لەعێراق لەمانگی چوار 103 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە 7 ملیار دۆلار فرۆشتووە

عیراق

02/05/2019‌ 607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس،
وەزارەتی نەوتی عێراق تێكرای هەناردەی نەوت و داهاتەكەی بۆ مانگی نیسان راگەیاندو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، نرخی هەر بەرمیلێك نەوت ٦٧ دۆلاری ئەمەریكی تێپەڕاندووە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو گەیشتۆتە ١٠٣ ملیۆن و ٩٨٨ هەزار و ٨٥٣ بەرمیل ، داهاتەكەشی گەیشتووەتە ٧ ملیار و ١٠ ملیۆن و ٨٧١ هەزار دۆلار.

سەبارەت بەبڕی ئەو نەوتەی لە كێڵگەكانی ناوەراست و باشووی عێراقەوە هەناردە دەكرێت جیهاد رایگەیاندووە، تێكڕای نەوتی خاوی هەناردەكراو لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووی عێراق گەیشتووەتە ١٠٠ملیۆن و ٦٣٥ هەزار و ٩ بەرمیل.

هەرچی نەوتی خاوی كەركووكە وتەبێژی نەوتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو برەی لە كێڵگەكانی كەركوكەوە لەو مانگەدا هەناردە كراوە ٢ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار بەرمیل بووە ، هەروەك لە كیڵگەی گەیارەشەوە ٧٨٣ هەزار و ٨٤٤ بەرمیل هەناردەكراوە.

هەروەها جیهاد ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، رۆژانە بەتێكرایی ٣ ملیۆن و ٤٦٦ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە ، كە تێكرای هەناردەكردنی نەوت لە بەندەرەكانی بەسرەوە ٣ ملیۆن و ٣٥٤ هەزار بەرمیل بووە ، لە بەندەری جەیهانی توركیشەوە رۆژانە بەتێكرایی ٨٦ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە ، لە كێڵگەی گەیارەشەوە رۆژانە ٢٦ هەزار بەرمیل هەناردە كراوە.

عاسم جیهاد باسی لەوەش كردووە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ مانگی نیسان ٦٧،٤١٩ دۆلاری ئەمەریكی بووە.

هـ ـ ح