گرتە ڤیدیۆییەكە بەتەكنیكێكی ئاڵۆز وێنەگیراوە
ئەبوبەكر بەغدادی لەبیابانەكانی عێراق خۆی حەشارداوە

جیهان

01/05/2019‌ 2810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی "دەیلی تێلیگراف" ی بەریتانی ڕاپۆرتێكی سەبارەت بەڤیدیۆ تازەكەی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوی داعش بڵاوكردووەتەوە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە سەرباری ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەكانی میدیاكان لەمەڕ‌ كوشتن و برینداربوونی سەركردەكەی داعش بەهۆی هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا‌وە، كەچی بەغدادی لەگرتە ڤیدیۆیەكەدا وا دەردەكەوێت كە تەندروستی باشە.

بەپێی راپۆرتەكە ، بەغدادی لە چلەكانی تەمەنیدایە و لە دیارترین كەسە داوكراوەكانی ناو لیستە نێودەوڵەتییەكان و دەزگا هەواڵگرییە ڕۆژئاواییەكان دایە، بێگومان ئەو دەزگایانە شیكردنەوە و لێكدانەوە بۆ چركە بە چركەی گرتە ڤیدیۆیەكە‌ دەكەن وەك هەوڵێك بۆ زانینی ئەو شوێنەی ڤیدیۆكەی لێ تۆمار كراوە.

ڕاف ساشێز، كە نووسەری ڕاپۆرتەكەیە‌ و پەیامنێرێكی‌‌ پسپۆڕی‌ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە  دەڵێت: "باوەڕە باوەكەی ڕۆژئاوا وایە، كە بەغدادی لە ناوچەیەكی بیابانی عێراقی‌ نزیك سنوری سوریا خۆی حەشارداوە".

پەیامنێرەكە دەشڵێت: بەغدادی باسی لە ڕووداوەكانی  سودان و سوریا و جەزائیر كردووە، باسی لە هەڵبژاردنەكانی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش كردووە، ئەمەش واتای ئەوەیە‌ گرتە ڤیدیۆیەكە تازە وێنەگیراوە.

شانشێز ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ، كە گرتە ڤیدیۆییەكە بەتەكنیكێكی ئاڵۆز وێنەگیراوە، بەكامێرای تەكنیك بەرزیش گیراوە و مایكەكانیش زۆر هەستیارن، سەرباری ئەوەش، گرفتە ڤیدیۆكە بەشێوەیەكی پیشەگەر دابەشكراوە بەسەر هەموو لایەكی ژوورەكەدا، كە دیوارەكانی بە پەڕۆی سپی داپۆشراون، ئەمەش لە زۆرینەی گرتە ڤیدیۆییەكانی ڕێكخراوی داعش پەیڕەو دەكرێت.

سەرچاوە: سومەرییە نیوز
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر