دوای "بریارە دیكتاتۆرییەكە".. ئابووری توركیا لێدانێكی تری بەركەوت

جیهان

07/05/2019‌ 3108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەڵامداونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ داواكارییەكەی پارتی داد و گەشەپێدان و بڕیاردان بەهەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی نوێ بۆ شارەوانی ئەو  شارە  ، راستەوخۆ كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری توركیا دەركەوتن

دوای ئەوەی رەجەب ئۆزێل نوێنەری پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا لەڕێگای تویتەرەوە بڕیارەكەی ئەو ئەنجوومەنەی بڵاو كردەوە ، بەوەی گوشارەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆسەر ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بەرهەمی خۆی چنیوەتەوە ، ئەوە بووە هۆی ئەوەی بەهای لیرەی توركی زیاتر داببەزێت .

ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردووە كە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە شارەوانییەكەی ئیستەنبوڵ بۆتە هۆی دابەزینی بەهای لیرە ، ئەوەش بەهۆی مەترسی وەبەرهێنەران لە ناسەقامگیری سیاسی و دەستبەردار بوون لە لیرە لەترسی زیاتر لەدەستدانی بەهاكەی.

بلۆمبێرگ لەسەر زاری ئیلیا غۆفشتاین شارەزای دراوەكان لە " ستاندارد چارتەرد" دەڵێت : " ئەوەی روودەدات جارێكی تر ڕەوشی فشەڵ و ناجێگیری دامەزراوە دیموكراتییەكان وەبیر وەبەرهێنەران دەهێنێتەوە" وەك هۆشدارییەك لە دەرچوونی سەرمایە لەو وڵاتە.

دوای بڕیاری ئەنجوومەنەكە لیرە ٣% بەهاكەی لەدەستدا ، ئەوەش وایكرد لەماوەی ٧ مانگدا نرخی ئەو دراوە بۆ نزمترین ئاست دابەزێت .

پارتی گەلی كۆماری كە بەهێزترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە و لە هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی ئەو وڵاتە بەجیاوازییەكی كەم شارەوانی ئیستەنبووڵی بردەوە ، ئەو بڕیارەی بە "دیكاتاتۆرییەتی ئاشكرا " وەسف كرد.

تائێستا ڕوون نییە كە پارتی گەلی كۆماری و لایەنگرەكانی چۆن وەڵامی ئەو بڕیارە دەدەنەوە، بەتایبەت كە ئێستا گومان لە بێلایەنی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەیە بەوەی سەر بە پارتی دادوگەشەپێدان نەبێت ، ئەو پارتەی چەندین ساڵە دەستی بەسەر  دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا گرتووە ، دەستیش لە بانكی ناوەندی و دادگاكان و دامەزراوەكانی تریش وەردەدات.

لای خۆشییەوە ئۆنوورسال ئەدیجوزیل جێگری پارتی گەلی كۆماری لە تویتێكدا دەڵێت " ئەو ڕژێمەی ویستی گەل رەت دەكاتەوە و یاساكان پشتگوێ دەخات ، نە رژێمێكی دیموكراتییە و نە شەرعیشە ، ئەو دیموكراتییەتی ئاشكرایە".

دۆڕاندنی ئیستەنبوڵ بۆ ئەردۆغان كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە سەرۆكایەتی شارەوانی ئەو شارەی وەرگرتووە و هەڵمەتێكی گەورەی هەڵبژاردنی بۆ بەڕێوەبرد ، شۆكهێنەر بوو ،هەروەك  لەوەتەی قەیرانی قوڵی دراو لە ساڵی رابردووەوە  هاتۆتە ئاراوە، ئەوە یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردن بوو بۆی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی