پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا دڵنیایی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدەن

عیراق

11/05/2019‌ 495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا دڵنیایی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدەن، لەگەڵ ئەوەی هەولێر پابەندی رێككەوتنەكەی لەگەڵ حكومەتی نابێت بۆ بودجەی گشتی.

پەرلەمانتارەكان لە هۆشیار عەبدوڵڵاو  جەمال كۆچەرو شیروان میرزا قادرو ئەحمەد حاجی رەشید پێكهاتوون، كە لەروونكردنەوەیەكدا دەڵێن: دوای هەوڵ‌و ماندوبوونی بێوچانی ئەندامە كوردەكانی ڵژنەی دارایی پشكی هەرێمی كوردستان چەسپێنراوە لەیاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱۹دا ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە موچەی فەرمانبەران جیاكرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوەتەوە بەكۆمپانیای سۆمۆ ، ئەوەش گرنتی ئەوەی زامن كردووە، كە هیچ كەسێك نەتوانێت ئەو یاسایەی پشكی هەرێمی كوردستانی تیدا جێگیر كراوە و موچەی فەرمانبەرانی تێدا چەسپاوە هەڵوەشێنێتەوە .

هەروەها دەڵێن: بۆیە هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەكەینەوە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێكی عێراقدا نییە بەوەزیری نەوتیشەوە، كە لەم ڕۆژانەدا لێداوانی داوەو ئەوەی لێخوێنراوەتەوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بەغدادیش پابەند نابَیت بە ناردنی پشكی هەرێمەوە.

هەروەها دەڵێن: ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشكی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەكە دەبڕدرێت ئەوا بەهیچ شیوەیەك ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بەهەموان ڕادەگەیەنین دڵنیاتان دەكەینەوەكە نوێنەرەكاتان لەلێژنەی دارایی مكوڕن لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم .

ئەوەش دەڵێن: ئێمە، كە داكۆكیكاری موچەی فەرمانبەرانین بەهیچ جۆرێك داكۆكی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناكەین و كاردەكەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەكجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی كێشە و گرفت بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێم .

هـ ـ ح