ئاو.. باشترین ڕێگا بۆ كەمكردنەوەی كێشی زیادەی لەش

جیهان

26/04/2019‌ 1040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەشێكی زۆری خەڵك ئاگاداری ئەوە نین، كە خواردنەوەی ئاو لەسەر سكی خاڵی یەكێكە لە ڕێگا هەرە ئاسانەكان بۆ زاڵبوون بەسەر كێشی زیادە ، كە لەم چەرخەدا بەشێكی زۆری خەڵك لەجیهاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن .

پێگەی گۆڤاری " فۆكۆس" ی ئەڵمانی باسی لەوە كردووە، كە رۆژانە خواردنەوەی ئاو لەسەر سكی خاڵیی یارمەتیدەرە بۆ  دابەزاندنی كێشی زیادەی لەش .

پێگەكە بڵاویكردەوە، ئەگەر راستەوخۆ لەدوای هەستان لەخەو پەرداخێكی گەورە ئاو بخورێتەوە ، ئەوە كاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندرووستی دەبێت ، لەبەر ئەوەی خواردنەوەی ئاو لەسەر گەدەی بەتاڵ پرۆسەی نوێبوونەوە و پاككردنەوەی خانەكان چالاكدەكات ، كە شەوانە جەستە خۆبەخۆ ئەو پرۆسەیە دەكات ، ئەوە جگە لەوەی جگەریش بەهێز دەكات . 

هەروەها پێگە بڵاویكردەوە، دەڵێت دەبێت هەموو بەیانییەك ئاو بخوریتەوە و نابێت ساردیش بێت .

هەر لەو چوارچێوەیەدا لیكۆڵینەوەیەكی پێشووتر  ئەوەی دەرخستووە كە رۆژانە خواردنەوەی ئاو لەسەر گەدەی بەتاڵ كێش دادەبەزێنێت ، بۆ ئەوەش پێگەی "میدیكڵ نیوز تودەی" ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە خواردنەوەی ئاو وادەكات كالۆری جەستە زیاتر بسووتێت ، ئەوە سەرباری ئەوەی ئارەزووی خوردنیش كەم دەكاتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی