هەرێمی كوردستانی سوریا هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت

کوردستان

06/05/2019‌ 4801 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕژێمی سوریا دڵەڕاوكێی خۆی نەشاردووەتەوە سەبارەت بە زیادبوونی هەژموونی كوردەكانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات، هەڵویستی هۆزەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردەكانیشیان بە ناپاكی وەسفكرد، ڕوسیاش هەمان هەڵوێستی هەبوو كە پێی وایە كوردەكان كار بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ دەكەن، ئەمانە لە كاتێكدان كە دۆخی ناوخۆی سوریا  و هەرێمی و نێودەوڵەتیش ڕێگەخۆش دەكەن بۆ چەسپاندنی هەرێمی كوردستانی سوریا لەسەر‌ هەمان شێوە و شكڵی هەرێمی كوردستانی عێراق. 

سەرباری هەراسانبوونی سوریا و ڕوسیا، كوردەكان لەجۆشن بۆ پێكهێنانی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی  فراوانی تایبەت بە خۆیان كە نزیكە بێت لە سەربەخۆییەوە، بە تایبەتیش كە ئەوان دەستیان بەسەر بیرەكانی‌ نەوت و گازدا گرتووە.

ئەم چەند مانگەی ڕابردوو ئەوەیان دەرخست كە كوردەكان پشتیوانی واشنتۆنیان هەیە، هەر بۆیەش كۆشكی سپی بە توندی ووڵامی هاشوهۆش و قسەكانی ئەم دوادوایەی توركیای دایەوە، ئەمەش‌ وای كرد ئەردۆغان خۆی ڕادەستی ئەمری واقع بكات، بە شێوەیەك لە شێوەكانیش كۆششی ئەوە بكات واشنتۆن بەوە ڕازی بكات ناوچەیەكی ئارام لەسەر سنوری نێوان توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان دابمەزرێنێت.

ئەمە جگە لەوەی كوردەكان پاڵپشتی مەعنەوی و دبلوماسی و میدیایی ئەوروپایان هەیە لە بەرامبەر لووتبەرزی و خۆبەزلزانینی توركیادا، ئەمەش لە دوا دیداری ئیمانوێل ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا و شاندێكی هەسەدە (هێزەكانی سوریای دیموكرات) بەرجەستە بوو، كە ماكڕۆن پشتیوانی فەڕەنسای بۆ دەربڕین و پێزانیشی هەبوو بۆ ڕۆل و كۆششیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی دژ بە داعش.
 
سەرباری فرەیی هەڕەشە و سەرچاوەكانی، كوردەكان باڵادەستن لە ناوچەكانیاندا، ئەوان لە لایەن هێزی ئاسمانی ڕۆژئاواوە پارێزراون، ئەم پارێزراویەش تا ڕادەیەكی زۆر لە ناوچەی دژەفڕین دەچێت كە لە نەوەدەكاندا واشنتۆن دژ بە هێزی ئاسمانی عێراقی دروستی كرد تاوەكو هێرش نەكاتە سەر كوردەكان.

پشتیوانی ئەو كاتەی ئەمریكا پشكداری كرد لە دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە تاوەكو ئەمڕۆش لەسەر پێی خۆی راوەستاوە، ئەو كات سەدام حوسینی سەرۆكی پێشووتری ڕژێمی عێراقی بۆلەبۆڵ و مینگەمینگی بوو بەرامبەر ئەو واقعە تازەیە، بەڵام به ‌ناچاری چووە ژێرباری ئەمری واقعەوە، سەرباری هەڕەشە و گوڕەشە نەزۆكەكانی سوریا و ئەسەد لە لایەك و ئەو فریودان و زێدەمافانەش كە جاروبار باسیان لێوە دەكات بۆ كوردەكان، كەچی پێدەچێت ئەسەدیش بە وێنەی سەدان بچێتە ژێرباری ئەمری واقعەوە.

چاودێران دەڵێن كە پشتیوانی دەرەكی تەنها خۆراكپێدەری خەونە كوردییەكە نییە، بەڵكو  جیاكەرەوە‌ گرنگەكە ئەوەیە كە كوردەكان عەلمانین، ئەمەش یارمەتیدەرییانە لە ڕاكێشنانی ڕەووتە ناوخۆییەكان بۆ ناو ڕیزەكانیان.

كوردەكان هۆزە عەرەبییەكان كێشدەكەنە ناو جوغزی خۆیان، پێشتریش توانیان مەسیحییەكان بەلای خۆیاندا ڕاكێشن، لە مەشدا سوودیان لەسەركەوتنە سەربازییەكانی جەنگی دژ بە داعش و ئازادكردنی ناوچەكانی ئێزدییەكان و گێرانەوەی دیلەكانیان وەگرت بە تایبەتیش ژنان و كچانی ئێزدی.

چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن كوردەكان بە هۆی كرانەوەیان بە ڕووی هۆزە عەرەبییەكانەوە، هەمان ئەزموونی حكومەتی سوریا دووبارە دەكەنەوە كە پێشتریش حكومەتی عێراقی پیادەی دەكرد بۆ كێشكردنی هەندێك لە هۆزە كوردییەكان و نزیككردنەوەیان بۆ لێدانی خودی كوردەكان.

سەرچاوەیەكی سوری ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو كۆنگرەیەی هەسەدە كە‌ لە شاری عەین عیسا بۆ هۆزكانی ڕێكخست، ئەو سەرچاوەیە ئەو كۆنگرەیەی بە ناپاكی لە قەڵەمدا، هەر وەك ئاژانسی هەواڵی سانای فەرمی ڕایگەیاند.

سەرچاوەیەكی بەرپرسیش لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە لێدوانێكیدا لە ڕۆژی هەینی بۆ ئاژانسی سانا ووتی : "ئەو كۆنگرەیەی بەستراوە، میلیشیا چەكدارەكانی بەسەریدا زاڵن كە سەر بە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەند دەوڵەتێكی عەرەبین، ئەو گۆنگرەیە شكستی هێناوە دوای ئەوەی زۆرینەی هۆزە ڕەسەنەكان بایەكۆتیان كردووە".

واش وەسفی كۆنگرەكەی كرد كە : "كۆبوونەوەی ناپاك و نۆكەرەكانە".
چاودێران پێیان وایە ئەو دڵەڕاوكێ فەرمییەی ڕژێمی سوریا سەبارەت بەو كۆنگرەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەستكردنی دیمەشق بەوەی هاوپەیمانییەتی كوردەكان سنوری هاوپەیمانییە كاتییەكانی دژ بە داعش و توركیا و تەنانەت سوریاش تێدەپەڕێنن بۆ قۆناغێكی مەترسیدارتر بەرە و دۆخێك لە سەربەخۆیی كە كوردەكان لە قۆناغی "لە توانادابوون" ەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی ئەمری واقع، ئەمەش لەوەدا دەر‌كەوێت كە كوردەكات هەر جۆرە نزیك بوونەوەیەك لەگەڵ ڕژێم ڕەتدەكەنەوە كە ببێتە هۆی لەدەستدانی باڵادەستی تەواویان بەسەر ئەو ناوچانەی تیادا خاوەن هەژموونن.

مەزڵوم عەبدی سەركردەی گشتی هەسەدە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا كە رۆژی هەینی سازیدا، ڕەتیكردەووە ئەو شێوازە (ئاشتەواییە)) قبوڵ بكەن كە دیمەشق پێشنیاری كردووە سەبارەت بە باڵادەستی بەسەر ناوچە كوردییەكاندا. 

هاوشان لەگەڵ هەڵكشانی تەنگژەی سوریا لە ساڵی 2012 ، هەژموونی كوردەكانیش بەرەو هەڵكشانە، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو دەیە پەراوێزخرابوون، لە بەرامبەریشدا ڕژێم هەژموونی بەرتەسك بۆتەوە لە لە ناوچە كوردییەكان، بە تایبەتیش دوای ئەوەی توانیان داعش لە ناوچەكانی باكور و باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەرپەرێنن.

دوای كشانەوەی ڕژێمی سوریا لە ناوچە كوردییەكان – جگە لە مانەوەی چەند بارەگایەكی حكومی و ئیداری و هەندێك هێز لە شاری قامیشلی و حەسەكە - كوردەكان خۆسەرییەكی بەڕێوەبەرییان ڕاگەیاند كە دیمەشق دانیپێدا نانێت.

كوردەكان داواكارن دیمەشق بە فەرمی دانیان پێدابنێت، نەوەك تەنها دانپێدانان بە حوكمڕانییەكی لۆكاڵی دەسەڵات فراوان، بەڵكو مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستا وەك دیفاكتۆ، بەو دەستكەوتانەشەوە كە هەسەدە بە كۆششی خۆی بەدەستی هێناون. 


عەبدی ووتیشی "بێ دانپێدانانی مافە دەستوورییەكانی كورد، ناتوانین سوریایەكی دیموكراسی بنیات بنێین، بێ دلانپێدانان بە خۆسەرییەكی بەرێوەبەری كە خزمەت بە پێكهاتەكانی ناوچەكە دەكات، ناتوانرێت چارەسەرێك بۆ تەنگژەی سوریا بدۆزرێتەوە، ئەوەشی گووت كە  گەیشتن بە چارەسەرێك بەوە دەبێت دان بە تایبەتمەندێتی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بنرێت لە ئایندەدا، ئەوان كە خۆیان ڕزگاركەری ئەو ناوچانەن، شایستەی ئەوەشن خاوەن تایبەتمەندیبن لە ئایندەی سوریادا".

لای خۆشیەوە وەزارە‌تی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەكیدا هێرشی كردەسەر ئەوەی پێی دەگوترێت كۆششی سەركردە كوردەكان بۆ ریكخستنی دیداری هۆزە سورییەكان، پێشی وا بوو ئەو كۆششەی كوردەكان بۆ لەبەینبردنی هەوڵەكانی ئاستانەیه. پێشی وابوو وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە پشتیوانی سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتە، كۆششی ئەوە دەكات بۆ ماوەیەكی دوورمەودا لە سوریا بمینێتەوە، ئەمەش بە گوێرەی ئەوەی كەناڵی ئاسمانی (RT) ڕوسی باسی لێوەكرد.

بەیاننامەكەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەش كرد كە هەنێك لایەنی جوداخواز بە پشتیوانی واشنتۆن كۆششی ئەوە دەكەن قەوارەیەكی نیمچە دەوڵەتی پێكبهێنن لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

ناوەندە كوردییەكان پێیان وایە هەنگاوەكانی ئێستای كوردەكان لە سوریا ئەگەر شكستهێنانیان هەیە ئەگەر لایەنە جیاوازەكان گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە دەستپێنەكەن  سەبارەت بە ئایندەی هەرێمەكە  و دیدگایەكی هاوبەشیشیان نەبێت بۆ دانوستان لەگەڵ ڕژێم و دەروەی ڕژێم.

سەرباری پشتیوانی ئەمریكا و ئەوروپا، بەڵام هێشتا كوردەكان سەركەوتوو نەبوون لە بنیاتنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی باش و فرەلایەن، نە سەركەوتووش بوون لەوەی دان بە ئیدارە سەربەخۆكەیان دابنرێت لە سوریا، ڕێگەشیان پێ نەدرا بە شاندێكی كوردی سەربەخۆ بەشداری لەو كۆنگرە نێودەوڵەتییانەدا بكەن كە دۆخی سوریایان تاوتوێ كردووە.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر