شوێنەوارەكانی عێراق‌و سوریا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەفرۆشرێن

عیراق

07/05/2019‌ 726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی دەستەی ئیزگەی بەریتانی تۆرەكانی قاچاخچێتی پێگەی فەیسبووك بەكاردەهێنن بۆ كڕین‌و فرۆشتنی پارچە شوێنەوارییە دزراوەكان لەعێراق و سوریا .

راپۆرتەكە بەپشتبەستن بە ئەو لێكۆڵینەوەكانەی ئەكادیمییەكان كردوویانە دەڵێت " لەفەیسبووكدا هەندێ گرووپی تایبەت سەبارەت بە چۆنیتی دۆزینەوەی گۆڕە شوێنەوارییە كۆنەكان بەشێوەیەكی نایاسایی گفتوگۆ دەكەن ".

دەستەی رادیۆی بەریتانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەرەڕای تێكشكانی داعش و ڕێوشوێنەكانی پۆلیسی توركی ، بەڵام بەڵگە لەبەردەستە كە هێشتا پارچە شوێنەوارییە عێراقی و سورییەكان بەرەو توركیا بەقاچاخ دەبرێن ، 

بەپێی قسەی شوێنەوارناسی سوری عەمر ئەلعەزم "كاشی رەنگاورەنگی رۆمانی"  كە هێشتا لە سوریادا ماوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بۆ فرۆشتن خراوەتە ڕوو.

عەزم كە ناچار بووە سوریا بەجێبهێڵێت و ئێستا لە زانكۆی شۆنی ستەیت لە ویلایەتی ئۆهایۆ كار دەكات ، ماوەی دوو ساڵە لەناو سەدان گرووپی تایبەتی فەیسبووك كە هەزاران ئەندامییان هەیە دەگەڕێت .

ئەو كەسانە لەناو ئەو گرووپانەی فەیسببووك بیروبۆچوونیان لەسەر چۆنێتی هەڵدانەوەی پێگە شوێنەوارییەكان ئاڵوگۆڕ دەكەن ، هەندێكیان هەندێكی تریان لەمەترسی داڕمان و خنكان لەناو ئەو گۆڕانە ئاگادار دەكەنەوە .

ئەو زانا شوێنەوارناسە سورییە دەڵێت: ئەو قاچاخچێتییە ، قاچاخچێتییەكی سنووربڕە و بەرپرسانی فەیسبووك ئاگادارن و ڕێگەی پێدەدەن و چاوپۆشی لێدەكەن.

هەروەها بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی، هەندێك پرۆسەی دزینی شوێنەوارەكان لەسەر داواكاری دەبێت ، بۆ نموونە یەكێك لە بەكارهێنەرانی فەیسبووك داوای دەستنووسێكی سەردەمی چاخی ئیسلامی دەكەن و دەیانەوێت بگاتە توركیا.

بازرگانی پارچە شوێنەوارییەكان تەنیا هەر بە فەیسبووك كورت نەبۆتەوە ، بەڵكو بەپێی راپۆرتەكە توركیا وەك ڕێگایەكە بۆ بەقاجاخبردنی ئەو پارچە شوێنەوارییانە .

راپۆرتەكە بە پشتبەستن بە قسەی پۆلیسی توركی دەڵێت لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ، چەنین پارچە شوێنەواری دزراو كە بەهاكەی گەیشتۆتە ملیۆنان دۆلار لە عێراق سوریاوە هێنراون. 

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەدوای ساڵی ٢٠١٤ دەستی بەسەر رووبەریكی فراوانی عێرا ق و سوریادا گرت و چەندین پێگەی شوێنەواری گرنگی لەو دوو وڵاتە كەوتە ژێر دەست ، دواتر دەستی كرد بە وێرانكردن و تێكوپێكشكاندنی گەلێك پەیكەر و پارچەی شوێنەواری كە میژووەكەیان بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕایەوە ، ئەوە جگە لەوەی بەشێكیشیانی بۆ پارەداركردنی پرۆسە سەربازییەكانی بەشێوەی قاچاخ دەفرۆشت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی