نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا رادەگەیەنێت

sharpress.net

453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

28/04/2019‌

شارپرێس:
مایەی خۆشحاڵیمانە ئەو كۆبوونەوەیە هاوبەشە لەنێوانماندا ساز دەكرێت، كە لە راستیدا یەكەم كۆبوونەوەیە لەم جۆرە، چونكە پێشتر لیژنەی ئابووری، كە بڕیاری لە سیاسەتی ئابووری وڵات دەدا و بەڕێوەی دەبرد، لەكوردستان كۆنەدەبوونەوە، بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەتان زۆر بەرز دەنرخێنین و بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین، وەزیرەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە تەشریفیان هێناوە، بەخێربێن. 

ئەو قسانە، قسەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، ئەوەش لەمیانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندێكی عێراق، كە هەروەها رایگەیاند، دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە خۆی لە خۆیدا سازدانی ئەو كۆبوونەوەیە بەڵگەی ئەوەیە ئێمە بڕوامان بە چارەسەری كێشەكانە بە گفتوگۆ و لەیەكتر گەیشتن. دووبارە سوپاستان دەكەم بۆ ئەو بڕیارە بەجێیە بۆ سازدانی ئەو كۆبوونەوەیە لەپێناو چارەسەركردنی پرسەكان.

سەرۆكی حكومەت راشیگەیاند، وەك هەمیشە و ئێستاش بڕوامان بە گفتوگۆ هەیە، ئەو ستراتیجییەی ئێمە بڕوامان پێیەتی ئەوەیە، كە دەبێت هەموو پرسەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی فیدراڵ بە گفتوگۆی بەردەوام لە بەغدا و لە رێگەی بە‌غداوە لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بكرێن، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕوامان-ە بە هاوبەشی دروستكردن و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

باسی لەوەش كرد، لە هەرێمی كوردستان ئەوانەی لە حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی برامان جەنابی كاك دكتۆر عادل عەبدولمەهدی بەشدارن، رۆڵێكی گرنگ دەگێڕن لە جێبەجێكردنی روانگەی هاوبەش و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیران.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لێرەشەوە بڕیاری لیژنە بەڕێزەكەتان بە سازدانی ئەو كۆبوونەوەیە لە هەولێر و هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی هەرێم زۆر بەرز دەنرخێنین.

ئەوەشی راگەیاند، رێككەوتن لەسەر یەكخستنی رسومات هەنگاوێكی گرنگبوو بۆ بە چوارچێوەكردنی سیاسەتی هاوبەش، گرنگ دروستكردنی بنەماو چوارچێوەیەكە بۆ كاركردن، هەرچەند دەزانین لە جێبەجێكردن و شرۆڤەكاندا هەندێك كێشە هەیە، بۆیە ئەركی ئێمەیە كە بەگیانی هەماهەنگی هاوبەش ئەم ئاستەنگانە تێپەڕێنین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، لەسەر بنەمای دەستوور كە بڕوامان پێی هەیە، هەوڵ دەدەین كێشەكانی وەك نەوت، ناوچە كێشە لەسەرەكان و كۆمەڵێكی زۆری یاساكان كە سیستەمی فیدراڵی وڵات رێكدەخەن، چارەسەر بكەین، كەواتە كاری زۆرمان لەپێشە بە گفتوگۆ و مامەڵە لەگەڵ یەكتركردن دەتوانین چارەسەریان بكەین.

هـ ـ ح





ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved