پارتەكەی ئەردۆغان لەپێناو ئەستەمبوڵ خۆی تووشی مەترسی هەڵوەشانەوە دەكات

جیهان

07/05/2019‌ 3063 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی داد و گەشەپیدانی توركی لە 31 ی مارسەوه، لەوساوەی پارتی فەرمانڕەوا و هاوبەشەكانی لە پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی سەر بە ڕاستڕەووی توندڕەوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیان لە 4 شاری گەورەی توركیا - ئەستەمبوڵ و ئەنقەرەشەوه - ‌ دۆڕاند، پێویستی بە سیمبولێك هەیە بۆ یەكگرتووی و یەكخستنی ڕیزەكانی.

لەوساوە باس لە پەرتبوون و دابەشبوونێكی ڕوو لە زیادبوون دەكرێت لە ناو ڕیزەكانی ئەو حزبەدا، سەرچاوەكانی ناو ئەو حزبه،‌ خراپی ئەم دۆخەی ئێستایان دەگێرنەوە بۆ هاوپەیمانیان لەگەڵ پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی و ئەو ووتارەی ئەو دووپارتە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا هەڵگری بوون.

بۆیە لەوانەیە هەندێك كەس وا لە كردنەوەی مزگەوتی تشاملیجای گەورە بڕوانن كە بەخششێكی خوداییە، كۆبوونەوەی موسوڵمانان لەو مزگەوتە لە لایەن هەردوو ڕۆژنامەی ستار و یەنی شەفەقی سەر بە حكومەت بایەخی زۆری پێدرا كە سەرۆك ئەردۆغان ڕۆژی هەینی بە فەرمی كردییەوە بە ڕووی نوێژخوێنە موسوڵمانەكاندا. 

كردنەوەی مزگەوتەكە وەك دەستكەوتێكە بۆ پارتی داد و گەشەپیدان كە پێی وایە لیستی دوور و درێژی پرۆژە زەبەلاحەكانی كە سەرپەرشتییان دەكات پێنوێنێكن (مۆشر) بۆ سەركەوتنی، هەلێكیشە بۆ ئەردۆغان‌ پشتیوانی جەماوەری بەدەست بێنێت لەم هەفتەیەدا كە باس لە پەرتبوون و دابەشبوونێك دەكرێت لە ڕیزەكانی حزبەكەیدا.

سەیریش نییە ئەو راپۆرتانەی باس لەو پرسی دابەشبوون و پەرتبوونە‌ دەكەن، بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەكان بوونیان نەبوو، ڕۆژی 3 مایۆی كە دەكاتە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری هەلێكی دیكە بوو بۆ دووپاتكردنەوەی ئەو ڕاستییەی كە ڕۆژنامەگەری ناوخۆیی لە ووڵاتدا سەربەخۆ نییە.

ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور و ئاژانسی هەواڵی بیانیت – ی توركی سەربەخۆ بە تیر و تەسەلی باسیان لە یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانە‌ كردووە كە بەكاردێت بۆ كۆتوبەندكردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری كە تۆڕێكی سیخوڕەكانی سەر بە حكومەتن لە كۆمپانیای خاوەن میدیاكان كە زۆرینەی خەڵكی ووڵات تەماشایان دەكەن. ئامرازیكی دیكەش هەیە بۆ سەركوتكردنێكی یاسایی ڕۆژنامەنووسان، ئەمەش لە ڕاپۆرتێكدا دەركەوت كە دەڵێت لەم ساڵدا 74 ڕۆژنامەنووس فرمانی دادگاییان لە دژ دەرچووه. ئەو ڕۆژنامەنووسانە چوونە پاڵ هاوڕێیانی كاریان ‌كە ژمارەیان 100 كەس دەبن.

ڕۆژنامەی سوجوی عەلمانی تاكە ڕۆژنامە بوو هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەووە كە بن عەلی یەڵدرمی سەرۆك وەزیرانی پێشووی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان كە پاڵێورای ئەو حزبەش بوو لە هەڵبژاردنەكانی 31 ی مارس لە ئەستەمبوڵ، ناڕەزایی خۆی ڕاگەیاندووە لەو شەڕەی لە پێناو هەڵبژاردنەكاندا بەڕێوە دەچێت و ووتوویەتی كە حزبەكەی ئەو هەڵبژاردنەی دۆراندووە.

ئەم لێدوانەی یەڵدرمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو ئازایانە بوو ، ئەو لێدوانە لە دەمی پیاوێكەوە دەرچوو كە گوێڕایەڵی فرمانەكان بووە، بە هۆی دڵسۆزییەوە ووردە ووردە بە پیپلیكانەی پۆستەكاندا سەركەوتووە و شوێنی ئەحمەد داود ئۆغڵۆی گرتۆتەوە.

لەم رۆژنەی پێشووشدا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بە ڕاشكاوی پێكۆڵی (ئاڵێنگاری) سەرۆكی حزبەكەی (ئەردۆغان)  كرد دوای ئەوەی لە واڵی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بوك ئەوەی دەربڕی كە جۆرێك لە نارەزایی هەیە لە ناو ڕیزەكانی حزبەكەیدا سەبارەت بە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپیدان لەگەل پارتی جوڵانەوەی نەتەوەیی. 

بە هەموو ئەوەی لەسەرەوە باسكرا، باس و خواسی ئەوە هەیە كە حزبێكی تازە پەیدابێت و پێگەی جەماوەری پارتی داد و گەشەپیدان بلەرزێنێت.

چوار شەممەی ڕابردوو ڕاپۆرتێك بڵاوكرایەوە باسی لەوە دەكرد  كە تیمێكی دەستەبژێر ناڕازی هەن كە داود ئۆغلۆ سەركردایەتییان دەكات و چەند كەسایەتییەكی پەراوێزخراوی دیار و بەرچاوی پارتی داد و گەشەپیدان لەخۆ دەگرێت وەك نەعمان كورتولوش و بەشیر ئەتەڵای، حوسێن جیلیك ، شامل تیار، ئەحمەد باشتشی، سەلجوق ئۆزداغ، محەمەد غورمازی سەرۆكی كاروباری ئاینی پێشوو.

باسی ئەوەش دەكرێت‌ عەلی باباجانی سەرۆك وەزیری پێشوو حزبێك دادەمەزرێنێت، باس لە محەمەد شیمشكی وەزیری دارایی پێشوو دەكرێت كە بچێتە پاڵ عەبدوڵا غول و عەلی باباجانەوە.

سەرباری قسەكانی ئەم دوایەی ئەردۆغان لە بارەی ((هاوپەیمانی توركیا)) و ووتارە نەرمونیانەكەی لە كردنەوەی فەرمی مزگەوتی تشاملیجا گەورە لە ڕۆژی هەینی ، كەچی نیشانەكانی پەرتبوونێكی مەترسیدار لەگەڵ دەستپیكی مانگی ڕەمەزاندا لەناو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێداندا بەدی دەكرێت.

مەحاڵیشە ئەو بزانن كە پاڵنەری بڕیارەكەی ئەردۆغانی ڕۆژی شەممە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی پێشووی هەڵبژاردن و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان لە ئەستەمبوڵ، هۆكارەكەی ئەو پەرتبوونە چاوەڕوانكراوەی ناو ڕیزەكانی حزبەكەیەتی یاخود نا.

خۆ ئەگەر پاڵنەری بڕیارەكەی ئەردۆغان بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان وەك هەندێك لە شارەزایان دەڵێن بە هۆی فشاری سیاسی توندەوە بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ، لەوانەیە باجی ئەو بڕیارە هەڵوەشاندنەوە و پەرتبوونی ڕیزەكانی حزبەكەی بێت كە هەمیشە شوێنپێ بەهێزەكەی ئەردۆغان بووە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر