عێراق بەرهەمی كێڵگەكانی كەركوك بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرز دەكاتەوە

عیراق

10/05/2019‌ 636 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری نەوتی عێراق دووبارە جەختی لەوە كردەووە، كە عێراق بە پەرۆشی بۆ سەقامگیری جیهانی نرخی نەوتی خاو ، دەبێت ئەو نرخانە بۆ وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانیش دادپەروەرانە بێت، وابەستەبوونی وڵاتەكەشی دووپات كردووە سەبارەت بەو ڕێككەوتننامانەی لەگەڵ ئەندامانی ((ئۆپك))  و وڵاتانی دەرەوەی ئەو ڕێكخراوە لەسەری ڕێككەوتوون.

وەزیری نەوت لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، بەشداری كۆنگرەی جەدەی ئایندە دەكەن، ئاماژەی بەوەشدا بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرزدەكەنەوە.

ئەندازیار سامر غەزبان، كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی ((سەباح)) راشیگەیاند "عێراق بە پەرۆشە بۆ سەقامگیری بازاڕی جیهانی نەوت و دابینكردنی نەوتی پێویست بۆ دەوڵەتە بەكاربەرەكان، بەو مەرجەی نرخێكی دادپەروەرانە بۆ نەوتی دەوڵەتە بەرهەمهێنەكان دابنرێت كە لەو نرخانەی ئێستا باشتر بێت".

هەروەها رایگەیاند، وەزارەتەكەی پابەندە بە تەواوی ئەو ڕێككەوتننامانەی لەگەڵ ئۆپیك و دەرەوەی ئۆپیك واژۆی كردوون. عێراق خاوەن توانستێكی گەورەیە و دەتوانی ووزەی بەرهەمهێنراو زیاتر بكات، بەڵام لەبەر سەقامگیری بازاڕی نەوت ئەو كارە ناكات و لە ئێستادا سیاسەتەكانی خۆی سەبارەت بە ئۆپیك و بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەكردنی ناگۆڕێت. خۆ ئەگەر پێویستی كرد بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكرێت، ئەو كات قسەی خۆی دەبێت.

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، وەزارەتەكەی پلانیان هەیە بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك لە 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی زیاد بكەن بۆ‌ یەك ملیۆن بەرمیل. 

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر