ڕاپەڕینێك دژی ئەردۆغان بەڕێوەیە

جیهان

26/04/2019‌ 3398 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی روسیا، كە لەسەنتەری بڕیاری وڵاتەكەییەوە نزیكە‌ بەردەوامە لە بایەخدانێكی بەرفراوان بە لێدوانە كتوپڕەكانی ئەحمەد داودئۆغڵۆی سەرۆك وەزیری پێشووی توركیا، كە ئاماژەی بۆ دەركەوتنی سەرەداوی پەرتبوونێك كردووە لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپیدانی فەرمانڕەوای توركیا، ئەمەش لە سۆنگەی پەیوەندییە دانسقەكانی نێوان فلادیمیر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ، هەروەها ترس لەوەی بەهۆی گۆڕانكارییە سیاسییە ناوخۆییەكانی توركیاوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرەو مۆسكۆ كاریگەریان بكەوێتەسەر.

سەرباری ئەوەی ڕۆژنامەگەری ڕوسیا پێشبینی ئەوەیان كردووە بەم نزیكانە و بە پاڵنەری سیاسی و ئابووری ناوخۆیی ، ڕاپەڕینێكی حزبی دژ بە ئەردۆغان بێتەئاراوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هۆشداریان داوە لەوەی نەیارەكانی سەرۆكی توركیای وەك ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە فیتی خودی ئەردۆغان ڕێوشوێنی تەمێكردن و تۆڵەسەندنەوەی دڵڕەقانەیان لە لایەن ئەندامانی پارتی فەرمانڕەواوە لە دژ بگیرێتەبەر.

دوای دوڕاندنە گەورەكەی  هەڵبژاردنە ناوخۆییەكەی ئەم دوایەی توركیا، باس و خواسی ئەوە لەگۆڕێیه،‌ پەرتبوونیكی گەورە لە ڕێزەكانی پارتەكەی ئەردۆغان ڕووبدات و پارتێكی تازەش دابمەزرێت.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئەحمەد داود ئۆغڵۆ گووتی هاوپەیمانی نیوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی زیانی بە پارتی داد و گەشەپێدان گەیاندووه، لاوازی ئاستی كاری پارتەكەشی لە دوا هەڵبژاردنەكاندا بۆ ئەو هاوپەیمانییە گەڕاندووە، ‌بەوەی پارتی داد و گەشەپێدان سیاسەتەكانی خۆی گۆڕیوە بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ پارتە نەتەوەییەكان.

لە دوای سێ ساڵ وازهێنانی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەمە یەكەمجارە داود ئۆغڵۆ ناڕەزایی دژ بە سیاسەتی ئابووری حزبەكەیی  و كۆت و بەندی سەر میدیاكانی‌ دەردەبڕێت ، ووتیشی ئەم سیاسەتە زیانی بە جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵات و دامەزراوەكان گەیاندووە.

ڕۆژنامەی ئۆڕۆئاسیا دیلی لەژێر ناونیشانی یاخیبوویەكی پارتی فەرمانڕەوا : داود ئۆغڵۆ پێكۆڵی (ئاڵێنگاری) ئەردۆغان دەكات،  ووتارێكی بڵاوكردۆتەوە و كەناڵی ئاسمانی ڕوسیای ئەمڕۆ وەریگێڕاوە، ووتارەكە باس لە  دەركەوتنی نیشانەكانی پەرتبوونێك دەكات لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیادا، بەرپرسیاریەتی ئەمەشی خستۆتە ئەستۆی ئەردۆغانەوە. 

وتارەكە وایدەبینێت كە داود ئۆغڵۆ ڕووبەرووی سەركردەیەك دەبێتەوە كە نەیارە بەهێزەكانی خۆی بەزاندوون و لە هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی پێشووش دەربازی بووە. 

پێشتریش ئەردۆغان چەندەهاجار ئەندامانی پارتەكەی لە ئاكامی ناپاكیكردن ئاگادار كردۆتەوە، ئەو لە ڕابردوودا لێبووردە نەبووە بەرامبەر بوونی بەرهەڵستكاران لەناو پارتەكەیدا.

ئاژانسەكانی هەواڵی سەر بە حكومەتەكەی ئەردۆغانیش هیچ شتێكیان لە بارەی  تێبینییە دەستنووسەكانی داود ئۆغلۆ بڵاونەكردۆتەوه،‌ هەروەك میدیا ڕۆژئاواییەكان باسی لێوە دەكەن.

بە گوێرەی ڕۆژنامە ڕوسییەكەش،  ئەمە نیشانەیەكی دڵنیاكەرەوەیە‌ لەوەی بەمزووانە سەرۆك وەزیری پێشووی توركیا ڕووبەڕووی قورسترین ڕێوشوێنی تەمێكردن دەبێتەوە لە لایەن  هاوڕێكانی ناو حزبەكەی.

لە بەرامبەریشدا "ئیگۆر سوبوتین" لە ووتارێكیدا بە ناونیشانی "ڕاپەڕین دژ بە سەرۆكی توركیا لە ئامادەسازیدایە" كە لە ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا" بڵاویكرۆتەوە و كەناڵی ئاسمانی"ڕوسیای ئەمڕۆ"وەریگێراوە نووسیویەتی: سەرۆكی توركیا پشتیوانییە جەماوەرییەكەی لەدەست دەدات، نەك هەر لە نێو دەنگدەرەكانیدا، بەڵكو لەنێو ئەندامانی پارتەكەشیدا گڵۆڵەی كەوتۆتە لێژی".

ئەو شڕۆڤەكارە ڕوسییە پێشی وایە هۆكارەكە بوونی تەنگژەیەكە لەناو دەزگا حیزبییەكەی ئەردۆغاندا. 

چاودێرانی سیاسی بە بایەخێكی گەورەوە لەو بەیاننامەی داد ئۆغڵۆ دەڕواننبە بە سەركێشی لەقەڵەم دەدەن، لەسەر ئەو بنەمایەی ئەردۆغان زۆر دوورە لەوەی ڕای بەرهەڵستكارێكی بەرامبەر قبوڵ بكات.

هەر لەو بارەشەوە تەیمور ئەحمەدۆفی شارەزای ناو ئەنجومەنی كاروباری نێودەوڵەتی ڕوسیا كە لە ئەنقەرە نیشتەجێیە ووتی: " بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیری پێشوو كۆششێكە بۆ دووبارە جوڵاندنی هێزە ڕاستڕەوە كۆنەپارێزەكان بەرەو ئەسڵی خۆیان". 

ڕوون و ئاشكراشە ئەم ڕووداوە بۆ ئەردۆغان واتای دابەشكردنی دەسەڵاتە، چونكە داود ئۆغڵۆ خاوەن بەرزەفڕی (تموحات) خۆیەتی، بگرە كاكە و برالەشی لەگەڵ سەرۆكی توركیادا هەیە و دەیەوێت یەكلایی بكاتەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی تا ئێستا هیچ كەس بە ئاشكرایی باس لەو بابەتە ناكات.

لە لایەكی دیكەوە سەختە بڵێین "داود ئۆغڵۆ ئومێدێكی گەورەی هەیە: بە گشتیش لەم ساڵانەی دوایدا دۆخی سیاسی بە تەواوی گۆڕاوە ، ئێستا داواكاری دیكە هاتونەگۆڕێ لە كۆمەڵگادا. ئایا داود ئۆغڵۆ دەتوانی بە شێوە ڕاستەكەی ئەو ئاراستە تازانە بخوێنێتەوە؟  سەركەوتنی داود ئۆغڵۆ لەسەر ئەو ڕاست خوێندنەوەیە بەندە".

ئەحمەدۆف گومانیشی لەوە هەیە كەسانێك لە ناو پارتی فەرمانڕەوای توركیادا هەبن  بتوانن ڕێكخراوێكی سیاسی سەربەخۆ لە ئەردۆغان دابمەزرێنن. سەرنجی بۆ ڕاستییەكیش ڕاكێشاوین كە لەم چەند ساڵەی دوایدا پەرستنی ئەردۆغان لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێداندا بۆتە بشێك لە ناسنامەی ئەو حزبە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر