شارپرێس:
ڕۆژووگرتن يه‌كێكه له پێنج ڕوكنه‌كانى ئيسلام، به‌ڵام
مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاره‌ها ساڵى پێش ئيسلام، ئه‌مه‌ش چه‌رده‌يه‌كه
(لمحه) به‌ناو مێژووى ڕۆژووگرتن لاى فيرعه‌ونه‌كان و يونانييه‌كان و زه‌رده‌شتييه‌كان
و جووه‌كان و مه‌سيحييه‌كان و موسوڵمانه‌كان.
فيرعه‌ونه‌كان (ميسرييه كۆنه‌كان)
ميسرييه كۆنه‌كان زۆر ڕێوڕه‌سميان پياده كردووه به
مه‌به‌ستى نزيك بوونه‌وه له خوداوه‌نده‌كان و ڕازيكردنى رووبار‌ى نيل، زۆر جه‌ژنيان
هه‌بوون وه‌ك جه‌ژنى به‌هار و جه‌ژنى به‌رهه‌مچنينه‌وه و جه‌ژنى وه‌فادارى بۆ
نيل.
ئامانجى ئه‌و جه‌ژنانه پاككردنه‌وه‌ى ده‌روونه‌كان بوو
له هه‌ڵه و چه‌وتييه‌كان كه خوداوه‌نده‌كانى توڕه ده‌كرد، بۆيه پێويستيان به
لێخۆشبوو‌ن و پيت و فه‌ڕى نيل و ناز و نيعمه‌ته‌كانى خوداكان بوو.
ڕۆژووگرتن لاى
ميسرييه كۆنه‌كان له خۆرهه‌ڵاتنه‌وه بۆ خۆرئاوابوون بوو. ماوه‌ى ڕۆژووگرتنه‌كه‌يان
3 بۆ 70 ڕۆژ بوو، له‌و ماوه‌يه‌دا خواردن و خواردنه‌وه و سێكسكردن قه‌ده‌غه‌كراو
بوو.
جه‌ژنى ڕۆژووگرتنيشيان هه‌بوو بۆ
ڕازيكردنى ڕوحى مردووه‌كانيان كه به باوه‌ڕى ئه‌وان بێبه‌ش بوون له خواردن.
ئه‌وه‌ى وويستباى ببێته خزمه‌تكارى
په‌رستگا، ده‌بوو 7 ڕۆژى له‌سه‌ر يه‌ك، بێ ئاوخواردنه‌وه به‌ڕۆژبايه.
ڕۆژوويه‌كى ديكه‌يان هه‌بوو ماوه‌كه‌ى
70 ڕۆژ بوو، تيايدا جگه له خواردنه‌وه‌ى ئاو و خواردنى سه‌وزه‌مه‌نى، ڕێگه به
كه‌س نه‌ده‌درا هيچ جۆره خواردنێك بخوات.
زه‌رده‌شتييه‌كان( كورد و فارسه كۆنه‌كان)
زه‌رده‌شتييه‌كان له وو‌ڵاتى فارس و
ده‌وروبه‌رى، 3000 ساڵ پێش زايين هه‌ڵگرى ئه‌و ئاينه بوون. ئێستا له ووڵاتانى
عێراق و سوريا و توركيا و ئيران و ئازه‌ربايجان و ناوچه‌ى ديكه‌ى جياواز ده‌ژين.
ڕۆژووگرتن لاى زه‌رده‌شتييه‌كان قه‌ده‌غه‌كراو
بوو، چونكه پێيان وابوو ڕۆژوو له ووزه‌ى مرۆڤ كه‌مده‌كاته‌وه بۆ كاركردن، له‌مه‌شه‌وه تووشى نه‌خۆشى ده‌بن، ئه‌مه‌ش به
ڕۆلى خۆى كاريگه‌رى نه‌رێنى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه جێدێڵێت.
ئێزدييه‌كان
ڕۆژووگرتن لاى ئێزدييه‌كان پيرۆز بوو،
ماوه‌كه‌ى 3 رۆژه، 3 شه‌ممه ده‌ستپێده‌كات و 5 شه‌ممه كۆتايى دێت به گوێره‌ى
ڕۆژمێرى خۆيان. ڕۆژمێرى ئێزدييه‌كان به 11 ڕۆژ له پێش ڕۆژمێرى هه‌تاوييه‌وه‌يه،
13 ڕۆژيش له پێش ڕۆژمێرى رۆژئاوايه.
ڕۆژى ئێزدييه‌كان له خۆرهه‌ڵاته‌وه
بۆ خۆرئاوابوون ده‌ستپێده‌كات، تيايدا خواردن ناخۆن، له كۆندا 3 ڕۆژى له‌سه‌ر يه‌ك
به ڕۆژوو ده‌بوون. دوو جۆره ڕۆژوويان هه‌بوو؛ ڕۆژووى زۆرينه‌ى خه‌ڵك (عه‌وام) و
ڕۆژووى "ده‌سته‌بژێر = نوخبه". منداڵ و بيركۆل و نه‌خۆشه‌كان له‌و
ڕۆژووه به‌ده‌ر بوون.
ڕۆژووى ده‌سته‌بژێر ئه‌رك بوو له‌سه‌ر
شانى پياوانى ئاينى و هه‌ندێك له هه‌ژاران كه نه‌زريان له‌سه‌رشان بوو ، به
درێژايى زۆرينه‌ى ڕۆژانى ساڵ به‌رده‌وام بوو، به چله‌ى زستانه و هاوينه‌شه‌وه،
ئاره‌زوومه‌ندانه بوو، زۆرينه‌ى خه‌ڵكيش بۆيان هه‌بوو نه‌يگرن، ته‌نها ئه‌وانه
نه‌بێت كه ده‌يانه‌ويست خواپه‌رستى بكه‌ن و زياتر پێى نزيكببنه‌وه له خودا.
ڕۆژوويه‌كى ديكه‌يان ناوى "ڕۆژووى
خودا" بوو، تايبه‌ت بوو به وه‌لى و خۆنه‌ويستان (نساك) و ئه‌وانه‌ى له
زۆرينه‌ى خه‌ڵكيش ئاره‌زووى گرتنيان كردبايه.
جووه‌كان
به گوێره‌ى ته‌وڕات، ئاينى جووه‌كان
يه‌كه‌م ئاينى ئيبڕاهيمييه، ته‌نها له ڕۆژى "كيبور= لێخۆشبوو‌ن" دا به‌ڕۆژوو
ده‌بوون كه ڕۆژى دابه‌زينى دووه‌مجارى موسايه له سينا به خۆيى و 12 تابلۆكه‌يه‌وه،
له‌و ڕۆژه‌دا خودا له گوناهى جووه‌كان خۆش بوو كه په‌رستنى گۆلكه زێڕينه‌كه
بوو. ڕۆژووى لێخۆشبوو‌ن بۆ ماوه‌ى 26 كاتژمێر به‌رده‌وام ده‌بێت كه "پيرۆزترين
ڕۆژانى جه‌ژنه و ڕێوڕه‌سمى ئاينى جووه‌كانه".
له ڕۆژى كيبۆر دا له ئيسڕائيل ئێستگه‌ى
ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن له‌كار ده‌وه‌ستن، ئۆتۆمبێله‌كان له ڕۆيشتن ده‌كه‌ون، ژنان چێشت
لێنانێن و هيچ كارێكى ماڵه‌وه‌ش ئه‌نجام ناده‌ن.
جووه‌كان له‌و ڕۆژه دا خۆيان بێبه‌ش
ده‌كه‌ن له هه‌موو خۆشييه‌كانى ژيان و دونيا، خۆشيان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ خوداپه‌رستى
و لێپێچينه‌وه‌ى خود. له ڕۆژئاوابوونه‌وه تاوه‌كو ڕۆژئاوابوونى ڕۆژى دواتر به‌ڕۆژوو
ده‌بن.
ئاينداره جووه‌كانيش ده‌چنه بۆ
ديوارى شوێنگريا(ديوارى بوڕاق) له باشوورى مزگه‌وتى ئه‌قسا تاوه‌كو پێش ده‌ستپێكردنى
ڕۆژووه‌كه‌يان نوێژ بكه‌ن.
به گوێره‌ى ڕێسا ئاينييه‌كانيان،
جووه‌كان ڕۆژانى شه‌ممه و ڕۆژانى ڤيستڤاڵ و ئاهه‌نگه ئاينييه‌كانيان به ڕۆژوو
نابن، به‌ڵام ڕۆژى لێخۆشبوو‌ن له‌و ڕێسايه به‌ده‌ره، له مانگى نيسانيش به ڕۆژوو
نابن، نه‌خۆش و ژنه سكپره‌كانيش به‌ڕۆژۆ نابن.
به گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌يه‌كى ئاينى
تازه‌ى جووه‌كان، مالم (حاخام) يان مامۆستاى ئاينى جووه‌كان يان به‌رپرسانى
بڕيارساز، به‌ڕۆژوو نابن، تاوه‌كو ڕۆژووه‌كه‌يان كاريگه‌رى نه‌بێت بۆسه‌ر ئه‌نجامدانى
ئه‌ركى سه‌رشانيان.
رۆژوويه‌كى ديكه‌ى ئاره‌زوومه‌ندانه‌شيان
هه‌يه، وه‌ك ئه‌وانه‌ى به مه‌به‌ستى نيازحاسڵبوون يان سڕينه‌وه‌ى گوناهه‌كانيان
يان داواكردنى به‌زه‌يى له خودا يان شوكرانه‌بژێرى يان هۆكارى ديكه، به‌ڕۆژوو ده‌بن.
گاوره‌كان (مه‌سيحييه‌كان)
ڕۆژوو لاى گاوره‌كان وه‌ك ئاينه‌كانى
پێش خۆى بووه، بۆ نزيكبوونه‌وه بووه له خودا و بۆ داواى ليخۆشبوون و هاتنه‌دى
هيوا و ئومێده‌كان بووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك باوه‌ڕبوونێك به ڕۆژى په‌سڵان (ڕۆژى
دوايى).
به گوێرى سيفرى دانيال: "باباى
مه‌سيحى له پێناو خۆشه‌ويستى خودا و ئاره‌زووكردنى نزيكبوونه‌وه له خودا و خۆزه‌ليلكردن و ملكه‌چى بۆ خودا به‌ڕۆژوو ده‌بێت"
ئينجيل كاتێك يان مانگێكى جێگيرى
دياريكراوى ديارى نه‌كردووه بۆ ڕۆژووگرتن، به‌ڵكو هه‌ر به‌ره‌باب (تايه‌فه‌يه‌ك)
و كڵێسايه‌ك كاتێك ديارى ده‌كه‌ن بۆ ڕۆژووگرتنى شوێنكه‌وتووه‌كانيان. شێواز و كاتێكى
دياريكراويش نييه بۆ ڕۆژووگرتن كه مه‌سيحييه‌كان له هه‌موو جيهاندا په‌يڕه‌ووى
لێ بكه‌ن، له‌مه‌ياندا مه‌زهه‌به مه‌سيحييه‌كان لێكجياوازن.
كڵێسا واده‌ى ڕۆژووگرتنى به 40 رۆژى پێش ڕۆژى هه‌ستانه‌وه
(زيندووبوونه‌وه‌ى مه‌سيح) ديارى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به گوێره‌ى
داب و نه‌ريتى هه‌ر كڵێسايه‌ك.
گاوره‌كان له ڕۆژووگرتندا به‌لايه‌نى
كه‌مه‌وه بۆ ماوه‌ى 12 كاتژمێر نان ناخۆن، واباوه كه سه‌ره‌تاى رۆژ ده‌ست پێده‌كات
تا ته‌واوبوونى واده‌ى 12 كاتژمێره‌كه، ئه‌مه‌ش ڕێسا نييه و گاورى واهه‌ن بۆ ماوه‌يه‌كى زياتر به‌ڕۆژووده‌بن.
ئيسلام
ڕۆژوو له ئيسلام‌دا ئه‌رك و ڕوكنێكى
سه‌ره‌كى ئاينه‌كه‌يه ، يه‌كێكه له 5 ڕوكنه‌كانى ئيسلام، هه‌موو ساڵێك له مانگى
ڕه‌مه‌زان ده‌ستپێده‌كات. تيايدا موسوڵمانان به درێژايى ڕۆژانى مانگه‌كه،ناخۆن و
ناخۆنه‌وه ، خۆشيان له كرده‌وه‌ى خراپ و ئازاردانى ئه‌وانى ديكه ده‌پارێزن، به
ئامانجى نزيك بوونه‌وه‌يه له خودا و ده‌ستكه‌تنى خێر و چاكه‌يه، بۆ پاككردنه‌وه‌ى
ده‌روونه له گوناهه‌كان، ئه‌و مانگه مانگى خوداپه‌رستى و نوێژ و خويندنى
قورئانه.
موسوڵمانان دواى بينينى مانگ سه‌ره‌تاى
مانگى ڕه‌مه‌زان ديارى ده‌كه‌ن كه 30 ڕۆژ ده‌خايه‌نێت. ئينجا ڕۆژى جه‌ژنيانه.
ئينجا تا 3 ڕۆژى يه‌ك له دواى يه‌ك بۆيان نييه به‌ڕۆژووبن ، ئه‌و موسوڵمانانه‌ى
له‌به‌ر نه‌خۆشى يان پاساوێكى شه‌رعى ديكه نه‌يانتوانيووه هه‌موو ڕۆژووه‌كانيان
بگرن، ده‌توانن دواى 3 ڕۆژى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له هه‌ر ڕۆژێك به گونجاوى بزانن
ڕۆژوه‌كانيان بگرنه‌وه.
له جه‌ژنى ڕه‌مه‌زاندا موسوڵمانان
پيرۆزبايى له يه‌كتر ده‌كه‌ن، سه‌ردانى يه‌ك ده‌كه‌ن، نه‌ياران ئاشتده‌بنه‌وه و
په‌ڕى تازه هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
جگه له ڕه‌مه‌زان،
موسوڵمانان بۆنه‌ى ئاينى ديكه‌شيان هه‌ن وه‌ك عاشورا و شه‌وى ناوه‌ڕاستى مانگى شه‌عبان
كه تيايدا به‌ڕۆژوو ده‌بن.