سەرەڕای گرژییەكانی نێوان میسر و توركیا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان زیاددەكات

جیهان

10/05/2019‌ 732 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی گشتی چاودێری بەسەر هەناردە و هاوردەی میسر رایگەیاند، لەساڵی ٢٠١٨ بەڕێژەی ٩،٧% هەناردەكانی میسر بۆ توركیا  بەرز بۆتەوە ، بەجۆرێك لەساڵی ٢٠١٧ بەبەهای ٢ ملیار دۆلار كاڵا و شمەك هەناردەی توركیا كراوە ، بەڵام لەساڵی ٢٠١٨ ئەو ژمارەیە بەرز بۆتەوە بۆ ٢،٢ ملیار دۆلار .

بەپێی راپۆرتی ئەو دەستەیە گرنگترین ئەو شتانەی لە میسرەوە هەناردەی توركیا دەكرێن بەرهەمە كیمیاییەكان ، پلاستیك ، چنراوەكان و جلوبەرگی ئامادەكراو ، رۆنی مەكینە ، مەكینە ، زێر و شووشە و كەلوپەلی خۆراكی و كشتوكاڵی و كانزای خاو و شتی تریش .

لەراپۆرتەكەدا هاتووە " لەساڵی ٢٠١٨ قەبارەی هەناردەی نانەوتی بۆ توركیا ١،٩٨٨ ملیار دۆلار بووە ، لەبەرانبەر ١،٩٦٣ ملیار دۆلار لەساڵی ٢٠١٧ ، بەڵام قەبارەی هاوردەكردن لە توركیاوە بۆ میسر  لەساڵی ٢٠١٨ گەیشتۆتە ٣،٠٥٥ ملیار دۆلار  ، بەرانبەر ٢،٣٥٩ ملیار دۆلار لەساڵی ٢٠١٧ " ، ئاماژەی بەوەش كردووە كە لەساڵی ٢٠١٨ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا بەرێژەی ٢٠% گەشەی كردووە و گەیشتۆتە ٥،٢٤٦ ملیار دۆلار ، ئەوە لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٧ ئەو ژمارەیە ٤،٣٥٨ ملیار دۆلار بووە.

ئەو گەشەكردنەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان میسر و توركیا لەكاتێكدایە كە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ٢٠١٣ وە لەخراپترین قۆناغیدایە ، ئەوەش دوای ئەوەی توركیا دژی لەسەركارلادانی محەمەد مورسی و دەستگیركردنی سەركردەكانی ئیخوان موسلیمین بوو ، وە ئامادەش نەبوو دان بە ڕەوایەتی دەسەڵاتی نوێی میسر بەسەرۆكایەتی عەبدول فەتاح سیسیدا بنێت .

میسریش لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٣ بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەكەی لە توركیا بانگ بكاتەوە و ئاستی نوێنەرایەتی میسری لە توركیا بۆ ئاستی كاربەرێكەر دابەزاند ، داواشی لە باڵیۆزی توركیا كرد كە بەخێرایی قاهیرە بەجێبهێڵێت بەوپێیەی كەسێكی ویستراو نییە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی