ئەگەری رێككەوتنی ئەمریكاو توركیا لەسەر دۆخی سوریا ئەستەمە

کوردستان

07/05/2019‌ 1531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئارۆن شتاین توێژەری ئەمەریكی ، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەپەیمانگای توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت : ئەستەمە واشنتۆن و ئەنقەرە لە سوریا بەیەكەوە بسازێن و دەشڵێت: هەردوولا لەسەر هیچ شتێك ڕێكەنەكەوتوون ، ئەوەش لەبەر ئەوەی تێروانیانیان بۆ دۆسیەی سوریا جیاوازە و بەرژەوەندییەكانیشیان دژی یەكە .

پەیمانگای كوردی بۆ لیكۆڵینەوەكان نووسینێكی وەرگێڕدراوی ئارۆن شتاینی لەژێر ناونیشانی "واشنتۆن و ئەنقەرە ناكۆكن و لەسەر هیچ شتیكیش ڕێكەنەكەوتوون " بڵاوكردۆتەوە ، تێیدا نووسەر باسی بابەتە جێناكۆكەكانی نێوان هەردوو وڵاتی لە سوریا و سەختی گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر چۆنێتی درووستكردنی ناوچەی ئارام لە سوریای كردووە.

شتاین دەڵێت: دوای چەندین رۆژ گفتوگۆكردن لە توركیا ، نوێنەرانی توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەسەر مەرجەكانی درووستكردنی ناوچەی ئارام لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن .

نووسەر دەشڵێت: واشنتۆن ویستوویەتی لەرێگای گەرانی هاوبەشی هێزەكانی ئەمەریكا و توركیا و دەستەبەركردنی ئەوەی كە یەكینەكانی پاراستی گەل نابنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر توركیا ، مەترسییە ئاسایشییەكانی توركیا بڕەوێنیتەوە ، بەڵام توركیا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت هێزەكانی ئەوان كۆنترۆڵی ئەو ناوچە ئارامە بكەن كە وابڕیار بوو بەقوڵایی ٣٢ كیلۆمەتر  بەدرێژایی سنووری توركیا درووست بكرێت ، بەجۆریك هیچ چەكدارێكی ئەو هێزانەی تێدا نەبێت كە توركیا پێیوایە ئەوانە هێزی تیرۆریستین .

هەروەها نووسەر دەڵێت: واشنتۆن سیاسەتێكی تووندی دژ بە ئێران و ئەسەد گرتۆتە بەر و پێیوایە كە ئەوانە بۆ سیاسەتی دەرەكی ئەمەریكا ئامانجی بەبەهاترن وەك لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا ، لەبەرانبەریشدا توركیا سیاسەتێكی توندی دوژمنكارانەی دژ بە كوردەكان هەڵبژاردووە .

شتاین پێیوایە تێڕوانینی واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەر گرووە توندڕەوەكان جیاوازە ، لەكاتێكدا واشنتۆن پێیوایە كێشەكە لە گرووپە ئیسلامییە جیهادییە سوننیە سنوور بڕەكاندایە ، بەوەی كێشەیەكی سەربازییە و بۆ ئەوەش پاساو بۆ بەكارهێنانی هێز لە دەرەوە دەهێنێتەوە ، بەڵام لەبەرانبەردا ئەنقەرە تێڕوانینێكی دژ بەوەی هەیە و پێیوایە كێشەكە لەسەر سنوورەكانی ئەو كورت بۆتەوە و دەستوپەنجە لەگەڵ دۆسیەی كورد نەرم دەكات ، بەجۆرێك بۆ بێبەشكردنی كوردەكان لەوەی پەناگەیەكیان هەبێت ، پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی هێز لە دەرەوە ، واتا لە عێراق و سوریا .

توێژەر پێیوایە كە هەڕەشەی جوڵانەوەی كوردی سنوور بڕ ، سەبارەت بە توركیا ململانییەكە پەیوەندی بە بوون و نەبوونەوە هەیە و لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە هۆی دابەشكردنی ئەو وڵاتە بۆ دووبەش لەسەر بنەمای نەتەوەیی ، كە واشنتۆن لەو مەترسییەدا هاورای توركیا نییە .

شتاین جەخت لەوە دەكاتەوە كە واشنتۆن بەردەوام سەرچاوەی بێزاری بووە  بۆ پلانەكانی سیاسەتی توركیا لە سوریا و  هیچ كات لەگەڵ ئەو بانگەشانەی توركیا یەكییان نەگرتۆتەوە كە مەترسییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسەر ئاسایشی نیشتیمانییەكەی گەورە دەكات.

نووسەر پێشیوایە بە سەرنجدان لەوەی لەگۆڕێیە ، ڕێكەوتنی هەردوولا لەسەر تێڕوانینێكی هاوبەش بۆ سوریا ، یاخود دۆزینەوەی چارەسەرێكی مامناوەند ئەستەمە ، بۆیە نووسەر پێیوایە كە لەبەردەوامی رەوشێكی لەو جۆرەدا گفتوگۆكان لەنێوان هەردوولا بەردەوام دەبن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی