شارپرێس:
دوێنێ بەرواری 2019/05/06 لە شاخی ئەزمەڕی شاری سلێمانی تەرمی ئافرەتێک دۆزرایەوە.
سەرچاوەیەک لەپۆلیس هەواڵەكەی بۆ شارپرێس پشتڕاستکردەوە و وتی لە ڕێگەی شوانێکەوە ئاگادار کراینەوە کە تەرمی ئافرەتێک بە کوژراوی فرێدراوە دوای ناردنی تەرمەکە بۆ پزیشکی دادوەری و دۆزینەوەی ناسنامەی کوژراوەکە دەرکەوت کە کوژراوەکە ناوی (ڕۆشنا محەمەد تۆفیق) تەمەنی نۆزدە ساڵە .
سەرچاوەکەی پۆلیس ئەوەشی بۆشارپرێس ئاشكراكرد، کە دۆسیە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کێشەکە کۆمەڵایەتیە.
هەروەها پەیامنێرمان زانیاری دەستکەوتووە کە باوکی کچەکە بەرپرسێکی نێو هێزەکانی پێشمەرگەیە.
هاوكات لە راپۆرتی پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە چەند رۆژێکە کچەکە کوژراوە و ئاسەواری فیشەک بە جەستەیەوە دیارە وە ئافرەتەکە دوو گیان بووە
پاش بەدوادا چوونی زیاتر لەسەر کەیسەکە کەسێکی کە لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکە بوو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەشارپرێس-ی وت، کچەکە پەیوەندی لەگەڵ کوڕێک هەبووە بە ناوی(ئیبراهیم بەهادین ) و کچەکە لەم کوڕە دوو گیان بووە و باوکی کچەکە پێی زانیوە، هەرچەندە پێشتر ماڵی کوڕەکە داوای کچەکەیان کردووە بۆ کوڕەکەیان بەڵام باوکی کچە بەمە ڕازی نەبووە
لە ئێستاشدا تەرمی ئافرەتەکە لە سارد خانەی سلێمانییە و کەس و کاری ئامادە نین تەرمەکەی وەر بگرنەوە.