تاقیكردنەوەیەكی قورس بۆ سیستەمی دادوەری
گومان دەكرێت كەیسەكەی شاسوار بەسەفقەی سیاسی پەردەپۆش بكرێت

کوردستان

30/04/2019‌ 2965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆسیەی تۆمەتباركردنی شاسوار عەبدولواحید بە هەڕەشەكردن لە شادی نەوزادو پەرلەمانتارانی تر بەوەی ڤیدیۆی سێكسیان بڵاو دەكاتەوە، سیستمی دادوەری و سیاسی هەرێمی كوردستانی خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسەوە. چاودێران دەڵێن: ئەگەر دەسەڵاتێك نەتوانێ بەرگری لە كچە پەرلەمانتارێك بكات كە خاوەنی پارێزبەندیی یاساییە، ئەیچۆن دەتوانێ ژنانی دیكە بپارێزێت؟

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی هەفتەنامەی “زەمەن” پرسیاری چاودێران و رای گشتی ئەوەیە ئایا دادگاو دامودەزگا ئەمنییەكان و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بێلایەنانە دادگەریی كەیسەكە دەكەن یان “بە سەفقەیەكی سیاسی لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید كەیسەكە دیزە بەدەرخۆنە دەكەن؟”.

رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە “زەمەن”ی راگەیاند: ئەو كارەی‌ بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە كراوە، ناحەق و ناڕەوایەو لیژنەی مافی مرۆڤ چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكانی دادگای سلێمانی دەكات لەو كەیسەدا.  هەكاری وتی: “دەمانەوێ بزانین دادگا بە چ ئەنجامێك دەگات، چونكە ئەو جۆرە هەڕەشانە كاریگەرییان دەبێ لەسەر سومعەی هەرێم و تەنانەت كاری پەرلەمانتارییش”. 

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، مەترسی ئەو هەڕەشانەی لە شادی كراوە، تەنیا بۆ شەخسێك نییە، بەڵكو نامەیەكی هەڕەشەئامێزە بۆ سەر ژیانی هەمووان.

رۆژی ٢٤ی نیسان، شادی نەوزاد كچە پەرلەمانتاری تەمەن ٢٩ ساڵان‌ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم بینای پەرلەمانی كوردستان، بە نیشاندانی نامەیەكی هەڕەشەئامێز كە بۆی نێردرابوو، ویژدانە زیندووەكانی كۆمەڵگای كوردستانی هەژاند كاتێ رایگەیاند: لەسەر هەڵوێستی سیاسی هەڕەشەی لێكراوه ‌كە گرتە ڤیدیۆیی ساختەی سێكسی بڵاودەكرێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی شادی نەوزاد كۆی سیستمی سیاسی و دادوەری هەرێمی كوردستانی خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسەوە، لەم رۆژانەدا زۆر كەس پرسیاری ئەوەدەكەن ئەگەر دەسەڵاتێك نەتوانێ بەرگری لە كچە پەرلەمانتارێك بكات كە خاوەنی پارێزبەندیی یاساییە، ئەیچۆن دەتوانێت ژنانی دیكە بپارێزێت؟

ئێستا پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە بەهۆی ئەوەی هەڕەشە لە ئەندام پەرلەمانێك كراوە، دەبێ پەرلەمان تا یەكلاییبوونەوەی دۆسیەكەی شادی نەوزاد لەسەر هێڵ بێ و فشار دروست بكات بۆ ئەوەی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەكان و دادگاكان ئەركی یاسایی خۆیان جێبەجێ بكەن و نەهێڵێت دۆسیەكەی بكرێتە قوربانی ململانێی سیاسی و بازرگانی. بە تایبەت كە ئێستا شادی نەوزاد چ وەك ئەندام پەرلەمانێك و چ وەك هاوڵاتییەكی ئاسایی كە مافی پێشێل كراوەو هەڕەشەی لێكراوە سكاڵای تۆمار كردووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە بەوەی تا چەندە دەسەڵاتی هەیە بەسەر دامودەزگا ئەمنییەكانی سلێمانیدا، حكومەت دەبێ زەمینە بڕەخسێنێ كە دادگا بەبێ ئەوەی بكەوێتە ژێر فشاری هیچ لایەنێكەوە ئەركی یاسایی خۆی جێبەجێ بكات. ئەگەر لە ماوەی داهاتوودا دۆسیەكەی شادی  لەژێر فشاری سیاسیدا بەلاڕێدا برا لە دوو حاڵەت بەدەر نییە، یان ئەوەیە حكومەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ دەسەڵاتێكی نییە و یەكێتییە كە خاوەنی دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەرییە لە سلێمانی، یان ئەوە دەسەلمێنێ كە حكومەت خۆی  رۆڵی هەبووە بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەلاڕێدا بچێ یان فەرامۆش بكرێت.

داواكاری گشتی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدایە، لە دوای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی شادی نەوزاد، داواكاری گشتی سلێمانی سكاڵای لەسەر ئەو كەسانە تۆمار كردووە كە هەڕەشەیان لەو پەرلەمانتارە كردووە. بەڵام ئەركی داواكاری گشتی بەمە كۆتایی نایەت، بەڵكو دەبێ تا یەكلاییبوونەوەی دۆسیەكە لەسەر هێڵ بێ و رای گشتیش دڵنیا بكاتەوە لەبەرەو پێشچوونی دۆسیەكە بە تایبەت كە ئێستا بە وتەی دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، بە فەرمانی دادوەر خاوەنی ئەو ژمارە تەلەفۆنە دەستگیركراوە كە نامە هەڕەشەئامێزەكەی ناردووە بۆ شادی نەوزاد و دەستبەسەر كۆمەڵێك كەلوپەلی ئۆفیسەكەشیدا گیراوە، ئەو كەسەش كە دەستگیركراوە ئاشكرایە كە بەڕێوەبەری نووسینگەكەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە.

بە هەمانشێوە دادگای سلێمانی و دامودەزگا ئەمنییەكانی سلێمانیش لەبەردەم تاقیكردنەوەیەی قورسدان، لەماوەی رابردوودا لەناو رای گشتی دا گومانی ئەوە دروست بووە كە دادگاكان سەربەخۆ نین بە تایبەت لەو كەیسانەی كە ئاراستەیەكی سیاسیان هەیە، تەنانەت ساڵی رابردوو كاتێك دۆسیەی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند ورووژێنرا ئەو دەنگۆیە لەناو رای گشتیدا بڵاوبوویەوە كە شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای نالیا و سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، “هەندێك لە دادوەرەكانی كڕیوە”. هەربۆیە ئێستا دۆسیەكەی شادی نەوزاد سەنگی مەحەكێكی باشە بۆ ئەوەی دادگای سلێمانی هەموو ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە كە نە لەژێر فشاری حیزبی دەسەڵاتدا دۆسیەكە بەلاڕێدا دەبات و نە دادوەرەكانیشی لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە كڕدراون، چاوەڕوانی خەڵك ئەوەیە دادگای سلێمانی بە شێوەیەكی سەربەخۆ بەپێی یاسای دۆسیەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە بە وتەی وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەڕێوەبەری نووسینگەكەی شاسوار عەبدولواحید بە فەرمانی دادوەرو بەپێی مادەی دووی یاسای خراپ.