەوی رابردوو بە فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە ئەو كەسە دەستگیركراوە و دەستگیراوە بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئەو كەلوپەلانەی، كە گومان دەكرێت بەكارهێنرابن بۆ هەڕەشە كردن لەپەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ و تۆماركردنی وێنە و دەنگ لە كات و شوێنی نەشیاودا.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئێستا ئەو تۆمەتبارە و كەرەستە گومانلێكراوەكان، لەبەردەستی ئاسایشدان، كە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید ناوی ر . ش‌و دوای لێكۆڵینەوە چەند زانیارییەكی ئاشكراكردووەو ناوی چەند كەسێكی تریشی هێناوە.

لەگوێرەی لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكان و كەیسی حزبی نەوەی نوێ، جیابوونەوەی باڵەكانی ناو نەوەی نوێ و هەڕەشەكردنی نەوەی نوێ لە ئازادیی و سەربەخۆیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارەكانی، لەژێر پرۆسەیەكی وردی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دایە.

هەر بەگوێرەی سەرچاوەكە، لەناو ئەو كۆمپیتەرو مۆبایل‌و ئامێرانەی دەستی بەسەردا گیراوە، چەندین تۆماری ڤیدیۆیی سێكسی‌و دەنگی‌و وێنە هەبوون، كە بەشێكی زۆر لەو گرتەو تۆمارانە بێ‌ ئاگایانە گیراون، یان بەشێكیان دروستكراون بۆ هەڕەشە بەكارهێنراون.

چەند رۆژێكە كێشە لەناو نەوەی نوێ‌ دروست بووە، دوای دروستبوونی كێشەكانیش رۆژی چوار شەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌، رایگەیاند هەرەشەی ئەوەی لێكراوە، كە تۆماری سێكسی بڵاودەكرێتەوە، دوای ئەوەش سكاڵای تۆماركرد.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە دوای ناوهێنانی چەند كەسێك هێزە ئەمنییەكان بەفەرمانی دادوەر دەستیان بەلێكۆڵنەوەی ورد كردووە، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەش دەستنیشانبكرێن‌و دەستگیربكرێت، هەروەها لێكۆڵینەوە لەوەش دەكرێت، كە ئەو تۆمارە دەنگی‌و ڤیدیۆییانە چۆن تۆماركراون.

هـ ـ ح