پاڵنەرەكانی بیركردنەوەی ژاپۆن لەپەرەپێدانی هێزە سەربازییەكەی

جیهان

07/05/2019‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەندی 9 دەستوری ژاپۆنی كە بەرئەنجامی داگیركاری ئەمریكا بوو بۆ ژاپۆن لە دوای بەزینی توۆكیۆ لە جەنگی یەكەمی جیهانی، بە دەق دەڵێت بەرزەفڕی ڕاستگۆییانەی گەلی ژاپۆن بۆ گەیشتن بە ئاشتی جیهانی بەندە بە دادپەورەی و یاساوە كە دژی جەنگ و بەكارهێنانی هێزن لە چارەسەركردنی ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش، بۆ هەتاهەتایە نابێت تۆكیۆ خاوەن هیچ هێزێكی جەنگی هێرشبەری دەریای و ئاسمانی و ووشكانی بێت، یان هەر جۆرە توانستێكی سەربازی دوژمنكارانە. دان بە مافی ژاپۆنیشدا ناندرێت لە ئەنجامدانی دژمنكارییەكی جەنگی هێرشبەریدا، ئەركی هێزەكانی بەرگری خودیش (سوپای ژاپۆنی) بەرگرییە لە ووڵات، بۆشی نییە لە دەرەوە كار بكات و بوونی هەبێت.

ژاپۆن بۆ چەند دەیەیەك پابەندی ئەو بەندە بوو، بەڵام پەرەسەندنە سیاسییە ستراتیژییە هەرێمییەكان پەرەی بە هەستی سەركردە ژاپۆنییەكاندا بەوەی پێویستە دەوڵەتەكەیان ڕەگەزەكانی هێزی گشتتگیری خۆی تەواو بكات. لەسەر ئەم بنەمایە، دووبارە بەندی 9 ی دەستوری ژاپۆنی لێكدانەوەی بۆ كرایەوە، بۆیە پەرلەمان بەوە ڕازی بوو سوپای ژاپۆنی بەشداری بكات لە ناو هێزە ئاشتیپارێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، یەكەم بەشداریشی لە كەمبۆدیا بوو لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو. لە دوای جەنگی ئەمریكای ساڵی 2003 ، هێزەكانی ژاپۆن ڕەوانەی عێراق كران. هیزەكانی بەرگری خودیش بەشداربوون لە كردەی دووبارە بنیاتنانەوە لە چەند ووڵاتێك و كردەكانی فریاكەوتن لە دۆخە كارەساتبارەكاندا. 

سەرباری ئەوەی سەروەش، لە ساڵی 2003 وە حكومەتی ژاپۆنی سیاسەتێكی بەرگری تازەی گرتەبەر، بەوەی بودجەی بەرگری ساڵانەی زیادكرد، بەشداریش بوو لەو سزایانەی بەسەر كۆریای باكوردا سەپێندران بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە.

لەم جوغزەدا، زۆر لەو پەرتوكانەی لەم دواییانەدا دەرچوون، هەوڵیانداوە توێژینەوە لەو پەرەسەندنانەدا بكەن، لە هەمووشیان گرنگتر پەرتووكی "دووبارە پرچەككرنەوەی ژاپۆن: سیاسەتی هێزی سەربازی" بوو كە "شیلا سمیش" ی ژنە نووسەر نووسیوویەتی كە "توێژەری پسپۆرە لە لێكۆڵینەوەكانی ژاپۆنی لە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە"، پەرتووكەكە لە ئیپڕیلی ئەم مانگە كەوتۆتە بازاڕەوە و لە لایەن زانكۆی هارفارد وە چاپ و بڵاوكراوەتەوە. تیادا نووسەر باسی لە سیاسەتی سەربازی ژاپۆن كردووە لە سەرەتای جەنگی سارد تاوەكو ئێستا. شرۆڤەی ئەو هۆكارانەشی كردووە كە پاڵ بە تۆكیۆ وە دەنێن دووبارە بیر لە پەرەپێدانی هێزە سەربازییەكەی بكاتەوە.

سمیس لە پەرتووكەكەیدا هەوڵیداوە ووڵامی چەندەها پرسیار بداتەوه ‌وەك: چۆن ژاپۆن سازانێك دروست دەكات لە نێوان دەستورە ئاشتیخوازەكەی لە لایەك و ئارەزووشی بۆ پەرەپێدانی هێزە سەربازییەكەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە هەرێمییانەی دەوری داون؟  چۆن هاوسێكانی وەك چین و كوریای باكور تەماشای پەرەسەندنەكانی سیاسەتی سەربازی ژاپۆنی دەكەن؟ هەڵوێستی گەلی ژاپۆنیش چییە سەبارەت بە گۆڕانی ئاراستە ئەمنییەكانی دەوڵەت؟

ڕۆڵی سەركردایەتی لە گۆڕانكارییەكان
سمس باسی مشتومڕەكانی سەركردە ژاپۆنییەكان دەكات بۆ سەلماندنی مافی تۆكیۆ لە بەرگریكردن لەخۆی، وە ڕادەی پێشكەوتنی دەوڵەت لە بیكردنەوە لە بەرهەمداری سوپاكەی وەك هاوبەشێكی ئەمنی هەرێمی و جیهانی. باسی ئەوەشی كردووە كە دەمێكە ژاپۆن جەختی لە مافی بەرگریكردن لە خۆی كردۆتەوە لەوەی ئەو مافە لە هەناوی بەڵگەنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چەكەرەی كردووە، بۆیە مافی دەوڵەتەكەیانە پەرە بە توانستە بەگرییەكانی بدات بۆ بەرگریكردن لە خۆی.

باسی ئەوەشی كردووە كە ووتوێژەكانی دوای وەرگرتنەوەی سەروەری ژاپۆن لە ساڵی 1952 جەختیان لە چۆنییەتی لێكدانەوەی ئەوە كردووە كە پێویستن‌ بۆ بەرگریكردن لە خود، ئینجا لیژنەی پەرلەمانی ژاپۆنی دامەزرا بۆ پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەسەڵاتەكانی داگیركەر، لە ساڵی 1954 وە ئەو لیژنەیە بووە شوێنی گفتوگۆكردنی پرسی دووباری شرۆڤەكردنەوەی یاسای هێزەكانی بەرگری خودی و زۆر پرسی سەرەكی دیكە كە هێشتا ژاپۆن تاوتوێیان دەكات. بەرهەمی ئەو كۆششانە زیادكردنی توانستی هێزە سەربازییەكان بوو لە گرتنەئەستۆی ئەركی بەرگری هەرێمی بە پشتیوانی هێزە ئەمریكییەكان.

بە تێپەربوونی كات، گفتوگۆكان پەرەیانسەند سەبارەت بەو شتانەی پێویستە توانستی سەربازی هێزەكانی بەرگری خودی (سوپای ژاپۆنی) دیاری بكەن. ئینجا گفتوگۆكان زیاتر پەرەیاسەند، دوایی باس لە جۆری ئەو چەكانە بوو كە مۆڵەتی موڵكدارییان بە هێزەكانی بەرگری خودی دراوە، گفتوگۆكان پەڕینەوەسەر جۆری ئەو ئەركانەی دەكرێت ئەو هێزانە پێیهەستن، ئینجا توانستی بەشدارییان لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی جەنگی سارددا.

لەوساوەی "شینزۆ ئابی)" لە ساڵی 2012  بۆتە سەرۆك وەزیران، بۆتە هەڵگری ئەجیندایەكی چاكسازی  سیاسەتی ژاپۆنی بە گشتی و دەستوریش بە تایبەتی، حزبەی بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی ژاپۆن، داوای لە پەرلەمان كرد دووبارە شرۆڤەكاری بۆ بەندی 9 ی دەستور بكرێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی هێزی سەربازی ژاپۆنی و بەكارهێنانی لە چارەسەركردنی ناكۆكییە دەرەكییەكانی ژاپۆن. ئەو گفتوگۆیانە لە تیۆرییەوە بوونە كردار، هێزە ژاپۆنییەكانیش بەشدارییان كرد لە پڕۆسەكانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانییەكانی ئەمریكا لە ئۆقیانووسی هیندی، ئێستاش لە دەریای چینی باشوور بەشداری ئەو پرۆسانەن. ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هیزی دیكەی ئاسیایی چوونەتە هاوپەیمانییەكانەوە.

گۆڕانی دیمەنەكە
سمس باسی ئەوە دەكات‌ چەند گۆڕاوێكی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن كە پاڵنەری ژاپۆن بوون بۆ دووبارە بیركردنەوە لە سیاسەتە بەرگرییەكان كە گرنگترینیشیان بریتین لە:  

یەكەم _ پەرەسەندنی هەڕەشەكانی چین و كۆریای باكور: نووسەر دەڵێت ژاپۆن و پەكین لە ساڵی پارەوە، كاریان بۆ پەرەپێدانی ڕایەڵە دبلۆماسییەكان كردووە، لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هەرێمییەكانیشیان ڕێككەوتوون و بە تایبەتیش ئابوورییەكان. لەسەر ئاستێكی دیكەش، توانستە دەریاییەكانی چین لە دەریای چینی باشوور لە زیادبووندان، ئەمە جگە لە بوونی هێزی چینی دەریایی و ئاسمانی لە تایوان (كە لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر لە ژاپۆن نزیكە)، ئەمەش هەڕەشە لە ئاسایشی ژاپۆن دەكات لە دۆخی بەرپابوونی كێشەیەكی چەكداری لە نێوان هەردوو ووڵاتدا.

سەبارەت بە كۆریای باكوریش، سمس پیی وایە: "ژاپۆن پێشتر دڵەڕاوكێی نەبوو سەبارەت بە عەمبارە مۆشەكییەكەی پیونگ یانگ و چەكە كیمیاییەكانی ، بەڵام پەرەسەندنی زەبەلاحی ئەو پرۆگرامە و زیادكردنی توانستی لە گەیشتن بە خاكی ژاپۆن و بەئامانجگرتنی زیاتر لە جارانی پێشوو ، وای لە تۆكیۆ كرد بە توندی بیر لە پەرەپیدانی سیاسەتە سەربازییەكانی بكاتەوە، هەر چەندە ئومێدیش بەو گفتوگۆیانە هەیە كە ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باكور دەستی داوەتێ و ژاپۆنیش تیایاندا بەشدارە ، بەو پێیەی تۆكیۆ بەشێكە لە پڕۆسەی دووبارە ڕیكخستنەوەی هەرێمی لە ناوچەكه".

بە گشتیش سمش پێی وایە: ((هاوسەنگی سەربازی لە ئاسیا بە خێرایی لە گۆڕاندایە ، عەمارە ئەتۆمییە پەرەسەندووەكەی كۆریای باكوریش لە موشەك و چەكی كۆمەڵكوژ، هەروەها توانستی دەریایی پەرەسەندووی ژاپۆن، دوو فاكتەر تەوەرین (میحوەرین) لە گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتە بەرگرییەكانی ژاپۆن، چونكە فشاریان لەسەر سیستەمی بەرگری ژاپۆن دروستكردووە، پاڵیشی بە سەركردە ژاپۆنییەكانەوە ناوە دووبارە بیر لە پەرەپێدانی زیاتری توانستە سەربازییەكانیان بكەنەوە، لەوانەش توانستی سنورداریان بۆ هێرشبردن بە مەبەستی دەستەبەركردنی گەرەنتی ئەوەی نەیارە شیمانەكراوەكانیان (محتمل) بە كاری دوژمنكارانە هەڵسن لە دژیان و ئامادەباشی بەرگری ژاپۆنییەكان بە كەم تەماشا نەكەن.

دووەم _  سیاسەتەكانی دۆناڵد تڕمپی سەرۆكی ئەمریكا: پەیوەندی واشنتۆن بە تۆكیۆ وە بەگشتی لە گرنگترین هاوپەیمانییەتییەكانی ئەمریكایە لە ئاسیا و جیهاندا. نووسەر لە پەرتووكەكەیدا دیدگای ژاپۆنییەكانی ڕوونكردۆتەوە بەرامبەر ئەو هاوپەیمانییەتییانەی لە كۆن و نویدا كراون و بە تایبەتیش ئەوەی ئێستای سەردەمی تڕەمپ. نووسەر ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ژاپۆن كۆششی زەبەلاحی كردووە تا وا لە واشنتۆن بكات پابەندی پاراستنی ژاپۆن بێت، بودجە سەربازییەكەشی بەرز بكاتەوە و ئامێر و كەرەستەكانی ڕاهێنانیشی نوێ بكاتەوە، ڕێگە بە تۆكیۆش بدرێت لە چوارچێوەی هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو هاوپەیمانییانەی واشنتۆن سەركردایەتیان دەكات، هێزەكانی لە دەرەوە بڵاوە پێ بكات. هەروەها توانستی هیزەكانیشی پەرەپێدا لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانی و دەریاییەكانی چین و ڕوسیا، وە هەڕەشە موشەكییە شیمانەكراوەكانی كۆریای باكور.

هاوشانی چربوونەوەی هەڕەشەی هەرسێك هاوسێكانی، سەركردە ژاپۆنییەكان ئێستا زیاتر گومان لە بەڵێنەكانی واشنتۆن دەكەن لە پاراستنی ژاپۆن و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی لە ئاسیا و ئۆقیانوسی هیندی، بە تایبەتیش لە سەردەمی سەرۆك ترەمپدا. لە كۆندا ژاپۆن پێشوازی لە بنەمای " دووبارە گێرانەوەی هاوسەنگی" دەكرد كە باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوو وەئەستۆی خۆی گرتبوو، متمانەی زیاتریشیان بە ئیدارەكەی ئۆباما بوو كە سیاسەتی "چوون بەرە و ئاسیا" ی پیادە دەكرد و لە پێشینەیی كەرتەی ئاسیایان بۆ ئەمریكا وەك ستراتیژیەت تەماشا دەكرد، هەر چەند ئەو بنەمایە لە دیدی نووسەرەوە، زیاتر ووتار بوو لەوەی كردار بێت.

كەچی ئێستا ژاپۆنییەكان بەلایانەوە قورسە متمانە بە سیاسەتەكانی سەرۆكی ئێستای كۆشكی سپی بكەن، بۆیە زیاتر دڵەراوكێیانە. لەو جوغزەدا سمس دەڵێت كە تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا گومانی خستۆتەسەر ئەو بنەمایەی گوایە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە گێرانی ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی جیهان هەروەك لە سەردەمی جەنگی ساردا دەیكرد. ئەمە جگە لەوەی بانگەشەی بەردەوامی ترەمپ بۆ دووبارە "دابەشكردنەوەی بارگرانییەكان" كە ئێستا بە لایەنی كەمەوە لە رۆژهەڵاتی ئاسیا خەریكە پیادەی دەكات، وایان لە حكومەتەكەی ژاپۆن كردووه،‌ دووبارە بیر لە چۆنییەتی زیادكردنی خەرجییەكانی بكاتەوە بۆ كڕینی چەكە ئەمریكییەكان و زیادكردنی خەرجییە سەربازییەكانی بە شێوەیەكی گشتی لە درێژایی پێنج ساڵی ئایندەدا، هەروەها بیر لە پەرەپیدانی ستراتیژیەتی بەرگری بكاتەوه،‌ كە زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت بە هۆی كەمبونەوەی متمانەی بە ئیدارەكەی ئەمریكا. 

سمس دەڵێت بە سەرنجدان لە جوگرافیای ژاپۆن بۆمان ڕوون دەبێتەوە : "تاكە شێوازی بەرگریكردنێكی كارا، سیاسەتی دەمكوتكردنە (ردع) كە دەتوانی بەندەكانی قەدەغەكردنی پڕچەككردنی دەستوری ژاپۆنی (دەستوری ئاشتی) بۆ هێزە سەربازییە هێرشبەرەكانی تێپەرێنێت. ئەو پێی وایە هێشتا گەلی ژاپۆنی ئامادە نییە ئەو قەڵەمبازە بهاوێت، بەڵام لە وانەیە گۆڕانكاری بەسەر ئەو بۆچوونەیاندا بێت.

بە گشتی سمس پێی وایە كە ئارەزووی ژاپۆن بۆ پەرەپێدانی هێزە سەربازییەكەی و دووبارە خۆپڕچەككردنەوەی ، هەر تەنها لەبەر هەڕەشە موشەكییەكانی كۆریای باكور  و چالاكییە دەریاییەكانی چین نییە، بەڵكە لەو چوارچێوەیەوە هاتووە كە دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ سسیاسەتی پشتبەستن بە وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە. پێشی وایە تاكە دیاریكەری سەرەكی بۆ ڕوانین لەم پرسە، متمانەی تۆكیۆیە بە واشنتۆن، نەوەك پەرەسەندنی توانستە سەربازییەكانی هاوسێكانی، هەر ئەمەش لە كۆتایدا بڕیار لەسەر هێزی سەربازی ژاپۆن دەدات.

سیناریۆكانی ئایندە
سمس پێی وایە سێ سیناریۆ لەوانەیە پاڵ بە ژاپۆنەوە بنێن بە ئاراستەی دووبارە خۆپرچەككردنەوە هەنگاو بنێت: 

سیناریۆی یەكەم _ تەقاندنی موشەكەكان لە لایەن كۆریای باكورەوە بەرەو خاكی ژاپۆن، كە دەستەوەستانی ئەمریكا دەردەخات لە پاراستنی ئاسایشی ژاپۆن لە هەڕەشە دەرەكییەكان.

سیناریۆی دووەم _ دەستبەرداربوونی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە باڵادەستییە دەریاییە دوورمەوداكەی لە ئاسیا، وە جێهێشتنی ژاپۆنییەكان بۆ كەوتنەژێرفشاری زیاتری چینییەكان.

سیناریۆی سێیەم _ شكستی هاوپەیمانییەتی نێوان واشنتۆن و تۆكیۆ لە تەنگژەیەك‌ لە تەنگژەكان، كە لەوانەیە وا لە واشنتۆن بكات هەڵوێستی بێلایەنی بگرێتەبەر، یاخود لەوە خراپتر ئەوەیە  هەڵوێستێك پیادە بكات كە دژ بە بەرژەوەندییەكانی ژاپۆن بێت.

لە كۆتایدا سمس دەڵێت سەركردە ژاپۆنییەكان وا لە سوپاكەیان دەڕوانن كە ئامرازیكی سیاسی نیشتمانییە، ئێستا لە هەموو كاتیكی دیكە زیاتر ژاپۆنییەكان ئامادەیی ئەوەیان تێدایە ڕووبەڕووی ئاڵێنگارییە ئەمنییە جیهانییەكان ببنەوە. نووسەر دەگاتە ئەو باوەڕەی كە شوێنكارە كۆمەڵایەتییەكانی هەڕەشە دەرەكییەكان و فشارەكانی ئەمریكا لەوانەیە پاڵ بە ژاپۆنەوە بنێن بێ پشتیوانی دەرەكی بتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، ئەمەش توانستی زیاتری دەداتێ لە مامەڵەكردن لەگەڵ ژینگە ئەمنییە گۆراوەكەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژئاوای ئۆقیانووسی هادی. 

سەرچاوە: موستەقبەل  
نووسینی: شیلا سمس 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر