ڕاستییە تاڵەکان لە سووریا

sharpress.net

2832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

02/05/2019‌

شارپرێس:

لە چوار ساڵی ڕابردوودا، ڕابەرایەتیی بەرپەرچدانەوەیەکی جیهانییم کرد لە کاتی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و هەوڵێکی سەرکەوتوویش بوو لە تێکشکاندنی داعش لەناو دڵ و جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ببوو بە پەناگەیەک بۆ ڕاکێشانی جیهادییە بیانییەکان و بنکەیەکیش بۆ دەستپێکردنی هێرشی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا. کارکردن وەک نێردەی تایبەتی "باراک ئۆباما و دۆناڵد ترامپ" و، دواتریش یارمەتیی دامەزراندنی هاوپەیمانێتییه‌کم دا کە گەورەترین هاوپەیمانی بوو لە مێژووی خۆیدا: ٧٥ وڵات و چوار ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی لەخۆ دەگرت، هاوکارییەکانیان لەسەر بنەمای سەرکردایەتیی ئەمریکا داڕێژرابوو و ئیدارەی ئەمریکایش بەردەوامیی پێ دەدا. ڕاستییه‌كه‌ی، ستراتیژی تێکشکاندنی خەلافەتی داعش لە لایەن ئۆباماوە گەشەی پێ درا و دواتریش جێبەجێ کرا و بەردەوام بوو، پاشان بە کەمێک دەستکارییەوە، ترامپ تیشکی خستە سەر بەهێزکردنی چەکدارە خۆماڵییەکان بۆ ئازادکردنەوەی شارەکان لە چنگی داعش و ڕەخساندنی دۆخێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.  


هەر لە سەرەتاوە، ستراتیژەکە وا داڕێژرابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەک بە شێوازێکی چالاک لە ناوچەکە بمێنێتەوە لە دوای تێکشکاندنی داعش، بەتایبەت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ئێستادا ٢٠٠٠ هێزی تایبەتی ئەمریکیی تێدایە و هاوشان لەگەڵ ٦٠٠٠٠ چەکداری تری سووری هاوپەیمانییەک پێک دەهێنن کە بە "هێزەکانی سووریای دیموکرات" ناسراون، بەڵام لە کۆتاییی دێسه‌مبەری ٢٠١٨دا دۆناڵد ترامپ کۆتاییی بەو ستراتیژە هێنا. دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ترامپ لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"، ترامپ سورپڕایزێک دەکات و فەرمانی کشانەوەی هەموو سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا دەدات؛ پێدەچێت ئەم بڕیارە ڕەچاوی دەرەنجامەکانی نەکردبێت.
هەر لەو ساتەوەی ترامپ بڕیار و پلانەکەی گۆڕیوە تاکوو چرکەساتی نووسینی ئەم وتارەیش، نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا ماون و ٢٠٠ی تریش لە "ئەل تەنف" ماون کە بنکەیەکی دوورەدەستە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا. ئیدارەی ئەمریکا دەخوازێت بەپەلەپروزکێ ئەندامانی تری هاوپەیمانان شوێنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بگرنەوە بەڵام ئەگەر ئەم پلانە نوێیە مەترسیی زیاتری هەبوو، ئەوا ئەرکی سەربازانی وڵاتانی تریش کەمێک زیاتر دەکات بۆ هەمان ئەو ئەرکەی کە سەربازانی ئێستای ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیگێڕن، کە دە ئەوەندە زیاترە لە سەربازانی تری وڵاتانی هاوپەیمان.  


زۆرێك دوودڵن لەبارەی کشانەوەکەی ئەمریکا، بەڵام هەرچییەک بێت چەند سەربازێک هەر دەمێننەوە. بڕیارەکەی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی یەکجارەکیی شوێنپێی سەربازە ئەمریکییەکان لە سووریا، پێناچێت پێچەوانە بکرێتەوە و لێی پەشیمان بێتەوە. ئەرکی ئێستا ئەوەیە بڕیار لەوە بدرێت، پێویستە کێ لە سووریا بێت؟ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت چی بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە سووریا، تەنانەت لە کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە چەند مانگی داهاتوودا؟ خراپترین شت کە واشنتۆن بیکات، خواستی کشانەوەیەتی؛ کشانەوەی تەواوەتی یان بەشێکی سەربازەکان کێشە نییە، ئەمە تەکتیکێکی کشانەوەیە و پێویستی بە گۆڕان نییە؛ ناکرێت هەموو پرس و بابەتەکان بگۆڕێت.
ئەو ستڕاتیژەی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە لایەن "ترامپ"ەوە پێشکەش کراوە، تاکە دەرفەتی ڕاستەقینەیە بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەک ئامانجی تێکەڵ و ئاڵۆز لە سووریادا. ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هاوسەنگی لە نێوان ئێران و تورکیادا و دانوستان بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی دوای جەنگ لەگەڵ ڕووسیادا، لەگەڵ بەجێهێشتی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا؛ زۆرێک لەو ئامانجانە بوونی نابێت و نامێنێت.


واشنتۆن لە ئێستادا، دەبێت دونیابینییەکانی خۆی کورت بکاتەوە. دەبێت تیشک بخاتە سەر پاراستنی تەنیا دوو بەرژەوەندی لە سووریادا: ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و، وەستاندنی ئێران لە دامەزراندنی هێژموونێکی بەهێزی سەربازی کە ڕەنگە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل. بەبێ دەسەڵاتی کرداری، گەیشتن بەو دەرەنجامانە پێویستی بە چارەسەرێکی ئازاربەخش و زۆرە. بەڵام لە بەرامبەریشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وای دادەنێت کە هیچ شتێک نەگۆڕاوە؛ شکستهێنان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە و زیاتر داپۆشینی لە پڕۆسەکەدا، زۆر خراپتر و ترسناکترە بۆ ئەمریکا. ئەمە دەرمانێکی تاڵە بۆ هەوکردنەکەی لە دوای ئەو هەموو بەرەوپێشچوونەی چوار ساڵی ڕابردوو، بەڵام بژاردەکانی تریشی لا برد؛ بۆیە ئەمریکا پێویستە ئەو دەردەی خۆی تیمار بکات.


سەرکەوتن بەسەر خەلافەتدا
لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤دا، داعش لە پێشڕەوەیدا بوو. ئەو گرووپە نزیکەی ٤٠٠٠٠ میلی چوارگۆشەی لە خاکی عێراق و سووریا دەستبەسەردا گرتبوو؛ ئەو ڕووبەرە بەقەد ویلایەتێکی وەک "ئیندیانە"ی ئەمریکا دەبێت، کە ٨ ملیۆن خەڵکی لێ دەژی. داهاتی ساڵانەیان ١ تریلیۆن دۆلار بوو. ئەو گرووپە خۆیان بە خەلافەت وێنا دەکەن، وەک بنەمایەک بۆ پلان و جێبەجێکردنی کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ئەوروپا و هاندانی ئەوانەی هاوسۆزیانن بۆ ئەنجامدانی هەمان کردەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. داعش لەسەر ئەو خاکەی کە داگیری کردبوو خەڵکی دەکوشت، ئەتکی دەکردن و دەیکردن بە کۆیلە و، بە بێباوەڕ و کافریشی دادەنان، بەتایبەت مەسیحی، کوردەکان، شیعەکان و ئێزدییەکان و ئەو سوننانەی کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیی داعشدا هاوڕا و تەبا نەبوون. سەرەڕای ئەو دڕندایەتییە، ئەو گرووپە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەیان هەموو هەوڵێکیان دا. لە نێوان ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧، زیاتر لە ٤٠٠٠٠ هەزار کەس لە ١٠٠ وڵاتی جیاوازی دونیاوە گەشتیان بۆ سووریا کردووە بۆ پەیوەندیکردن بە داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تر کە لە جه‌نگی ناوخۆی سووریادا تێوە گلاون.


من لە هاوینی ٢٠١٤وە لە عێراق بووم. کاتێک داعش شاری مووسڵی گرت و دواتریش بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد، تەنانەت ستافی باڵیۆزخانەی ئەمریکا چۆڵیان کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ خراپبوونی دۆخەکە. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان خۆیان بۆ یارمەتیدانی بەرپەرچدانەوە و جەنگی عێراقییەکان لە بەرامبەر داعشدا ئامادە دەکرد. دوای چەند مانگێک لە سەرکەوتن، ئێمە هاوپەیمانێتییه‌كی فراوانمان لە حکوومەتەکانی جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێک هێنا. پلانی هاوپەیمانان تێکەڵەیەک بوو لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی داعش و دەستپێشخەریکردن بۆ یارمەتیی مرۆیی و سەقامگیری، بەتایبەت ئەوانەی کە بە هۆی داعشەوە ئاوارە بووبوون و پێویستییان بە پەناگە و گەڕانەوە بوو لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە.


هەڵمەتی ئەمریکا لە دژی داعش هەرگیز "جه‌نگێکی بێکۆتایی" نەبووە و نایشبێت
هەر لە سەرەتاوە دیپلۆماتە ئەمریکییەکان ئاشکرایان کردبوو کە ئەم هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە هەڵمەتێکی کراوە نابێت بۆ بونیادنانی دەوڵەت یان دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئامانجەکە تەنیا بۆ تێکشکاندنی داعش و یارمەتیدانی هێزە ناوخۆیییەکانە بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانیان لە دوای تێکشکاندنی داعشدا.


لەم ڕوانگەیەوە، هەڵمەتەکە سەرکەوتوو بوو. لە چوار ساڵی دواتردا داعش زۆربەی خاکەکەی لەدەست دا کە دەستی بەسەردا گرتبوو. زۆربەی سەرکردەکانی کوژران. لە عێراق چوار ملیۆن هاووڵاتی گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوو. ڕێژەی گەڕانەوە لە دوای هەر ململانێ و توندوتیژییەکی نوێوە، نابەرامبەر و بێشومار بوو. پار، عێراق هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجام دا و حکوومەتێکی نوێ پێک هات و دەستبەکار بوو. ئەوانەی کە پاڵپشتیی ڕۆژاوایان دەکرد لەناو ئەو حکوومەتەدا، تیشکی زیاتریان خستە سەر یەکپارچەیی و یەکبوونی وڵاتەکە. لە سووریادا، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەتەواوی داعشیان ڕاماڵی و لە خاکەکەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا پاکیان کردەوە و، بەرنامەی سەقامگیریی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا یارمەتیی سوورییەکانی دا بۆ گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان و ماڵەکانیان. لە ڕەققە، پایتەختی پێشووتری داعش، ١٥٠٠٠٠ هاووڵاتی کە لە کۆی ٢٠٠٠٠٠ ئاوارە بووبوون، تاکوو کۆتاییی ٢٠١٨ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.


بەکورتی هەڵمەتی ئەمریکا دژ بە داعش، هەرگیز "جەنگێکی بێکۆتایی" نەبووە و نایشبێت؛ ئەمە جۆرە ئیدانەکردنێکی ترامپ بووە لە مانگی شوباتی ٢٠١٩دا لە یەکێک لە وتارەکانیدا. هەروەک ترامپ ڕاشکاوانە لە وتارەکەیدا ئیدانەی کرد، هەر لە سەرەتاوە بۆ تێوەگلانی ئەمریکا و دانی تێچوونەکەی، وا داڕێژرابوو. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، زۆربه‌ی جه‌نگەکە عێراقی و سوورییەکان دەیکەن نەک ئەمریکییەکان. لەو لایشەوە، هاوپەیمانانیش باجەکەی دەدەن، نەک بەتەنیا واشنتۆن. بەپێچەوانەی داگیرکردنی عێراقی ساڵی ٢٠٠٣وە لە لایەن ئەمریکاوە، ئەم هەڵمەتە پاڵپشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی زۆری ویست.  


لە سەروبەندی ٢٠١٨دا، هەڵمەتەکە لە هەڵبەز و دابەزدا بوو. جەستەی خەلافەت، نزیک بوو لە تێکشکان و هاوپەیمانانیش جەنگی دژ بە داعشیان بەرەو کۆتایی دەبرد. هەرچەندە، بڕیاربەدەستانی ئەمریکا پلانیان بۆ ئەم جەنگ و پڕۆسەیە دانابوو، چەند مشتومڕێک هەبوو لەناو حکوومەتدا لەبارەی ئەوەی کە ئەمریکا چەند لە سووریا بمێنێتەوە و بڕیار و ئامانجەکانیشی لەو وڵاتەدا چی بێت.


هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەت ئەوانەی لە پێنتاگۆنن، تیشکیان دەخستە سەر تەواوکردنی ئەرکە ڕاستەقینەکە کە تێکشکاندنی داعش بوو لە سووریا. ئەمەیش به‌ مانای تێکشکاندنی خەلافەت بوو و دواتر مانەوەیان بۆ ماوەیەکی تر و یارمەتیدانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و پاراستنی خاکەکە و ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش. بەڵام ئەوانی تر، بەتایبەت "جۆن بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ترامپ بۆ پرسی ئاسایش، پێی وا بوو کە هێزەکانی ئەمریکا دەبێت لە سووریادا بمێننەوە هەتاکوو هەموو هێزەکانی ئێران سووریا بەجێ دەهێڵن و جه‌نگی ناوخۆی سووریا چارەسەر دەکرێت. ئەمە دەبووە هۆی فراوانبوونی ئەرکەکە و پێویستبوونی پابەندبوونێکی لەڕاددەبەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام ئەمە شتێک بوو ترامپ دژی وەستایەوە.


هیچ کەسێک لە حکوومەتی ئەمریکا بەرژدی گفتوگۆی لەسەر نیوە کشانەوەی هێزەکان نەکردبوو؛ زیاتر پاڵپشتیی ئەو بیرۆکەیان دەکرد کە واشنتۆن بتوانێت بەئاسانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕابگەیەنێت و دواتر سووریا جێ بهێڵێت. لە ١١ی دێسه‌مبەری ٢٠١٨، من لە سەکۆی وەزارەتی دەرەوە وەستابووم و سیاسەتی بەرپرسانی ئەمریکام لە سووریا ڕوون کردەوە بەم شێوەیە: "هەڵەیە ئەگەر ئێمە تەنیا بڵێین داعش تەنیا لە ڕووی هێزەوە تێک شکاوە و دەبێت ئێستا سووریا بەجێ بهێڵین." دوای هەشت ڕۆژ ترامپ لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕای گەیاند: "ئێمە بەسەر داعشدا سەرکەوتین و کوڕەکانمان، ئافرەتە گەنجەکانمان، پیاوەکانمان دەگەڕێنەوە وڵات." ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ، بووە مایەی پەشێوی و بێباوەڕیی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن. بەرپرسانی ئەمریکا، لەوانە خۆم، ئەو گۆڕانی لەناکاوەمان بۆ هاوبەشەکانمان ڕوون کردەوە. دوای چوار ساڵ لە یارمەتیدان بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکە، تێ گەیشتم کە مەحاڵە ئەم بڕیارە نوێیە وەک خۆی و بە شێوازێکی کاریگەر جێبەجێ بکرێت و بۆیە لە ٢٢ی دێسه‌مبەردا دەستم لە کار کێشایەوە.  
سەرەتای کۆتایییەکە
ئەو کاتەی ترامپ ڕاگەیاندنەکەی بڵاو کردەوە، خەلافەتی داعش تەنیا چەند شارۆچکەیەکی بەدەستەوە مابوو و سووریا لە سات و کاتی بەرپابوونی جەنگە ناوخۆیییەکەیەوە لە ٢٠١١دا، بە کەمترین ئاستی توندوتیژیدا تێ دەپەڕی. وڵاتەکە هەنگاوی بەرەو ئەوە دەنا کە بەرپرسانی ئەمریکا پێیان دەگوت "کۆتاییی دەوڵەتی کاتی" و بە شێوەیەکی کاتی لە نێوان سێ زۆنی باڵادەستی هێزە گەورەکاندا دابەش ببوو. 


یەکەم زۆن و گەورەترینیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە کۆنتڕۆڵ کرابوو. ئەم زۆنە لە دوو لەسەر سێی خاکی وڵاتە پێک دەهات؛ ڕەنگە ٧٠%ی دانیشتووانی وڵاتەکە لەگەڵ زۆربەی شارە گرنگەکانی وەک دیمەشق و حەلەب پێک بهێنێت. چەک و تفاقی سەربازی و پاڵپشتیی دارایی، لە هێزێکی گەورەی وەک ڕووسیا و هێزە هەرێمییەکانی وەک ئێران وەردەگرێت. دووەمیان زۆنی ئۆپۆزیسیۆنە و باکووری ڕۆژاوای سووریا دەگرێتەوە. زۆربەی ئەو ناوچەیە ئێستا ڕێکخراوی "تەحریری شام" کە سەر بە قاعیدەیە، تێیدا باڵادەستە و تورکیا پاڵپشتییان دەکات. سوپای تورکیا هێڵی ئاگربەستەکە دەپارێزێت کە ئانكارا دانوستانی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا لەبارەوە کردووە، کە هێڵێکی جیاکراوەیە لە کەناری ڕۆژاوای زۆنی تورکیاوە لە ناوچەکانی ژێردەستی ڕژێمی ئەسەدەوە. سێیەمیان زۆنێکە "هێزەکانی سووریای دیموکرات" تێیدا باڵادەستن کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانه‌وه‌ پاڵپشتی دەکرێن. ئەو ناوچەیەی کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا پێک دەهێنێت وزەیەکی زۆری تێدایە، سامانێکی کشتوکاڵیی گەورەی هەیە و دانیشتووانەکەیشی نزیکەی ٤ ملیۆن کەسە؛ فەڕەنسا، بریتانیا و ئەمریکا هێزی تایبەتیی خۆیان لەو ناوچەیە هەیە و هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە دەیانپارێزن و یارمەتییان دەدەن و لە بەرنامەی سەقامگیریی ناوچەکەدا بەشدارن. ئەمریکا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا "تەناف"یش کۆنتڕۆڵ دەکەن کە پێشتر پەناگەی داعش بوو. لە کاتێکدا توندوتیژییەکان لە سووریا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا نزم دەبێتەوە، سنوورەکانی نێوان ئەم زۆنانە لەسەر مێزی دیپلۆماسیی هێزە گەورەکان پتەوتر دەبێت. لەگەڵ هەبوونی هێزی پیادە و باڵادەستیی بەسەر یەک لەسەر سێی ئەو وڵاتەدا، ئەمریکا لە پێگەیەک بوو ڕۆڵێکی گرنگی لە داڕشتنەوەی قۆناغی سووریای دوای جەنگ دەگێڕا.


دیپلۆماسیی هێزە گەورەکان
پێشینەی سەرەکی بە لای دیپلۆماتە ئەمریکییەکان، گەیشتن بوو بە سەقامگیری لەگەڵ تاکە یەک هێزی گەورە لە سووریادا کە ئەویش ڕووسیایە، بەتایبەت لە دوایین ڕێکخستنی خاکی سووریا و کاریگەریی لەسەر زۆنی ئەمریکا. واشنتۆن هەر لە سەرەتای دەستوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا لە ٢٠١٥دا، لەگەڵ مۆسکۆ لە گفتوگۆی دوولایەنەدا بوو. سەرەتا ئامانج ڕێگریکردن بوو لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ڕووسیا. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم گفتوگۆیە بوو بە سەکۆیەک بۆ واشنتۆن بۆ نەخشەکێشانی سنووری ئاشکرا و وێناکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆ هێزەکانی سووریا و ڕووسیا و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەکرێت سنووردار بکرێت. ئەمە سەری گرت، چونکە ئەمریکا ویستی هەبوو و توانیی ئەم سنوورانە بکێشێت. لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا، فڕۆکەکانی ئەمریکا میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی بۆردوومان کرد کاتێک کە لە بنکەی "تەنف" و ئەمریکییەکان نزیک دەبوونەوە. دوای چەند مانگێک، فڕۆکەکانی ئەمریکا فڕۆکەیەکی شەڕکەری سووری دەخاتە خوارەوە، کاتێک هەوڵی داوە بچێتە زۆنی باکووری ڕۆژهەڵاتی نزیک لە بنکەی ئەمریکا و لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا، هێزەکانی ئەمریکا گرووپێک لە بەکرێگیراوی ڕووسیای تێک شکاند کە هەوڵیان دەدا دەست بەسەر ئەو بیرە نەوتانەدا بگرن کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەربازە ئەمریکییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.


لە پاییزی ٢٠١٨دا، ئەمریکا خۆی بۆ دانوستانێکی چڕ لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر دوو پرسی سەرەکی ئامادە دەکرد: یەکەمیان: واشنتۆن هەوڵی دەدا ڕووسیا هان بدات بۆ ناچارکردنی ڕژێمی سووریا بۆ هاریکاریکردنی گفتوگۆی ئاشتییانە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرا کە بە "پڕۆسەی جنێف" ناسرابوو. ئەم پڕۆسەیە لە ٢٠١٢وە دەستی پێ کردبوو و کە من گومانم لێی هەبوو ئەنجامێکی هەبێت، بەڵام بۆ یەکەم جار لە دوای چەندین ساڵ، ژمارەیەک بەرەوپێشچوون هاتە پێشێ، وەک کەمبوونەوەی توندوتیژی لە سووریا، ئامادەییی ئەمریکا لە سووریا و بەهێزبوونی کەناڵی دیپلۆماسیی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دەرفەتێکی دا بە پڕۆسەکە، بە لایەنی کەمەوە هەندێک سەرکەوتنی بە دوای خۆیدا هێنا.


ئەگەر پڕۆسەی جنێف بەربەستی دروست نەکردبا، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەبوو ڕێگه‌ی دووەمی دانوستانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا بۆ ناوبژیوانی و ڕێکكەوتن لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕژێمی سووریا ئامادە بکردبایە. ئەم ڕێککەوتنە، دەبوو ڕێگە بە گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان بدات لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە، وەک قوتابخانە و نەخۆشخانە بۆ ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستی بەسەردا گرتووە، ئەگەرنا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خواستی ئەوەیان هەبوو دەوڵەتێکی بچووک لە باکووری سووریا چێ بکەن و مافە سیاسییە بنەڕەتییەکانیش بە دانیشتووانی ناوچەکە ببەخشن. بەرپرسانی ئەمریکا ناوبژیوانیی دەرەنجامی "گەڕانەوە بۆ دەوڵەت، نەک گەڕانەوە بۆ ڕژێم"یان دەکرد. هەر ڕێککەوتنێک دەبوو ڕێگەی بە ئەمریکا بدابایە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە ئاسمانییەکانی و ئاسانکاری بۆ بنکەی سەربازی لە ناوچەکە، تاکوو گوشارەکانی بۆ سەر داعش و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی گرووپە تونداژۆکان سەر بگرێت. ئەمەیش وەک پلانێکی پێشوەختە، دەبوو خواستی بەشێک لە سوورییەکانی لەبەرچاو بگرتایە کە بە درێژاییی ماوەکە لەپاڵ هاوپەیمانان جەنگاون و زامنی سەلامەتی خۆیان کردووە. هەروەها دەبوو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی سووریایش، بگەڕێتەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، یارمەتیدانی هێزە ناوخۆیییەکان و کەمکردنەوەی مەترسیی تونداژۆکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەربازە ئەمریکییەکان. هەرچەندە ڕووسیا لە سەرەتادا ڕازی بوو کە ئەمریکا هەتاکوو تێکشكاندنی "کۆتاییی داعش" (ئەو ڕستەیە لە کۆنفڕانسی هاوبەشی نێوان ترامپ و پووتین لە کۆتاییی ٢٠١٧دا بەکار هێنراوە/نووسەری بابەتەکە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئامادەییی هەبێت و بمێنێتەوە. مۆسکۆ دانی بەوەدا نا کە سەقامگیریی دوای جەنگ، پێویستی بە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتە. لە کۆتاییی ٢٠١٨دا پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەڵام ڕێککەوتنە پەسەندکراوەکە لەبەرچاو دەگیرا.


لەقەفەزنانی ئێران
ستراتیژی ئەمریکا لە بەرامبەر تاراندا زۆر دوژمنکارانە بوو. بوونی سەرباز و هێزی ئێران لە ناوچەی هێژموونی ڕژێمی سووریادا گرنگ بوو، ئەگەر ئەو هێزەی ئێران گەماڕۆ بدرێت، هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ئیسڕائیل و ئوردن دەبێت کە دوو هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان. تاران پەنا بۆ خواستی فراوانخوازییش دەبات لە سووریا. هێزە پڕۆکسییەکانی/بەکرێگیراوەکانی دەخوازن خۆیان بخزێننە نێو زۆنی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و ناوچەکانی دەوروبەری سەربازگەی "تەنف" کە ڕێگه‌یەکی سەرەکیی نێوان دیمەشق و بەسرەیە لە باشووری عێراق. هێزەکانی ئەمریکا تاکە ڕێگر و هەڕەشەیە لە بەردەم ئەواندا و ئەگەر لە تەنف نزیک ببنەوە ئەوا ئەمریکا هێز لە بەرامبەریاندا بەکار دەهێنێت.


ڕاگەیاندنەکەی "بۆڵتۆن" لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا تاکوو ئێرانییەکان سووریا جێ دەهێڵن، هەرگیز واقعی نەبوو. تەنانەت ئەگەر ئێرانیش لە سووریا نەمێنێت، ترامپ هێشتا ئامادە نییە لە سووریا بمێنێتەوە؛ ئەمریکا ناتوانێت و هیوا ناخوازێت ئێرانییەکان بەتەواوی لە سووریا دەربکرێن. هاوبەشیی هێزە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ سووریادا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکان؛ تاران ئەو وڵاتە بە گرنگترین هاوپەیمانی خۆی دادەنێت و گەورەترین باجیش لە پێناو پاراستنی هێژموونی لە سووریادا دەدات.


شەڕکردن لەو چاڵە سەربازییەدا (سووریا)، تەنیا لاوازبوونی متمانەی ئەمریکا و دوورکەوتنەوەی لە ئامانجە ڕاستەقینەکانی لێ دەکەوێتەوە: دەورەدانی باڵادەستیی ئێران لە سووریا، ڕێگری دەکات لە هەڕەشەکان بۆ سەر ئیسڕائیل و، بەکارهێنانی دیپلۆماسییەتیش دەبێتە ناوبڕێک لە نێوان تاران و مۆسکۆدا.


لە بەهاری ٢٠١٨دا، پووتین بەئاشکرا ڕای گەیاند کە ڕووسیا دەیەوێت هەموو هێزە سەربازییە بیانییەکان ببینێت (مەبەستی ئێران، تورکیا و هێزەکانی ئەمریکا بوو)، کە لە دوای کۆتاییی جه‌نگی ناوخۆی سووریاوە ئەو وڵاتە بەجێ دە‌هێڵن. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەستیان کرد بە قۆستنەوەی ئەو دەستپێشخەرییە و داوایان کرد ڕووسیا بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ئێرانییەکان لە ناوچە گرنگەکانی سووریا دوور بخاتەوە و لا ببات، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە لە سنوورەکانی ئیسڕائیل و ئوردنەوە نزیکن. وەک بەشێک لە دانوستانەکان، ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەوان دەتوانن ئێرانییەکان بە لایەنی کەمەوە تاکوو ٥٠ میل لە بەرزایییەکانی جۆڵان دوور بخەنەوە و ڕێگە بە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بدەن بۆ چاودێریکردن و ئارامکردنەوەی ناوچەکە. ئەگەر ڕووسیا ئەمەی ئەنجام بدابایە بۆ ڕازیکردنی ئیسڕائیلییەکان، ئەمریکایش ڕەنگە خواستی گفتوگۆکردنی بۆ کشانەوە لە هەندێک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەبووایە. ئەمریکا هەماهەنگیی لەگەڵ ئیسڕائیل کرد کە لە ٢٠١٧دا دەستیان بە هێرشی ئاسمانی کرد لە دژی هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا کە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل دادەنرا. واشنتۆن هیچ دەسەڵاتێکی یاساییی بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئێران لە سووریا نەبوو جگە له‌ حاڵەتی بەرگریکردن لە خۆی نەبێت، بەڵام ئیسڕائیل هەموو مافێکی هەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەکارهێنانی خاکی سووریا بۆ سیسته‌مە بەرگرییەکەی و تەکنەلۆژیی هێرشکردنەکەی. تێکەڵەی هێزی ڕەقی ئیسڕائیل و دیپلۆماسیی ئەمریکی و هێزی سەربازیی ئەمریکا، واشنتۆنی لە بەرامبەر ڕووسیادا بەهێز کرد. پووتین پەیوەندییەکانی ڕووسیای لەگەڵ ئیسڕائیل بە پەیوەندیی سەرەکیی دادەنا لە ستراتیژەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمریکا هەرگیز بەتەما نەبوو هەموو ئێرانییەکان لە سووریا نەهێڵێت، بەڵام بە کارکردن لەگەڵ ئیسڕائیل دەیویست بەهێزتر و باڵادەستیی زیاتر بێت لە سووریادا و، دەبوو ئەمە زامنی ڕێوشوێنەکانی هاوکاریکردنی ڕووسیای لە ڕێگرتن لە فراوانخوازیی ئێرانییەکانی بکردبایە.


خەونی عوسمانییەکان
بوونی ئەمریکا لە سووریا بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیایشدا سەخت بوو، کە هەر لە سەرەتای هەڵمەتی دژ بە داعشدا هاوبەشێکی پڕ لە کێشە بوو. لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا ئۆباما چەندین جار داوای لە ئەردۆغان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریادا کە چەکدارانی داعش و کەلوپەلی بەئاسانی و بەئازادی پێدا تێپەڕ دەبوو. ئەردۆغان هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو. لە کۆتاییی ٢٠١٤دا، تورکیا ڕووبەڕووی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بووه‌وە بۆ پاراستنی کۆبانێ وەک شارێکی کوردی لە باکووری سووریا و هێرش و هەڕەشەکانی داعش لە قڕکردنی خەڵکی مەدەنی. دوای شەش مانگ، تورکیا داوای هاوپەیمانیی بۆ پاراستنی سنوورەکانی لە شارۆچکەکان ڕەت کردەوە کە ببووە سەرچاوەیەکی لۆجیستیکی بۆ داعش وەک شارۆچکەی "تەل ئەبیەد"؛ تەنانەت دواتر دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بە تورکەکانیان گوتبوو ئەگەر ئەوان سنوور کۆنتڕۆڵ نەکەن، تێکشکاندنی داعش سەخت و مەحاڵ دەبێت.


ڕووبەڕووبوونەوەی لاساری تورکیا وای کرد، ئەمریکا زیاتر و زیاتر لە چەکدارە کوردەکانی سووریا نزیک بێتەوە کە بە "یەکینەکانی پاراستنی گەل/یەپەگە" ناسراون و بەرگرییان لە کۆبانێ کرد. هێرشی یەپەگە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە بوو لە دژی داعش لە سووریادا و هەر زوو سەلماندیان کە شارەزا و لێهاتوون لە تۆمارکردنی ناوی سەدان هەزار عەرەب کە دواتر هێزەکانی سووریای دیموکراتی لێ دروست بوو.


تورکیا ئەمریکای ناچار دەکرد کە یارمەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەدات. ئانكارا پێی وا بوو کە ئەمانە بەشێکن لە "پارتی کرێکارانی کوردستان" و لە لایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و زیاتر لە چوار دەیەیە لەگەڵ تورکیا لە جەنگدان. (ئەمریکایش لە ساڵی ١٩٩٧ه‌وە "پەکەکە"ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار کردووە). هەرچەند واشنتۆن بە هیچ جۆرێک ئەندامی یەپەگەی نەبینیوە سنوور ببڕێت و شەڕ لەگەڵ تورکیادا بکات و نە بەڵگەیەکیشی هەیە کە پەکەکە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردبێت یان چەک و تفاقی ئەمریکای بۆ تورکیا گواستبێتەوە، نیگەرانییەکانی تورکیا مایەی ئازار بوو بۆ بڕیاربەدەستانی ئەمریکا. لە ئەنجامدا، ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات سنووردار کرد؛ ئەم گرووپە بەبێ قەڵغان و کڵاوی جەنگی و تەنیا بە چەند کەرەستەیەکی سنووردارەوە دەجەنگان. (لە یەکێک لە سەردانەکانم بۆ ڕەققە، زانیم کە چەکدارانی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕانەمەڕیان بۆ پشکنین و تەقاندنەوەی مینەکانی داعش کڕیوە) دوای چەند مانگێک، ئەمریکا هەوڵی دا ئەردۆغان ڕازی بکات بە دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک هەڵمەتێک بۆ دەرکردنی داعش لە "منبج"ی شارۆچکەی سووریا کە داعش وەک تەوەرێک بۆ پلاندان و هێرشکردنە سەر ئەوروپا بەکاری دەهێنا.


واشنتۆن تەنانەت باشترین ستراتیژە سەربازییەکانی خۆی بۆ ئانكارا نارد کە ڕاهێنان و پلانی ئازادکردنی ڕەققەی بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا دەکرد. لە کۆتاییدا، ئاشكرا بوو کە پلانی هاوبەش لەگەڵ تورکیادا پێویستی بە ٢٠٠٠٠ هەزار سەربازی پیاده‌ی ئەمریکی هەیە. هەر یەک لە "ئۆباما و ترامپ" ئەو بژاردەیان ڕەت کردەوە و لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا، ترامپ بڕیاری دا بۆ دڵنیابوون لە گرتنەوەی ڕەققە و دەرهێنانی لە دەستی داعش، ڕاستەوخۆ یەپەگە پڕچەک بکات.


دیپلۆماتە ئەمریکییەکان توانییان تەنگەشەکان لەگەڵ تورکیا بەڕێوە ببەن و سوپاسی سەربازە ئەمریکییەکان بکەن لە سووریادا. ئەگەر تورکیا بیگوتبایه‌ کێشەیەک لە سنوور هەیە، هێزەکانی ئەمریکا دەبوو دڵنیا ببنەوە کە سنوورەکان ئارام و جێگیرن. (ئەمریکا چەندین جار بەرپرسانی تورکیای داوەت کردووە بۆ هاتنیان بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بینینی دۆخەکە بە چاوی خۆیان، بەڵام ئەوان ڕەتیان دەکردەوە) کاتێک تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کوردەکانی کرد لە سنوورەوە و کە دواتریش کردی، واشنتۆن ئەوەی بەبیر ئانكارا هێنایەوە کە سەربازانی ئەمریکایش لەوێ ئامادەن و ئەمریکا ئەردۆغانی دڵنیا کردەوە کە ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەکی تورکیا دەکات لە سووریادا. هەتا سەربازانی ئەمریکا لەوێ بوون، تورکیا هیچ هۆکارێکی نەبوو بۆ دەستوەردان و، ئانكارایش دەیزانی کە قوربانیدانی ژیانی ئەمریکییەکان دەرەنجامی خراپی بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتۆندا دەبێت.

 


هەرچەندە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەم بەربەستەی بەردەم تورکیا لا دەبات. لە ئێستادا مەترسییەک هەیە بۆ تورکیا لە ئەگەری دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، هاوشێوەی ئەوەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا لە عەفرین ئەنجامی دا؛ ئەو شارۆچکە کوردییەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە نەپارێزرا. سوپای تورکی لەگەڵ ئیسلامییە هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، هێرشیان کردە سەر یەپەگە و زیاتر لە ١٥٠٠٠٠ هەزار کوردیان ئاوارە کرد (نزیکەی نیوەی دانیشتووانی عەفرین) و عەرەب و تورکمانیان لە شوێنەکانی تری سووریا هێنا و لە جێگەیاندا نیشتەجێیان کردن. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرپەرچدانەوەیەک نەبوو بۆ هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە، تەنیا بەرهەمی خواستی ئەردۆغان بوو بۆ درێژکردنەوەی سنوورەکانی کە وا هەستی دەکرد بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە ساڵی ١٩٢٣دا لە ڕێککەوتننامەی لۆزاندا نەخشێنراوە. من لە کۆبوونەوەکاندا لە تەنیشت ئەردۆغان دانیشتوومە و گوێم لێ بووە کە باسی ٤٠٠ میل لە نێوان حەلەب و مووسڵی کردووە وەک "ناوچەی ئاسایشی تورکیا" و کردەوەکانی ڕەنگدانەوەی گوتەکانی بوون. لە ٢٠١٦، تورکیا بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی عێراقی و هیچ لایەنێکی تر، هێزە سەربازییەکانی لە باکووری مووسڵ بڵاوە پێ کرد؛ ئەگەر هێزە مارێنزەکانی ئەمریکا نەبوونایە، تورکیا هێزی زیاتری بڵاوە پێ دەکرد. ئەردۆغان لە ئێستادا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی عەفرین لە باکووری ڕۆژهەڵاتیشدا دووبارە بکاتەوە. ئەمە پێویستی بە ناردنی هێزە تورکییەکان هەیە کە ٢٠ میل بڕۆنە نێو خاکی سووریاوە و یەپەگەیش دەرپەڕێنن (لەگەڵ زۆرینەی دانیشتووانی مەدەنی کورد لە ناوچەکە) و ناوچەیەکی بەناو ئازاد دابمەزرێنن.


بوونی هێزەکانی ئەمریکا دەرفەتی بە دیپلۆماتە ئەمریکییەکان دەدا بۆ زامنکردنی ڕێکخستنێکی دوورمەودا ئەگەر تورکیا پێی ڕازی بێت، بەڵام دواتر بووە هۆی ڕێگریکردن لە خواستە گەورەکانی ئەردۆغان و پاراستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارە کوردییەکان. کشانەوە بەر لە ڕێکخستنێکی لەم شێوەیە مەترسی و کارەساتی لێ دەکەوێتەوە؛ داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن تورکیاوە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵكێکی زۆری مەدەنی و، تێکشکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دروستبوونی بۆشایی، کە ڕەنگە گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش جارێکی تر سەر هەڵبدەنەوە.


ڕێگەی عەرەب بۆ دیمەشق
بوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا، بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی واشنتۆن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبییش گرنگ بوو. تارماییی سێ هێزی ئیمپریاڵیی پێشووی وەک ئێران، ڕووسیا و تورکیا چارەنووسی سووریا دیاری دەکەن. زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەبێ سەرسوڕمانبوون لە پاشەکشەدان، بەتایبەت میسر، ئوردن، سعوودیا و ئیماراتی عەرەبی و زۆرینەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایش ئێستا، یان ئیسلامییەکان باڵادەستن بەسەریاندا یانیش بوونە بە پڕۆکسیی تورکیا. ئەم وڵاتانە هەوڵەکانی خۆیان خستۆتە گەر بۆ ئەوەی دیمەشق بگەڕێننەوە جیهانی عەرەبی. ئەمریکا دژی هاوپەیمانە عەرەبەکانی بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشقدا و، ویستی ئەو گوشارانەیش کەم بکاتەوە کە باس لە بەشداریی "بەشار ئەسەد" دەکەن لە دانوستانەکانی جنێڤدا. هەتا سەربازەکانی ئەمریکا لە سووریا بوون و ڕابەرایەتیی هەڵمەتە سەرکەوتووەکەیان دەکرد لە دژی داعش، دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بەدەسەڵات و هێزەوە قسەیان دەکرد، بەتایبەت کاتێک داوا لە هاوبەشە عەرەبەکانی دەکات بۆ دوورەپەرێزبوون و دوورکەوتنەوە لە ئەسەد. بوونی ئەمریکا هاوسەنگییەکی لە بەرامبەر ئێران و فراوانخوازییەکانی تورکیا دروست کرد کە وڵاتانی عەرەبی ترسیان لێی هەبوو. هەر لەم دوایییەدا و لە دێسه‌مبەری ٢٠١٨دا، واشنتۆن هاوپەیمانە عەرەبەکانی دڵنیا کردبووه‌وە کە سەربازە ئەمریکییەکان بۆ ماوه‌یەکی گرنگ لە سووریا دەمێننەوە. ئەم دڵنیاکردنەوەیە یارمەتیی زامنکردنی وەربەرهێنانێکی گەورەی سعوودیا و ئیماراتی عەرەبیی دا لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لەوانە ڕەققە.

 


بەڵێنی کشانەوەکەی ترامپ ئەم دۆخەی کۆتاییی پێ هێنا. ئەمریکا ئێستا هەوڵ بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانە عەرەبەکانی دەدات کە وەک یاریکەرێکی گوێرایەڵ وان لە سووریا و هەر لەو ساتەوەی کە ئێران و تورکیا خەریکی بەرەوپێشبردنی کارنامەکانیانن لە سووریا، ئەمریکا زۆر بەقووڵی کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە عەرەبییانە دروست کردووە و ئەمەیش بۆ دیپلۆماتە ئەمریکییەکان سەخت دەبێت، تاوەکوو بە هاوبەشە عەرەبەکانیان بڵێن کە بە دوای بەرژەوەندییەکانی ئەواندا ناڕۆن هەروەک ئەوان چاوەڕێی دەکەن، بەتایبەت کارکردن لەگەڵ ڕژێمی سووریادا. (واشنتۆن هەڕەشەی سزای بۆ سەر دەوڵەتە عەرەبییەکان کردووە بەڵام ئەو هەڕەشانە هێمایەکن بۆ لاوازی، کاتێک لە بەرامبەر دۆستەکانتدا بەکاری دەهێنیت) جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کاتێک ئیماڕاتی عەرەبی دووبارە باڵیۆزخانەی لە دیمەشق لە دوای ماوەیەکی کەم لە بڕیاری کشانەوەکەی ترامپ کردەوە. چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی تری عەرەبییش هەمان کار بکەن.


ڕاستییە سەختەکان
بوونی ئەمریکا لە سووریا، بووە هۆی وەستانەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕووسیا. دەورەدانی ئێران، سنووردارکردنی جووڵەکانی تورکیا و یەکخستنی وڵاتانی عەرەبی لە یەک بەرەدا و لە هەموویشی گرنگتر ڕێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش کرد. بڕیاری بنەڕەتیی ترامپ بە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریادا، هەموو ئەو دەستکەوتانەی ئەمریکا لەدەست دەدات. ئەم هەموارکردنە تازەیەی لە بڕیارەکەیدا، کە ڕێگە بە ٢٠٠ ڕاوێژکاری سەربازی دەدات بۆ ئەوەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بمێننەوە و ٢٠٠ی تریش لە "تەنف"، بەو هیوایەیه‌ هێزەکانی تری هاوپەیمانان لە کۆتاییدا بتوانن هاوسەنگییەک بەدەست بهێنن تاکوو دۆخەکە خراپتر نەبێت.


پلانی نوێی ترامپ، بڕیاری بنەڕەتیی کشانەوەکەی ڕانەگرتووە. لە چەند مانگی داهاتوودا، ئەمریکا ڕێژەیەکی زۆری سەربازەکانی لە سووریا کەم دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی بزانێت هاوپەیمانان شوێنی سەربازەکانی پڕ دەکەنەوە یان نا؛ ئەمەیش پلانەکە سەخت دەکات و مەترسی بۆ سەر ئەو سەربازانەیشی کە ماونەتەوە زیاتر دەکات. هێزی هاوپەیمانانی تر پێناچێت وەک پێویست بێت. لە عێراقدا، هاوپەیمانان ٢٢ هاوبەشی سەربازییان هەیە. لە سووریا سێ هاوبەشیان هەیە کە بریتین لە فەڕەنسا و بریتانیا و ئەمریکا. هێزەکانی فەڕەنسا و بریتانیا بچووکن و ئەمەیش بە هۆی گوشاری ناوخۆی وڵاتەکەیە کە نایەوێت ڕێژەی سەربازەکان بەرزتر بێتەوە. بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت، ئەرکی ئەو ٢٠٠ سەربازە ئەمریکییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێدەچێت فراوانتر بێت و بەتەنیا تێکشکاندنی داعش لەخۆ نەگرێت، بەڵکوو دەبێت پارێزگاری لە ناوچەی ئارامی نزیک لە سنوورەکانی تورکیا و بەرگری لە ناوچەی ئەمریکی لە بەرامبەر ئێران و سووریا و ڕووسیادا بکات. ئەم ئەرکەیش بەتەنیا بە ٢٠٠ سەرباز ئەنجام نادرێت، تەنانەت بۆ ٢٠٠٠ هەزار سەربازیش سەختە. داواکردن لە هێزێکی بچووک بۆ چاودێریکردنی ئەرکێکی وا ورد و فراوان، مەترسیی گەورەی دەبێت و تەنیا بە هەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکی زۆر لە ئێستادا لا دەچێت.


باشترین شت کە ئێستا ترامپ ئەنجامی بدات، پاشگەزبوونەوەیە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریادا. بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبێتەوە، ئەمریکا ناتوانێت خواستەکانی لە ڕێگەی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و دوورکەوتنەوە لە دووبارە داڕشتنەوەی ستراتیژەکەی بەدی بهێنێت. واشنتۆن دەبێت هەندێک ڕاستیی سەخت و تاڵ قبووڵ بکات. یەکەمیان، ئەسەد ناڕواتە هیچ شوێنێک و دەمێنێتەوە. ئەسەد تاوانباری جەنگە و بکوژی خەڵکانێکی زۆر و بەکۆمەڵە بەڵام لە دوایین قۆناغدا هیچ دەرفەتێک نییە کە ئەمریکا یان هەر کەسێکی تر لە کورسییەکەی لای ببات. واشنتۆن پێویست ناکات حوكمی ئەسەد قبووڵ بکات یان پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمەکەیدا هەبێت، بەڵام پێویست ناکات چیتر ئەمریکا بە سووربوون لەسەر ڕۆیشتنی ئەسەد یان چاکسازیکردن لە دەرەوەی گفتوگۆکانی جنێف متمانە و ناوبانگی خۆی لەدەست بدات، هەرچەند ئەمریکا دەتوانێت لە گوشارەکانی بۆ سەر دیمەشق بەردەوام بێت، تەنانەت سزایشی بدات، بەتایبەت سزای ئابووری، هەروەک پێشتر ڕژێم بەدەستییەوە ناڵاندوویه‌تی. لە ٢٠١١وە سووریا زیاتر لە هەموو وڵاتێک لە داڕووخانێکی ئابووریی سەختدا بووە، تەنانەت لە ئەڵمانیا و ژاپۆنی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمیش.


واشنتۆن پێویستە سزا ئامانجدارەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە سنووردارەکانی بەکار بهێنێت، بەوەی کە پەنابەرە سوورییەکان لە گەڕانەوەیان لە ئوردن و لوبنان و کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ کارکردن لە وڵاتەکەیان دڵنیا بکاتەوە، لەوانە لە ڕیزی هێزەکانی سووریای دیموکرات کار بکەن کە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای بەدەستەوەیە. بەکارهێنانی سزاکان لە ئامانجی بێبەهای وەک لابردنی ئەسەد باشترە، کە تەنیا بازاڕی ڕەش دروست دەکات و تەنیا گرووپە توندڕەوەکان لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە هۆی ئازاردانی زیاتری خودی سوورییەکانیش.


دووەمیان: ئەو ڕاستییەیە کە وڵاتانی عەرەبی لە ئێستادا پەیوەندییان لەگەڵ دیمەشقدا هەیە. نکۆڵیکردن لەم پەیوەندییە لە لایەن واشنتۆنەوە، تەنیا وڵاتانی عەرەبی نائومێد دەکات و هانیان دەدات لە پشتی واشنتۆنەوە پەیوەندییه‌ دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئەسەدا بەڕێوە ببەن. باشترین ڕێگەی بۆ ئەمریکا، کارکردنە لەگەڵ هاوبەشە عەرەبەکان بۆ داڕشتنی کارنامەیەکی واقعی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق؛ بۆ نموونە، هاندانی وڵاتە عەرەبییەکان بە مەرج پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا نوێ بکەنەوە و ڕێوشوێنی نوێ لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد بگرنە بەر وەک لێبووردنێکی گشتی بۆ هەموو ئەوانەی کە بە هۆی تەمەنی سەربازییانەوە لە وڵات ڕایان کردووە یان چوونەتە ڕیزی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە خاکی کۆنتڕۆڵکراو لە لایەن ڕژێمەوە. دۆخێکی لەم شێوەیە و نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئەسەد، قۆرخکردنی باڵادەستیی ئێران و ڕووسیایش لە سووریا کەم دەکاتەوە و تێکی دەشکێنێت.


ئەمریکا دەبێت ئەوەیش قبووڵ بکات کە تورکیا هەرچەند هاوپەیمانە بەڵام هاوبەشێکی کاریگەر نییە. دیپلۆماتە ئەمریکییەکان بەردەوام هیواخواز بوون بۆ کارکردن لەگەڵ تورکیا لە سووریادا؛ ئەوان خەونەکانی ئانكارایان بۆ بوون بە ڕژێمێکی دەسەڵاتخواز و داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ڕاماڵی. تورکیا نەیتوانی ئامانجەکەی خۆی بپێکێت. تورکیا بەر لە ڕێککنەوتنیشی لەسەر سووریا لەگەڵ ئێمەدا، هەر هاوپەیمانێکی بەکێشە بووە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئانكارا یارمەتیی ئێرانی داوە و لە ئەمریکا وەک دەوڵەت دوور کەوتۆتەوە؛ هاووڵاتیی ئەمریکیی بە بارمتە گرتووە و پرسی کۆچبەرانی لە دژی ئەوروپایش بەکار هێناوە. لە ئێستادا، دەیەوێت سیسته‌می بەرگریی ڕووسی بکرێت و بەسەر ناتۆیدا زاڵ بکات و هاوشانی چین، ئێران و ڕووسیا پاڵپشتیی "نیکۆڵاس مادۆرۆ" و ڕژێمی دەسەڵاتخوازەکەی ڤەنزوێلا دەکات. تورکیا بۆ پڕۆژە و درێژکردنەوەی هێژموونی خۆی بە قووڵاییی ٢٠ مایل لە خاکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا، پاڵپشتیی ئەمریکای دەوێت؛ تەنانەت ڕەتی کردەوە کە هیچ کاردانەوەیەک لە دژی قاعیدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بنوێنێت. واشنتۆن دەبێت بەشێک نەبێت لەو کارنامە گاڵتەجاڕییەی تورکیا. دەبێت بۆ ئانكارای ڕوون بکاتەوە کە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، تەنانەت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایش، دەرەنجامی خراپ و مەترسیداری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیادا دەبێت.


لە کۆتاییدا ئەمریکا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ڕووسیا ئێستا هێزێکی سەرەکییە لە سووریادا. واشنتۆن هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ دیمەشق و تاراندا نییە، بۆیە دەبێت کار لەگەڵ مۆسکۆدا بکات.ڕووسیا و ئەمریکا هەندێک بەرژەوەندیی بەیەکداچوو و ئاڵۆزیان هەیە لە سووریادا: هەر دوو لا دەیانەوێت سووریا بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و ناوچەی ئارام بۆ داعش و قاعیدە دروست نەبێت و هەر دوو لا پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە. قەیرانی سووریا ناتوانرێت بەبێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن چارەسەر بکرێت و ئەمریکا دەبێت کێشەکانی سووریا لەگەڵ ناحەزبوونی و کێشەکانی تری لەگەڵ ڕووسیادا جیا بکاتەوە و بخاتە لایەکی ترەوە.


گەڕانەوە بۆ واقع
بەگوێرەی ئەو ڕاستییە تاڵانەی کە باس کران، ئەمریکا ئەگەر لەو ئامانجانەی ئێستای لە سووریا بەردەوام بێت، شکست دەهێنێت. لە بری ئەوە، واشنتۆن پێویستە ئامانجەکانی خۆی بە ئامرازە تازە سنووردارەکانییەوە ڕێک بخاتەوە. دەبێت لە ئێستادا تیشک بخاتە سەر دوو بەرژەوەندی: ڕێگە نەدات ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بەهێز بێت، کە ڕەنگە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل و، ئامانجەکەی تریش ڕێگریکردنە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش. ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە ئامانجێکی مامناوەندی و دوورە، لەوەی کە "جۆن بۆڵتۆن" و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "مایک پۆمپیۆ" ئاماژەیان پێ کردووە. بەر لەوەی ترامپ بڕیاری کشانەوەکەی بدات، بۆڵتۆن ڕای گەیاندبوو: "کە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەمێننەوە تاوەکوو هەڕەشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت." لە گوتارێکیشیدا بۆ ئامادەبووان لە قاهیرە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، پۆمپیۆ ڕای گەیاند کە: "ئەمریکا دوایین سەربازی ئێران لە سووریا دەردەکات." ئەمە بە ماوەیەکی کورت لە دوای ئەوە هات کە ترامپ فەرمانی کردبوو، "دەبێت دوایین سەربازی ئەمریکا لە سووریادا بکشێتەوە." ئەم لێدوانانە بەر لە بڕیاری کشانەوەکە واقعی نەبوون و، دواتریش بۆشاییی زیاتری بە دوای خۆیدا هێنا.

 


ئەوەی کە ئەمریکا دەتوانێت و پێویستە بیکات، پشتگیریکردنی ئیسڕائیل و ڕێگەنه‌دانی ئێرانە بۆ بەکارهێنانی سووریا وەک گۆڕەپانێک بۆ هێرشی ئاسمانی لە دژی ئیسڕائیل. ئەو ئامانجە، ڕووسیایش هاوبەشە تێیدا و دوودڵیشە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئیسڕائیلدا و ڕووسیا دەیەوێت ڕێگە نەدات سووریا ببێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان ئێسڕائیل و ئێران. ئامانجی سەرەکی، ڕێگریکردنی ئێرانە لە گەمارۆدانی سووریا، کە دەکرێت وەک سەکۆیەک ڕۆڵی دیپلۆماسیی سێلایەنە لە نێوان ئیسڕائیل، ڕووسیا و ئەمریکادا بگێڕێت. ئەگەر ئەمە بە زیرەکی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەکرێت دیپلۆماسییەکی لەم شێوەیە جیاکردنەوە و دابڕانێک لە نێوان ڕووسیا و ئێران لەمەڕ پرسی سووریا دروست بکات.
زۆر سەخت دەبێت بۆ ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، چونکە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئێستادا خاکی پێشتووتری داعشیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام سەرچاوەکانیان وشک نەکراون. دەبێت ئەم هێزە ڕووبەڕووی شەڕانگێزییەکانی تورکیایش ببێتەوە لە باکوور و، لە باشووریش ئێران و سووریا و ملیۆنان خەڵکیش لەو ناوچەیە تووشی نائارامی و پەرتەوازەیی دەبن. هێزەکانی سووریای دیموکرات هەزاران داعشیان بە دیل گرتووە و لەوانەیش زیاتر لە ١٠٠٠ بیانین و ئەگەر ئازاد بکرێن، دەبن بە شانەی خەوتوو بۆ دووبارە زیندووبوونەوەی داعش. هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی بنکەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و توانا بێهاوتا هەواڵگری و لۆجیستییەکانیان پاڵپشتی و خزمەتێکی گەورەیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و ڕێگەیان داوە ببن بە هێزیكی پتەو و بەهێز. ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە و یان هێزەکانی کەم بکاتەوە لە ئێستادا، توانا سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کەم دەبێتەوە و دەپووکێتەوە؛ بەجێهشتنی ئەو گرووپە دەبێتە هۆی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ هێزە دەرەکییەکان بۆ گەیشتن بە خاکی هێزەکانی سووریای دیموکرات.


کەمکردنەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا، مەترسیی بۆ سەر گرووپە ئیتنیکەکانی نێو هێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەبێت و هێزە هەرێمییەکانیش دەست دەکەن بە تێکشکاندنی و دۆزینەوەی هاوپەیمانی نوێ، وەک ئێران و ڕژێمی سووریا بۆ هەندێک و تورکیایش بۆ هەندێک لە هێزەکانی تر. هەرچەند داعش لاواز بووە بەڵام هێشتا ئەکتەرێکی بێبەزەیی و بەدیسپلینە و بەخێرایی ئەو بۆشایییە پڕ دەکاتەوە کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دروست دەبێت. ئەگەر ئەمریکا لە سووریا بڕوات، هێزەکانی سووریای دیموکرات پێویستییان بە یارمەتیدەرێکی نوێیە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات بۆ خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و پاراستنی لە ئێران و تورکیا. بەداخەوە، تەنیا پاڵێوراو بۆ ئەمە ڕووسیایە. مۆسکۆ دەتوانێت پاڵپشتیی سەربازی و دیپلۆماسی و یارمەتییان پێشکەش بکات و لەگەڵ ڕژێمیش ڕێک بکەون و ببنە بەشێک لە سوپای سووریا و مافە سیاسییەکانیشیان زامن بکرێت. هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشتر داوایان کردبوو کە ببن بە بەشێک لە سوپای سووریا، لە بەرامبەردا دان بە مافە سیاسی و خۆجێیەکانیاندا بنرێت. هەرچەند ئەمە دەرەنجامێکی بێتام و چێژی دەبوو، بەڵام ڕەنگە ڕێگەیەکی نوێ بووایە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەو کاتەی کە داعش لەسەرپێی خۆی بوو و بەهێزیش بوو.


ڕێکخستنێکی لەم شێوەیە بێپێشێنە نییە: ئۆپۆزیسیۆنی پێشووی دژ بە ڕژێم، لەژێر پێنج فەیلەق کە ڕووسیا ڕابەرایەتیی دەکات و ئێستا لە باشووری سووریا کاری خۆیان دەکەن، دانیان پێدا نراوە. بۆ ئەم چەکدارانە و وڵاتە عەرەبییەکان کە پشتیوانییان لێ دەکەن، بژاردەیەکی باش دەبێت لە تێکشکاندنی سەربازییانەی ئێران یان ملکەچپێکردنی ئێران. (سووریا خاکی بژاردە خراپەکانە) ئەمریکا هێشتا دەتوانێت یارمەتیی دروستبوونی ڕێکەوتنێک لە نێوان ئەم بەرە و جەمسەرانەدا بدات، بەڵام دەبێت پەلەی لێ بکرێت چونکە باڵادەستی تەنیا لە چەند مانگێکدا، دۆخەکە تێک دەدات.


ئەو ئامانجە وردانە ئامانجی مامناوەندین. ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییانەن کە ترامپ لە ئەمریکادا لە چرکەساتەکانی هەڵمەتەکەیدا گەشەیان پێ دەدا، بەڵام لە بەرژەوەندیی ئێران، ڕووسیا و تورکیادایە. بڕیاربەدەستانی ئەمریکا دەبێت ئەوە قبووڵ بکەن کە باڵادەستیی ئەمریکا لە سووریا لاوازە و، دەبێت بەگوێرەی پێویست بیر لە ئامانجەکانی بکرێتەوە. باشترین ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی ئەو دۆخە بۆ سەرکردەکانی ئەمریکا، ڕێکخستنەوەی ئامانجەکان، ڕێگه‌کان و ئامرازەکانە بە تیشکخستنە سەر چ شتێک زۆر کێشەیە بۆ واشنتۆن و ڕێگریکردن لەوەی کە سووریا نەبێتە مەیدانی هێرش لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمە ئامانجێکی گرنگە و، دەکرێت بەدەستیش بهێنرێت. بەربەستی سەرەکییش ئەوەیە، ئەو ڕاستییە بزانیت و نکۆڵیی لێ بکەیت.

برێت مەکگۆڕک
ماڵپەڕى پێنوس: وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

سەرچاوە:
https://www.foreignaffairs.com






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved