وەزارەتی ناوخۆ تابلۆ تایبەتەكانی ئۆتۆمبیلی هەڵەبجە لەزیادكردنی ئاشكرادا دەفرۆشێت

کوردستان

06/05/2019‌ 962 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە تابلۆی ئۆتۆمبیلەكانی پارێزگای هەڵەبجە لە زیادكردنی ئاشكرادا بفرۆشرێت و داهاتەكەشی لەپڕۆژە جۆراوجۆرەكانی شارەكە خەرج بكات.

كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەلێداونێكدا ڕایگەیاند، لەمیانی كۆبوونەوەیەكیاندا لەدیوانی وەزارەتی ناوخۆ بەبەشداری هەریەكە لەپارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرانی هاتوچۆی هەرێم و سلێمانی و هەڵەبجە سازدراوە، بڕیاریدراوە ڕێكاری دروستكردنی تابلۆكانی پارێزگای هەڵەبجە پەلەی تێدا بكرێت، كە ڕاسپاردەی كۆمپانیای جێبەجێكار كراوە.

كاوە عەلی ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای كۆبوونەوەكە چەند ڕاسپاردەیەك بەكۆی دەنگ واژووی لەسەركراوە،  كە فرۆشتنی ژمارەی تابلۆكانی ئۆتۆمبیل لە زیادكردنی ئاشكرا بەهۆی چەند لیژنەیەكەیەوە جەخت لێوە كردووەتەوە.

هەروەها ڕاشیگەیاند، پاش خەمڵاندن و فرۆشتنی ژمارەكان، هەژمارێكی بانكی بۆ پارێزگاكە دەكرێتەوە، كە سەرجەم داهاتە بەدەستهاتووەكان لەم زیادكردنانە بۆ لە100%ی پرۆژەكانی پارێزگاكە بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوە و چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی تایبەت دەكات. 

ئەو بڕیاڕەش لەپاش ئەوەوە هات، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێم ڕەزامەندییان لە پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكە دەركرد و لە ساڵی ٢٠١٥ بە بڕیاری حكومەتی هەرێم ئەمشارە بڕیاری بە پارێزگابوونی وەك چواڕەمین پارێزگای هەرێم بۆ دەرچوو.