بایدن داوا لەئەمریكییەكان دەكات رێگە نەدەن ترامپ ببێتەوە بەسەرۆكی ئەمریكا

جیهان

26/04/2019‌ 734 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆ بایدنی جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، بەشێوەیەكی فەرمی دێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكاوە لەساڵی 2020.

لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا، كە لەسەر یوتیوب بڵاوبووەتەوە بایدن دەڵێت: لەپێناو گیانی ئەو گەلە دێینە ناو هەڵبژاردنەكانەوە. 

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێسیش بایدن داوای لە دەنگدەرە ئەمەریكییەكان كردووە رێگە نەدەن بۆ جارێكی تر دۆناڵد ترامپ ببێتەوە بەسەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا .

بایدنی تەمەن (٧٦ ساڵ) چۆتە ناو لیستێكی دوورودرێژی پاڵێوراوە دیموكراتەكان ، ئەوانەی خواستی ئەوەیان هەیە ببنە پاڵێوراوی پارتی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەساڵی ٢٠٢٠.

بایدن دەبێت بە یەكێك لە سیاسییە هەرە شارەزاكان لە كێبڕكیی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا ، ئەوە جگە لەوەی دوای بێرنی ساندرزی تەمەن (٧٧ ساڵ ) دەبێتە دووەم پاڵێوراوی بەتەمەن .

تەنانەت پێش ئەوەی بایدن كە ماوەی ٨ ساڵ جێگری باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بووە،  بەشێوەیەكی فەرمی رایبگەیەنێت خۆی دەپاڵیوێت  ، لە زۆربەی راپرسییەكانی ناو دەنگدەرانی پارتی كۆماری لەپێشی پێشەوە بوو.

راپرسی "رێلكلێر پۆلیتیكس"ئەوەی دەرخستووە كە بایدن ٢٩،٣% دەنگەكانی بەدەستهیناوە ، دوای ئەوە سیناتۆری سەربەخۆ ساندرز بەڕێژەی ٢٣% ی دەنگەكانی هێناوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی