دۆخی تەندروستی عومەر حەسەن بەشیر تێكدەچێت

جیهان

25/04/2019‌ 838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێشتا ڕۆژنامە سودانییەكان ڕاپۆرتەكانیان سەبارەت بە تەندروستی عومەر بەشیر سەرۆكی پیشووی سودان بڵاودەكەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكی ناوبراو لە دەرئەنجانی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان لە لایەن ئەنجومەنی سەربازی سودانەوە لەسەر ‌كارلابرا.

ئەمرۆ 5 شەممە ڕۆژنامەی ((ئاخر لەحزە)) ی سودانی نووسیویەتی كە سەرۆكی لەكارخراو دۆخی تەندروستی بەرەو خراپی چووە ، لە چەند سەچاوەیەكیشەوە كە ناوی نەبردوون ڕایگەیاندووە كە بەشیر بەدەست چەند نەخۆشییەكەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وا پێویست دەكات لە دەرەوەی بەندیخانە بێت.

ئێستا بەشیر لە بەندیخانەی ((كوبر)) دایە لە سودان ، دوای لەكارخستنی دەستگیركرا، ئەمەش دوای چەند مانگێك لە ناڕەزاییە جەماوەرییەكان لە چەند شارێكی سوداندا.

ڕۆژنامەكە ڕوونیشیكردەوە تیمێكی تەندروستی، كە لە 5 پزیشك پێكهاتوون و بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی بەشیر دەكەن كە پسپۆریان لە بوارە‌كانی ((هەناو، لووت، گوێ،قوڕگ، میشك، دەمارەكان، دڵ، ئێسك)) دا هەیە.

سەرچاوەكی ئاماژەی بەوەشدا، كە ((دۆخی تەندروستی بەشیر لەم قۆناغەدا دەرفەتی ئەوەی پێ نادات لە بەندیخانە بمێنێتەوە)).

ڕۆژی 4 شەممەش ڕۆژنامەی (ئینتبا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ڕایگەیاند كە باشبوونێك لە دۆخی تەندروستی بەشیردا بەدی دەكرێت و بە شێوەیەكی ڕێكخراویش ژەمە خۆراكەكانی دەخوات.

میدیا ناوخۆییەكانی سودان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە ڕایانگەیاندبوو كە بەشیر لە دۆخێكی دەروونی سەخت دایە و تووشی جەلدەیەكی سوكی دڵ بووە، دواتر چارەسەر كراوە و گەڕێندراوەتەوە بەندیخانە.

سەرچاوە: سكای نیوز
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر