دۆخی سوریا.. هەوڵەكانی ئاستانەی 12 شكست دەهێنێت

جیهان

04/05/2019‌ 792 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕوسیا و ئێران و توركیا، كە سەرپەرشتیاری ڕەووتی گفتوگۆكانی ئاستانەن، لە گەڕی 12 یەمینی گفتوگۆكان كە لە ڕۆژانی 25، 26، ئیپڕیلی 2019 سازدرا، دووبارە شكستیانهێنا لەگەیشتن بە ڕێككەوتنێك سەبارەت بە پیكهێنانی لیستی لیژنە دەستوورییەكانی سوریا. 

لە سایەی ئەم شكستەدا، ئەلیكسەندەر لافرینتییف- ی نێردەی ڕوسیا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بیرۆكەیەكی تازە بدۆزنەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەكانی تەنگژەی سوریادا، جێی باسە كە پێنوێنی لەگرێژنەچوونی دانوستانەكانی ئاستانه،‌ هەردوو دۆسیەی ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان و دۆخی ((ئیدلیب)) ن .

ڕەهەندی جۆراوجۆر
لەوانەیە بتوانین بڵێین كە شكستی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ لیژنە دەستورییەكەی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكی لەسەر ناوی 6 كەس كە لە لیستی سێیەمدان كە نوێنەرانی كۆمەڵگای مەدەنین، ڕژێمی سوریا مكوڕە لە بەرامبەر 20 نوێنەری ئۆپۆزسیۆن،‌ 30 نوێنەری خۆی لەو  لیژنەدابن، تاوەكو باڵادەستی مسۆگەر بكات، گەرەكیەتی دوو لیستەكەی دیكەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دابەش بكات بە ڕێژەی 50 بە 50 بۆ هەردووكیان.

ناكۆكی هەیە سەبارەت بە میكانیزمەكانی كاركردنی لیژنەكەش، هەریەك لە ڕوسیا و رژێمی سوریا مكوڕن لە پابەندبوون بە میكانیزمە بڕیارلێدراوەكانی كۆنگرەی سوچی لە یەنایەری 2018، ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە ڕەتدەكاتەوە، چونكە دەستەی دانوستناكاری ڕەتیان كردەووە لەو كۆنگرەیە بەشداربن، بۆیە بە دەرهاوێشتەكانیشی ڕازینین.

لە ڕاستیدا، پێناچێت گرێكوێرە ڕێوشوێنییەكان تەوەری ناكۆكی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانبن، چونكە هێشتا بەدگومانی لە هەردوولاوە بەدی دەكرێت و زاڵە بەسەر پەیوەندییەكانیاندا، ئەمەش لەو لێدوانانەدا بەرجەستە بوو كە نوێنەرانی هەردوولا لە دانوستانەكانی تایبەت بە پێكهێنانی لیژنەكە دایان. پۆتین لە مونتەدای "پشتێنە و ڕێگا" دا كە لە 27 ی ئیپڕیلی ڕابردوو لە پایتەختی چین بەسترا، جەختی لەوە كردووە كە سەرۆكی سوریا لە جەنگەكەدا سەركەوتوو بوو، ئۆپۆزسیۆن ئەو پەیامەی پۆتینی بە لاگیری ناڕەوا لە بەرژەوەندی ڕژێمی سوریا دایە قەڵەم.

لە بەرامبەریشدا ئەسەد ئۆپۆزسیۆنی بە نۆكەرایەتی دەرەوە تۆمەتبار كرد و بە تایبەتیش نۆكەرایەتی بۆ توركیا، لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆن سوریا و هاوپەیمانەكانی بە لاداری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران و حزبوڵا تۆمەتبار كرد. دواتر ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند كە هەتا دوای گەیشتنیش بە چارەسەرێك بۆ لیژنە دەستورییەكە، هێشتا گەرەنتی پیادەكردنی میكانیزمەكانی مسۆگەرنین، مادام هێزێك نییە ئەسەد ناچاری ملدان بۆ ئەو میكانیزمانە بكات.

لایەنی پەكخەر
زۆر لایەن پێیان وایە بەستنەوەی دۆسیەی ئیدلیب بە دانوستانەكانی چارەسەری كۆتایی كە ڤلادیمیر پۆتنی سەرۆكی ڕوسیا و لافرۆڤی وەزیری دەرەوەی باسیان لێوە كردوە، لێدوانی بە ئەنقەست بوون، پەیامی ڕاستەوخۆ بوون بۆ توركیا كە مۆسكۆ و دیمەشق بە لایەنی پەكخەری یەكلاییكردنەوەكەی دەزانن. ئەمەش‌ لە لێدوانەكانی بەشار جەعفەری نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەركەوت كاتێك لە پەراوێزی دانوستانەكانی ئاستانەدا ووتی : "داگیركرای توركیا بۆ خاكی سوریا، چوار ئەوەندی داگیركاری ئیسڕائیل بۆ خاكی سوریا سەخت و دژوارتره".

سەرۆكی ڕوسیا لە پەراوێزی كۆنگرەی پەكین – یش ڕۆڵی توركیای لە گەیشتن بە یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی سوریا فەرامۆشكرد و ووتی: "ئەسەد و ڕوسیا و ئێران ئەوەی لە توانایاندا بوو كردیان بۆ گەیشتن بە ئەوپەڕی چارەسەرە‌ مامناوەندەكان، ئەمەش پێچەوانەی قسەكانی پێشتری پۆتینە كە ئاماژەی بەوە كردبوو توركیا یەكێكە لە سەرپەرشتیار و چاودێرانی یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی سوریا".

نێردەیەكی تازە 
بۆ دەربازبوون لە دووبارەبوونەوەی شكستی ئاساتانە لە گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ لیژنە دەستوورییەكە، لافرینتییف لە پەراوێزی گەڕی كۆتایی دانوستانەكاندا ئەوەی دووپاتكردەوە كە: (( غیر بیدرسۆنی نێوانگیری نێونەتەوەیی ڕێگەپێدراوە بە دانانی میكانیزمەكانی كاری لیژنە دەستورییەكە، هەر ئەویش لیستەكانی لیژنە دەستورییەكە ڕادەگەیەنێت))، ئومێدیشی خواست لە وادەی ئایندەی ئاستانە 13  لە یۆلیۆی ئایندە ئەو لیستانە ڕابگەیەندرێن.

بیدرسۆن هەروەك لە قسەكانی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاندن، دیدێكی جیاوازی هەیە بۆ دانوستانەكانی ئاستانە، ئەویش فراوانكردنی گۆرەپانی گفتوگۆكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومەتە، نەك هەر سەبارەت بە لیژنەی دەستوری، بەڵكو سەبارەت بە پرسەكانی دیكەش، ئەمەش بەرجەستەی ئارەزووەكانی بیدرسۆنە كە دۆسیەی سوریا دوور لە دانوستانەكانی ئاستانە تاوتێ بكات، ئەمەش هەنگاوێكە و لەوانەیە بیدرسۆن بیەوێت لە ڕێگەیەوە دۆسیەی لیژنە دەستورییەكە لەبن دەستی ڕوسیا دەرێنێت كە دەیەویست نەتەوە یەكگرتووەكان لەو دۆسییە درووخاتەوە.

گۆرانگاری كاریگەر
ڕەووتەكانی ناكۆكییەكانی دۆسیەی لیژنە دەستورییەكە هەرچۆنێكبن، سێ ((گۆڕاو)) هەن لێكەوتەكانی خۆیان بەسەر ئاستانا و دۆسیەی لیژنە دەستوورییەكی سوریا‌دا دەسەپێنن:

یەكەم/ هەڵسەنگاندنی بیدرسۆن بۆ ڕەووتی ئاستانە، ئەمەش دوای بەشداریكردنی لە یەكەم گفتوگۆكانی و قسەكانی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش  كە ووتی ئەو میكانیزمە ئەو ئامانجە ناپێكێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆششی بۆ دەكات، ئەو كۆششەی بیدرسۆن بەندە بە توانستی خۆی لە وەئەستۆگرتنی ڕەووتێكی تازە، بە تایبەتیش كە ئاماژە هەن‌ گفتوگۆكان بگوازرێنەوە بۆ جنێف، بەچاوپۆشین لەوەی گفتوگۆكانی لیژنە دەستوورییەكی سەركەوتوو دەبن یان شكستخواردوو.

دووەم/ دۆسیەی ئیدلیب و لێكەوتەكانی هەڵكشانی سەربازی كە ڕوسیا وەئەستۆی خۆی گرتووە، بە گوێرەی زۆر بیروڕا، مۆسكۆ لە بەئامانجگرتنە سەربازییەكەیدا، نەیتوانیووە سەركەوتوو بێت لە جیاكردنەوەی "دەستەی ڕزگاركردنی شام" كە ئامانجی پڕۆسە سەربازییەكەیە لە لایەنەكانی دیكەی "ئۆپۆزسیۆنی سوریا" لە ئیدلیب. ئەمەش پێنوێنە بۆ هاتەناوەوەی هێزەكانی ڕژیمی سوریا بۆ ناو هەڵكشانە سەربازییەكە و دووبارە بەكارهێنانی بەرمیلە تەقاوەكان و جیاوازینەكردنیش لە نێوان ئەوەی روسیا پێیان دەڵێت ((ئۆپۆزسیۆنی میانەروو)) و ((ئۆپۆزسیۆنی توندڕەوو))، ئەمەش بە گوێرەی قسەكانی لافرینتییف كە ئاماژەی بەوەدا توركیا لە لەناوبردنی ئەو گروپانەدا شكستی هێناوە، ئەمەش پێنوێنێكی دیكەی تازەیە سەبارەت بە ناكۆكییەكی دیكەی تازەی نێوان توركیا و ڕوسیا سەبارەت بە ئیدلب كە كاریگەری دەبێت بۆسەر دۆسییەكانی یەكلاییكردنەوەی نێوان ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن.

سێیەم/ هاوشانی ئەو ناكۆكییەی توركیا و ڕوسیا، لێكنزیكبوونەوەیەكی ئەمریكی توركی هەست پێدەكرێت سەبارەت بە دۆسیەی ئیدلب كە لە سەردانەكەی شاندێكی ئەمریكی بۆ ئەنقەرە دەركەوت، كە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵكشانە سەربازییەكەی ڕوسا لە ئیدلب كە توركیا و ئەمریكا دژنی، بۆیە گریمانەی ئەوە هەیە دووبارە پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا ڕێكبخرێنەوە سەبارەت بە دۆسیەی سوریا، ئەمەش لەسەر هەگبە و كەوڵی لێتێگەیشتنەكانی نێوان ڕوسیا و توركیایە لەو دۆسیەدا.

لە كۆتایدا واپێدەچیت كە پشتبەستن بە ڕەووتی ئاستانە ئاڵێنگاری (پێكۆل) زۆری دێنەپێش، مادام ئەو‌ كۆششانە پشت بە هەمان ئەو ڕێسا و هاوكێشانە دەبەستن كە لایەنە پەیوەندیدارەكانی لە ساڵی 2017 وە لەسەری دەڕۆن، ئەمەش واتای ئەوەیە كە شكستی دوا گەڕی دانوستانەكان سەبارەت بە دۆسیەی لیژنە دەستورییەكە، دووپاتكردنەوەی بەردەوامی شكستی كۆششەكانی ئەو ڕەووتەیە. لە بەرامبەریشدا، بە هاتنە ناوەوەی نێوەندگیری نێودەوڵەتی لەسەر هەگبە و كەوڵی ڕەووتی ئەستانە،  كارلێكی تازە دێننە ‌ئاراوە لە هاوكێشەی یەكلاییكردنەوەی نێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش ئەگەرەكانی وەرچەرخانی نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر دەكات لە چاودێرەوە بۆ نێوانگیر، ئەمەش‌ شیمانەیەكە (ئیحتمال) لەوانەیە لە لایەن هەندێك لایەنی پاڵپشتی ڕەووتی ئاستانەوە قبوڵكراو نەبێت، بە تایبەتیش ڕوسیا و ئێران.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر