ســاڵانــە ٢٠ هــەزار تـونـدرەو دزە دەكـەنـە ناو وڵاتانی ئـەوروپـاوە

جیهان

26/04/2019‌ 380 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی هەواڵگری روسیا باسی لەوە كردووە، كە ساڵانە ٢٠ هەزار توندڕەو بەپاساوی داواكردنی مافی پەنابەری دەچنە ئەوروپاوە.

لیوا سێرگی كۆفالیۆڤ نوێنەری ئیدارەی هەواڵگری گشتی دەستەی گشتی سوپای روسیا رایگەیاند، بەپێی زانیارییەكانمان ساڵانە نزیكەی ٢٠ هەزار كەسی توندڕەو بەپاساوی داواكردنی مافی پەنابەری دزە دەكەنە ناو ئەوروپا ".

كۆفالیۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە دیاریكردنی ناسنامەی تیرۆریستەكان ئەركێكی زۆر سەختە تەنانەت سەبارەت بە سیخوڕە  پیشەگەرەكانیشەوە ، لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری كۆچبەران دەڵێن ناسنامەكانمان لێ بزر بووە.

ئەو بەرپرسەی هەواڵگری روسیا راشیگەیاند، ئەو تیرۆریستانەی وەك ئاوارە دێن ، هەر زوو لەگەڵ بارودۆخی نوێی نیشتەجێبوونیان لە ئەوروپا رادێن و دەست دەكەن بە راهێنان بۆ چالاكی تیێكدەرانە ، هەرچی كاری تیرۆریستیشە ئەوە دەكەوێتە سەر ئەو شارەزاییەی كە لەو ناوچانە بەدەستیان هێناوە كە شەڕ و ململانێی چەكداری تێدا بووە ،یەك لەو جێگایانەش ئەفریقیایە .

كۆفالیۆڤ دەڵێت: زۆربەی ئەو كۆچبەرانەی دێنە ئەوروپاوە لە وڵاتانی ئەفریقاوە دێن ، بەپلەی یەكەم كۆنگۆی دیموكرات و بۆركینا فاسۆ ، مالی ، نایجیریا ، سۆماڵ ، باشووری سودان ، ئەفریقیای ناوەراست و ئەریتیریا .

ئەو بەرپرسە روسییە ئەوەشی راگەیاندووە، لەسەركارلابردنی موعەممەر قەززافی ساڵی ٢٠١١ بەهۆی دەستتێوەردانی سەربازی وڵاتانی رۆژئاوایی ، كۆسیستەمی ئاسایشی كیشوەری ئەفریقای لەرزاند و كۆماری جەماهیری لیبیای پێشووی كە " پاڵپشتی سەقامگیری هەرێمیی" بوو گۆڕی بۆ رێرەوێك بۆ كۆچبەرە ناشەرعییەكان و بازرگانی چەك و ماددە هۆشبەرەكان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی