سیناریۆی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ لەشكركێشییەكانی ئەمریكا لەناوچەكە

جیهان

11/05/2019‌ 1584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ئەمریكا هێزێكی زۆری سەربازی لە كەشتی فرۆكەهەڵگرو فرۆكەی مووشەكهاوێژی ڕەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد ، ئەوەش بەئامانجی ئامادەكاری بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی ئێرانی بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا یان هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی باڵای ئەمەریكا یەك لەدوای یەك لێدوان دەدەن لەسەر بوونی زانیاری هەواڵگری بەوەی كە ئێران نیازی ئەوەی هەیە لەڕێگای بریكارەكانییەوە لەو گرووپ و هێزانەی سەر بە تارانن ، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بشێوێنێت .

رۆژی پێنج شەممە فەرماندەی سەرپەرشت بەسەر هێزی دەریایی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وتی: "زانیارییە هەواڵگرییەكان ئاماژە بە بوونی هەڕەشە لەلایەن ئیرانەوە دەكەن ، بەڵام ئەم هەڕەشانە ڕێگر نابن لەوەی لەكاتی پێویستدا كەشتی فرۆكەهەڵگر بە گەرووی هورمزدا ڕەوانە بكەین ".

رۆژی هەینیش وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، كەشتییەكی هێرشبەری (وشكانی-ئاوی) و سەكۆیەكی گەرۆكی مووشەكی پاتریۆتی رەوانەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كردووە ، ئەوەش بەئامانجی بەهێزكردنی تواناكانی تیمی كەشتی فرۆكەهەڵگری ئەبراهام لینكۆڵن.

وڵاتە یەكگرتووەكان هۆشداریداوە لەوەی ئێران كەشتییە بازرگانییەكان ئەمەریكییەكان بەئامانج دەگرێت ، وەك پاپۆڕەكانی گواستنەوەی نەوت لەكاتی تێپەڕبوونیان بە ڕێرەوە ئاوەییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست،

ئیدارەی ئەمەریكی لەیاداشتێكدا، كە لەرۆژی پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: لەسەرەتای مانگی مایسەوە  ئەگەری ئەوەی ئێران یان بریكارەكانی ئێران هەندێ ڕێوشوێن دژی بەرژەوەندی ئەمەریكییەكان بگرنە بەر زیادی كردووە " ، كە بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز ئەو بەرژەوەندییانە ژێرخانی ئابووری بەرهەمهێنانی نەوت دەگرنەوە .

بۆیە ئیدارەی ئەمەریكی داوای لە ئەو كەشتییە بازرگانیانە كردووە كە ئاڵای ئەمەریكا بەرز دەكەنەوە ، بەردەوام لەگەڵ كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریكا لەپەیوەندیدا بن ، كە بەرپرسە لە پاراستنی كەشتییە بازرگانییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست .

هەروەها رۆژی پینجشەممە دۆناڵد ترامپ لەلێدوانێكیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران بەدوور نازانین ، داواشی لە ڕژێمی ئەو وڵاتە كرد كە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ دانوستان لەسەر ڕێكەوتنێكی نوێ لەبواری ناوەكی.

هەرچی ئێرانە لە وەڵامدانەوەی ئەو لێدوانەی ترامپ زۆر دوانەكەوت، بەجۆرێك یاریدەدەری سوپای پاسداران وتی: تاران لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆ ناكات، هەروەك وتیشی: واشنتۆن بوێری ئەوەی تێدا نییە پەلامارمان بدات.

ئیران بەردەوامە لە توندكردنی زمانی لێدوانەكانی دژ بە وڵاتە یەكگرتووەكان، كە داوا دەكات تاران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ ، بەوئامانجەی ڕێكەوتنێكی نوێ لەبواری ناوەكی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆ بكەن .

وەرگێران : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی