پێشێلكاری گەورە لەموچەی خانەنشینیی گەورە بەرپرسانی عێراق هەیە

عیراق

25/04/2019‌ 966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەران دیوانی چاودێری دارایی راسپاردوە بەوردبینی كردن لەموچەی خانەنشینی سەرجەم فەرمانبەرەكانی پێشوو، لە دوای ساڵی 2003 ەوە.

ئەم بڕیارە پاش ئەوە هات دیوانی چاودێری سەركەوتوو بوو لە ئاشكراكردنی ئەو پێشێلكارییانەی لە مووچەی خانەنشینیی بەرپرسە گەورەكاندا هەبوە، پاش ئەوەی بڕیار بوە لەو بڕەش زیاتر بكرێت، لە كاتێكدا فەرمانگەی خانەنشینی پەیمانی داوە لەم مانگەوە جیاوازی بڕەكان لە مووچەكانیاندا ببڕێت.

لەم بارەیەوە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی رایگەیاندوە: فەرمانگەكەیان ماوەیەكە دەستی بە ورد بینی كردن كردوە لە دۆسیەی مووچەی بەرپرسە گەورەكانی وەك ئەندامانی كۆمەڵەی نیشتمانی و ئەنجومەنی حوكم و ئەندامانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان و وەزیرەكانی پێشوو، لەبەر هەستیاری ئەم دۆسیەیە و پاراستنی گیانی ئەوانەی تیایدا كار دەكەن و رووبەروونەبونەوەی فشارەكان، كاتی خۆی نوسینگەی سەرۆك وەزیران بۆ ئەم بابەتە راسپێدرابوو.

ناوبراو ئەوەشی وتووە، تیمی راسپێدراو سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێن لە پرۆسەی وردبینیەكەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و وەرگرتنی هەزار دۆسیە وەك نمونە، پاشان راپۆرتەكەی بەرز كردەوەو سێرەی هەڵەی زۆر لەم دۆسیانەدا هەبوەو بڕێكی زۆر زیاتر لە مووچەی خانەنشینیان بۆ خەرج كراوە، ئەوەشی روون كردۆتەوە وەرگرتنی ئەو نمونەیە لە وردبینیەكه، دەركەوتوە 53 ملیار دینار بە فێرۆ دراوە؛ لە ئەنجامی زیادە لە مووچەكانیان و تەواو نەركردنی دۆسیەی هەندێكیان وەك نەبوونی بڕوانامە یاخود نەبوونی تەسدیق كردن لەسەری. 

لەهەمان كاتدا سەرۆك وەزیران عادل عبد المهدی ئەم دۆسیەی لە ئەنجومەنی وەزیران خستۆتە روو بۆ ئەوەی رێكارو ئاراستەی خۆی وەربگرێت لەگەڵ رێنماییی كردنی دیوانی چاوێدری بە گەڕانەوەی پارە زیادەكان، جگە لەوەی دەبێ ئاشكرا بكرێن و هیچ شتێكی نهێنی لەم دۆسیانەدا نەمێنێت.

سەرۆكی دیوان ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە سەرۆك وەزیران لە میانی كۆبونەوەیەدا لەگەڵ لیژنەی روبەروبونەوەی گەندەڵی لە ناوەراستی كانونی دووەمی ئەمساڵدا، نوسراوێكی دەركردوە بۆ جێبەجێكردنی تێبینیەكانی دیوان و گەڕاندنەوەی پارە زیادەكانی ساڵی رابردوو بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك لەو بڕیارە ببەخشرێت، پاشان وەزارەتی دارایی پێشنیار كردوە كە دەتوانرێ ئەو بڕە پارانە بۆ پارەداركردنی ناوچە هەژار نشینەكان سوودی لێ وەربگێرێت.

ناوبراو ئاشكرای كردووە دەستەی نیشتمانی بۆ خانەنشین كردن بڕیارێكی دەركردوە بە لێبڕینی (500 هەزار دینار) ی مانگانە لە مووچەی خانەنشینیەكەیان بۆ هەر سوود مەندێك.بەڵام دیوانی چاوێری دارایی لەسەر ئەم پێنشیارە رەزامەند نەبوە و هەمواری كردۆتەوە بە شێوەیەك نابێت لە ملیۆنێك دینار كەمتریان لێ ببڕێت؛ بۆ ئەوانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە و لەم مانگەشەوە جێبەجێبكرێت، جگە لەوەش ئەم دۆسیەیە بە بەردەوامی كاری تێدا دەكرێت بەبێ هیچ دەستێوەردانێك.

سەرۆكی دیوان ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئەنجومەنی نوێنەران دیوانی چاودێری دارایی راسپاردوە بە پێویستی بوونی وردبینی كردن لەسەرجەم فەرمانبەرەكانی پێشوو، لە دوای ساڵی 2003 ەوە، سەرەرای ئەوەش یاسای بودجەی ئیتحادی بۆ ساڵی 2019 ئەم بابەتەی تێدا دووپاتكراوەتەوە، لەماوەیەكی نزیكدا رێككەوتن لەسەر كارە یەكەمینیەكانی ئەم بابەتە دەكرێت؛ كە پێویستی بە دابین كردنی ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەر هەیە بۆ ئەوەی بە خێرایی یەكلا بكرێتەوە. 

سەرچاوە: رۆژنامەی الصباح
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا