ئامانجی جموجۆڵەكانی هێزەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرادەكرێت

جیهان

12/05/2019‌ 2711 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێگەیەكی هەواڵگری ئیسرائیلی، كە لەسەر حكوومەتی ئەو وڵاتە هەژمار دەكرێت باس لەوە دەكات هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ بەهێزكردنی بوونی سەربازییانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی  پێشبینیكراوی ئێرانی-عێراقییە بۆ سەر بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەی تەنەف لەسوریا .

پێگەی "دیبكا" ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكیدا بەپشتبەستن بە سەرچاوەی سەربازی و هەواڵگری بڵاویكردەوە، هۆكاری ڕێكارەكانی ئەم دواییەی واشنتۆن دژ بە ئێران لەناویشیاندا سەردانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەغدا و ناردنی كەشتیگەلی سەربازی و بڵاوكردنەوەی سیستەمی بەرگری مووشەكی پاتریۆت و ناردنی فرۆكەی مووشەكهاوێژی ناوەكی جۆری "بی ٥٢" بۆ ناوچەكە و هۆشداری پەمپیۆ بۆ ئێران و دەستوپێوەندەكانی ئێران لەناوچەكە بەوەی هەر هێرشێك بۆسەر بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بە وەڵامێكی خێرا و یەكلاكەرەوە وەڵام دەدرێتەوە ، هەمووی بەهۆی زیادبوونی زانیارییە هەواڵگرییەكانەوەیە لەلای جەنەڕاڵ كینیس ماكنزی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریكا كە دەڵێت " بزووتنەوەی ئەهلی حەق"ی عێراقی بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی خۆی بۆ هێرشكردنە سەر بنكەی سەربازی ئەمەریكی لە تەنەف كە دەكەوێتە سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا –ئوردنەوە ئامادە دەكات.

بەقسەی پێگە ئیسرائیلییەكە ئەو زانیارییە هەواڵگریانە لەكۆبوونەوەیەكی نهێنیدا، كە لە ٢٩ی نیسان لە بارەگای ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا كراوە بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان بووە.

لەكۆبوونەوەكەدا هەریەك لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ، پاتریك شاناهان وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەوەكالەت ، جۆزێف دانفۆرد سوپاسالاری ئەمەریكا ، جینا هاسبیل بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا و دان كۆتس بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریكی ئامادە بوون .

پێگەكە لەو سەرچاوە سەربازییەی هەواڵەكەی لێوە گواستۆتەوە وتوویەتی "عەسائیبی ئەهلی حەق"، كە لەبەرگیراوەی عێراقی "حیزبوڵڵا"ی لوبنانییە بە وریایی و پیشەییانە خۆی بۆ هێرشكردنە بنكەی سەربازی تەنەف ئامادە دەكات ، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هێزەكانی خەزعەلی لەناوچەی ئەنبار لە رۆژئاوی عێراق و نزیك لە سنووری عێراقی- سوری جێگیر بوون .

هەروەك دیبكا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئێران "عەسائیبی ئەهلی حەق"ی بە مووشەكی بالیستی جۆری "فاتح-زولفەققار" پڕچەككردووە ، كە توانای ئەوەی هەیە پێگەكانی تری ئەمەریكا لەناوجەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بكاتە ئامانج ، ئەگەر هات و پلانی هێرشكردنە سەر تەنەف شكستیهێنا یان هەڵوەشێنرایەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی