شارپرێس:
كەسێكی ئەمریكی لە شاری ماساچوستس ، كە پێشتر ٣٠ی ساڵی لەزیندان لەسەر تاوانێك بەڕێكرد، كە ئەو نەیكردبوو ،دووبارە لەسەر هەمان تاوان دەستگیردەكرێتەوە.
ساڵی ١٩٨٥ جۆرج بەیرووت، كە تەمەنی تەنیا ١٧ ساڵ بوو ، بەتۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بۆسەر ژنێكی پیری تەمەن ٧٨ ساڵ لەماڵەكەی خۆیدا ، بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دەدرێت .
ساڵی ٢٠١٦ دووبارە دۆزی بەیرووت دێتەوە بەر باس و خواسی رۆژنامەكان ، بەجۆرێك دادگای باڵای ماساچوستس بڕیاری ئازادكردنی دەردەكات ، دادگا دان بەوەدا دەنێت هەڵە لە شیكاری پزیشكی دادوەریدا هەبووە و ئەندامانی پۆلیس بەڵگەی ساختەیان بۆ تۆمەتباركردنی پێشكەش كردووە.
بەگوێرەی رۆژنامەی The Republican ی ناوخۆیی ، ئێستا بەیرووت دووبارە تۆمەتی لاقەكردنی ئافرەتێكی لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵی ئاراستە كراوە.
رۆژنامەكە لەسەر زاری راپۆرتی پۆلیس دەڵێت: یەكێك لە ئەفسەرەكان بەیرووتی بەبێهۆشی لەسەر یەكێك لە شەقامەكان دۆزیوەتەوە كە لەڕەوشێكی سێكسییانە دا بووە لەگەڵ ئافرەتە قوربانییەكە، كە نیمچە ڕووت و بێهۆش بووە ، ئەوەش بەرئەنجامی خواردنی لەڕاددەبەدەری ماددەی هۆشبەری هیرۆین .
راپۆرتەكە دەڵێت: لەكاتی دەستگیركردنیدا پیاوەكە بەهۆش هاتووەتەوە و خۆی نەداوە بەدەست پۆلیسەوە و ژنەكە دواتر وتوویەتی: ئەو ڕازی نەبووە سێكس لەگەڵ بەیرووت بكات ، بۆیە دەستدرێژی كردووەتە سەر ، بۆیە ئێستا تۆمەتەكانی لاقەكردن و هەڵسوكەوتی ئابڕووبەرانە و بەرەنگاربوونەوەی پۆلیس و دەستدرێكی بۆسەر ئەفسەری پۆلیس ئاراستە كراوە.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی