جەماوەریش لێیان هەڵدەگەڕێنەوە.. هەڵماڵینی دەمامكی "بانگخوازانی سوڵتان" لەسعودییە

جیهان

12/05/2019‌ 2859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانایانی شەریعەتی ئیسلامی و بانگخوازە ئاینییەكان لە هەندێك دەوڵەتی عەرەبی و بە تایبەتیش لە سعودییە، لە دۆخێكی پڕ ترس‌و لەرز و تۆقاندندا دەژین، ئەمەش دوای ئەوەی دەیەهایان لێدەستگیركران و چەندەهای دیكەشیان دەستبەسەرن.

ئێستا بۆ پیاوە ئایندارە سەربەخۆكانیش سەختە، بۆچوون و هەڵویستی خۆیان لەمەڕ ڕووداوە كۆمەڵاتییەكانی دەوڵەتەكانیان دەربڕن، پێشتر تەنیا سیاسەت بۆ ئەوان هێلی سوور بوو، كە دەسەڵات بۆی كێشابوون، تەنانەت ئەوانەی لاداری دەسەڵاتیش بوون و شەرعییەتی ئاینی و سیاسیان بۆ مسۆگەر كردبوو، ئێستا توانستی ئەوەیان نییە سەبارەت بە پرسە لاوەكییەكانیش پیادەی ڕۆڵی ئاراستەكەری خۆیان بكەن لە كۆمەڵگادا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕینماییان پێگەیشتووە دەمیان داخەن.

لەو ساوەی شانشینی عەرەبی سعودیە دامەزراوە، ئەمە یەكەمجارە وەزارەتی ناوخۆ دەزگا ئەمنییەكان لەوە ئاگادار بكاتەوە كە خۆیان لە قەرەی دیاردەكانی خواردن و خواردنەوەی هاووڵاتییان‌ لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا نەدەن، ئەمەش‌ بە گوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە چەند چالاكوانێك لە توڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دزیان پێكردووە. 

ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بۆتەوە كە دیاردەیەكی تازە سەریهەڵداوە كە گەورە بانگخوازان لاگیری خۆیان بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕاگەیاندووە، پەشیمانی و بێبەریبوونی خۆیان دەربڕیووە لەو ڕابردووە بانگخوازییەی هەیان بووە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بە وانە و پەرتووك و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی دونیایان پڕ كردبوو، بە فەتوا ئاگرینەكانیان پرسەكانی ئومەتی ئیسلامیان گەرم كردبوو، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك ئەوانیان بە ئەستیرەی بانگخوازی دەدایە قەڵەم.

لە نزیكەكان بدە تا دووركان لێت بترسێن
لەو ساوەی محەمەد بن سەلمان هاتۆتە سەر تەختی جێنشینی باوكی لە سعودیە، هەوڵیدا پیاوانی ئاینی بەلای خۆیدا ڕاكێشێت، دۆستایەتی هەندێكیشیان بۆ خۆی مسۆگەر بكات بۆ‌ پشتیوانیكردنی ئەو ووتارە بەناو نوێخوازییەی گوایە خۆی هەڵگریەتی، لەولاشەوە زۆرینەی زانا و بانگخوازانی دیكە بێدەنگیان هەڵبژارد، بەوەی سەبارەت بە گۆڕاوە لەناكاوەكانی ووڵاتەكەیان هیچ نەڵین و بێدەنگبن.

سەرباری زۆری ژمارەی ئەو بانگخوازانەی تووشی لیپێچینەوە بوون، بە گوێرەی بەڵگەنامەكانیش ئەوانەی دوای تەنها دوو مانگ لە هاتنەسەركاری محەمەد بن سەلمانی جێنشینەوه،‌ لەسەر بیروبۆچوون لە سعودیه دەستگیركراون، ‌ ژمارەیان گەیشتۆتە 105 كەس‌ لە بانگخواز و چالاكوان و ئەكادیمی و نووسەران.

سەیرەكە ئەوەیە ئەم هەڵمەتەی گرتن و ڕاوەدوونانە بە كەسە نزیكەكانی لاگیری دەسەڵات دەستیان پێكرد، بۆ نموونە "سلێمان ئەبالخەیل" ی سەرۆكی زانكۆی ئیمام محەمەد بن سعود كە لە توندترین شێخە بانگخوازەكان بوو و لاگیری محمەمەد بن سەلمان بوو، زۆریش ڕقی لە ئیسلامییەكان بوو، ڕاژەی چەندەها فەرمانبەر و ئەكادیمی لە زانكۆ كۆتایی پێهێنا تەنها لەبەر ئەوەی سۆزداری ئیخوانەكان بوون كە دەسەڵاتی دوژمنایەتی خۆی لە دژ ڕاگەیاندن، سەرباری ئەوەی "سلیمان ئەبالخەیل" بۆ ڕازیكردنی محەمەد بن سەلمان قسەی ناشرینی بە  ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ووتن.

بە گوێرەی واڵی "العهد الجدید" ی سەر تویتەر، ئەبالخەیل بە فرمانی ڕاستەوخۆی محەمەد بن سەلمان لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، پێگەكە ووتیشی ئەو خۆی و دارو دەستەكەی،تۆمەتی گەندەڵی دارایی دراوەتەپاڵ،.

شێخ ئیدریس و‌لد سیدی عەبدولقادری ئەندامی ڕایەڵەی زانایانی مەغریبی عەرەبی بۆ خەلیج ئۆنلاین گووتی: "دەستدرێژی ستەمكاران بۆ سەر ئامۆژگارییكەر و زانایانی ناو كۆشكی سەر بە دەسەڵات، پەیامێكی مەترسیدارە و سوڵتانی دەسەڵاتدار بەم كارەی لە نزیكەكان دات تاوەكو دوورەكانی پێ بترسێنێت".

وتیشی:‌ "ئەم میتۆدە بەرهەمی هەبووە، ، سەرباری دەركەوتنی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییە دژە ئاینییەكان، كەچی زۆرینەی هەرە زۆریان بێدەنگیان هەڵبژارد و لە ماڵی خۆیان دانیشتن ، بۆ نموونە دەستەی گەورە زانایانی سعودیە لە بەرامبەر بەرتەسككردنەوەی ڕۆڵی دەستەی "فرمان بە چاكە و ڕەتكردنەوەی خراپه" ‌دا بێدەنگ بوون، لەولاشەوە پشتیوانی دەستەی "خۆشی و زاخاوی مێشك" یان كرد كە پرۆگرامی وای خستنە بازاڕەوە كە ڕەشبینترین كەسەكان بە خەیاڵیاندا نەدەهات ئەو جۆرە پرۆگرامانە لە ووڵاتدا پەخش بكرێن، لەو ووڵاتەی  كە بەرهەمهێنەری محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابە كە دەوڵەت میتۆدەكەی لە ڕووی‌ ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەوە كردە ڕێبازی خۆی".

ولد سیدی عەبدولقادر وتیشی: "ئەو گەورە زانایانەی سەر بە دەسەڵات، كە فەتوایان لەسەر هەواو و ئارەزووی دەسەڵاتداران دەردەكرد، ئەمڕۆ لە ترسی دەستگیركردن و لەكارخستن، لە بەرامبەر خراپەكاری بێدەنگ بوون، وەك ئەوەی بەرامبەر ووتاربێژی مزگەوتی حەرەمین شێخ ساڵح ئال تەیب  و كەسانی دیكەش كرا".

گلانی ئەستیرەكانی  بانگخوازی 
شتێكی باوە كە ڕژیمە عەرەبییەكان،  زانا و بانگخوازان كە بە ئاشكرایی بانگخوازی دەكەن دەستگیر بكات كاتێك دژ بە میتۆد و ڕیبازی حوكمرانی ئەوانبن، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە ئەوانە دەستگیر بكەیت و هەڕەشەیان لێ بكەیت كە خۆیان بێدەنگ كردووە و لاداری دەسەڵاتن، ئەمەش‌ ئەوەیە كە پێشتر لە سعودیە ڕووی نەداوه.

شێخ محەمەد عورەیفی لەو ئەستیرە بانگخوازانە بوو كە لە سەردەمی پەرەسەندنی كەناڵە ئاسمانییەكان درەوشایەوە، ژمارەی هەوادارانی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەیشتۆتە 20 ملیۆن كەس.

عورەیفی بێدەنگ بوو سەبارەت بەو پرسانەی لەم دوایانەدا ورژێندران و لە وانەش كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس و دەستگیركردنی زانا و بانگخوازان، دەسەڵاتدارانی ووڵاتەكەی بە كەڵكی نەهاتن و لە ساڵی 2014 وە چەندەهاجار دەستگیر كراوە، بێ ئەوەی دەسەڵاتداران فرمانی دەستگیركردنەكەی ئاشكرا بكەن.

بە گوێرەی زاینارییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دواتر عورەیفی ووتاربێژی و وانە گووتنەوەی لە هەموو مزگەوتەكاندا لێ قەدەغەكرا، یەكێك لە كوڕەكانیشی دەستگیركراو حوكمدرا، ئەمەش‌ بە گوێرەی پێگەی ئەلەكترۆنی "دەستگیركراوانی بیروڕا"، ئێنجا لەسەر تویتەر واڵی عورەیفی دیار نەما، بێ ئەوەی هۆكارەكانی بزانرێن.

ئینجا هێندەی نەبرد عورەیفی كە یەكێكە لە دەموچاوە دیارەكانی ڕابوونی ئیسلامی لە سعودیە، لە واڵەكەی خۆیەوە دەركەوتەووە و بە قسە و ووتارەكانی جێنشینی سعودیەی هەڵاگووت كە لە لوتكەی وەبەرهێنانی ڕیازدا كردنی، ووتیشی كۆششەكانی میر محەمەد "بارتەقای چیای تەویق" گەورە و مەزنن.

عورەیفی لە دیسەمبەری ڕابردوو، هاشتاگێكی لەژێر ناونیشانی "متمانەی تەواومان بە محەمەد بن سەلمان هەیە" دامەزراند، لە جریوەیەكیشی لەسەر تویتەردا ووتی: "ئەركمانە نزا بۆ ئەوانە بكەین كە كاروباری موسوڵمانانیان گرتۆتەدەست، ئومێد و هیوای چاكە و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، هاریكاریان دەبین لەسەر كاری چاكە و سوودی گشتی لە ووڵاتدا، دووركەوتنەوەش لە قین لەدڵ و دڵڕەشان كە چاویان بە شكۆمەندی و پایەبڵندی سعودیە هەڵنایەت، بەڵكو هیوای پەرتبوون و ناكۆكی بۆ دەخوازن".

بە هەمان شێوەی عورەیفی، عائز قەڕنی بانخوازێكی دیار و بەرچاو، تۆبەكردنی خۆی لەوە ڕاگەیاند كە چی دیكە دەم لە كاروباری سیاسی وەرنادات، قەڕنی هێندە نابێت ئەمەی ڕاگەیاندووە، ئینجا بەشان و باڵی محەمەد بن سەلمانیدا هەڵدا، چەند هۆنراوە و تویتێكی پیاهەڵدانی لە پێگە ئەلە كترۆنییەكانی سەر بە دەسەڵات بڵاوكردنەوە. 

قەڕنی خاوەنی پەرتووكی "دڵتەنگ مەبە= لا تحزن" یە ، كە زۆرترین فرۆشی هەبوو، 18 ملیۆن كەس لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان هەوادارنی، ئەو پێی وابوو مێژووی ڕابوونی ئیسلامی پڕپڕ بووە لە توندڕەووی و بەرتەسككردنەوەی ژیانی خەڵك، ئەو بە پێویستی دەزانێت داوای لێبووردن لە گەلی سعودیە بكات، ئەو لەگەل ئیسلامێكی هەڵەچنكراوی‌ (منقح) میانەڕەوو دایە كە محەمەد بن سەلمان بانگەشەی بۆ دەكات.

لە پرۆگرامی "ئەللیوان" كە ڕۆژی دووشەممەی 6 ی یەنایەری 2019  لەسەر كەناڵی ئاسمانی "رۆتانا خەلیجییە" پەخشكرا، قەڕنی داوای لیخۆشبوونی لە كۆمەڵگای سعودی كرد لەوەی یەكێك بووە لە پێشەواكانی ڕابوونی ئیسلامی، ووتی ئەو ڕابوونە دژ بە قورئان و سونەت بووە، دژ بە لێبووردەیی و سنگفراوانی ئیسلام بووە، دژ بە ئاینی میانەڕەوو بووە، ژیانی خەڵكیشی‌ بەرتەسك كردۆتەوە".

كاریگەری بۆ سەر نەوەكان
شیخ هەیسەم مەشهەدانی ئەندامی یەكیەتی جیهانی زانایانی موسوڵمانان پێی وابوو ترس لە ڕاوەدوونان و دەستگیركردن هۆكاری هەرە‌ گەورەی پشت دیاردەی گلانی ئەو بانگخوازانەیە كە سەنگ و قورساییان لە كۆمەڵگای سعودیەدا هەیە.

مەشهەدانی بۆ خەلیج ئۆنلاین گووتیشی: "زانیاریمان پێگەیشتووە كە ڕاوەدوونانی هەندێك لە زانا و بانگخوازان لە سعودیە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی گەشتكردنیان لێ قەدەغەكراوە، ئەڵقەی چاودێریشیان لە دەست كراوە تاوەكو دەسەڵاتدارانی سعودیە شوێنپێیان هەڵگرن".

ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە ساڵی 2017 بڕیارێكیان دەركردووە بە قەدەغەكردنی گەشتكردن لە هەردوو شێخەكە (عورەیفی و قەڕنی) ، لە كەناڵی تایبەتیشەوە هەڕەشەی ئەوەیان لێكردوون كە چارەنووسیان وەك چارەنووسی شێخ سلێمان عۆدە و ئەوانی دیكە دەبێت".

لە قسەكانیدا بۆ پێگەی خەلیج ئۆنلاین ، مەشهەدانی ووتیشی: "مێژووی ئیسلام پڕپڕە لە و وێنە وێچووە لاڕێیانە كە پێشەوایەتی بانگخوازیان كردووە و بەهەڵەداوان دوای دەسەڵات كەوتوون، یان بە زۆری لە ترسان بووە، یان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت و زێدەماف لە هەندێك كاتدا، كەمیشن ئەوانی خۆڕاگربوون لە بەرامبەر ترس و تۆقاندن وەك ئیبن تەیمییە و ئیمام محەمەدی كوڕی حەنبەل و هی دیكەش".

سەبارەت بە كاریگەری هەڵوێستی بانگخوازان لەسەر ڕای گشتی و پێگەیاندنی بانگخوازان لە جیهانی ئیسلامیدا، مەشهەدانی گووتی: "ئەو واقعانە بێ دوودڵی كاریگەرییان دەبێت بۆسەر دەروونی ئەوانی گوێبیستی ووتارەكانی ڕابوونی ئیسلامی دەبن، بە تایبەتیش لە سایەی ئەو هەڵمەتی شێواندنەی كە زنجیرە دراما و پرۆگرامە گفتوگۆكارییەكان دژ بە هەموو ئەو شتانە پێشكەشی دەكەن كە پەیوەستن بە ئاین و بانگخوازانەوە".

مەشهەدانی ئەوەشی وت: "ئەو شوێنكارەی دەسەڵات كاریگەری زۆری نابێت ، ئەمەش بە هۆی شۆڕشی داتاكان  و هۆكارەكانی تۆڕه ‌كۆمەڵایەتییەكان، ئەو نەوانەی پێشەنگی بەهاری عەرەبی بوون لە ڕێگەی فەیس بوك و تویتەرەوە، لە توانستی دەسەڵاتدا نییە جڵەوگیریان بكات هەروەك خۆی دەیەوێت، نەوەكانی ئێستا لەوە زیرەكترن و دەزانن چۆن ڕاستییەكان بدۆزینەوە، ئەمەش ڕژێمە ستەمكارەكانی تۆقاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی دەزگا ئەمنییە سەركوتكەرەكانیان دەستیان لە بنی هەمبانەكە‌ دەرچووە". 

لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕازایی لە بارەی ئەم دیاردەیەوە سەریهەڵداوە، لەم دواییانەشدا چالاكوانانی ئەو تۆڕانە سەرسامی خۆیان لە دژیەكی و دووڕوویی ئەو بانگخوازانە دەربڕیووە، هەندێكیان گرتەی ڤیدیۆیی قەڕنییان داگرتووە كە پێشتر بە ئەردۆغان و میری قەتەر هەڵادەڵێت، گرتەی دیكەش كە هێرشیان دەكاتەسەر و سوكایەتییان پێ دەكات.

چاودێران ئەو دووپات دەكەنەوە كە ئەو ئەستێرانەی لە ئاسمانی كەناڵە ئاسمانی و میدیاییە كۆمەڵایەتییەكان ئەستێرەی بەختیان لە درەوشانەوە دابوو، متمانەی ئەوانەیان لەدەستچووە كە پێشتر متمانەیان پێدابوون، توڕەیی و قێزلێبوونەوەیەكیش جیهانی ئیسلامی و عەرەبی داگرتووه،‌ سەبارەت بە ئاكامی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، ئەمەش بە هۆی ئەو دژە شۆرشانەی هەندێك لەو دەوڵەتانە بەیداغ هەڵگری بوون كە لەوە‌ دەترسان ئاگری ئەو شۆڕشانەیان بگاتێ.

سەرچاوە: خەلیج ئۆنلاین 
 وەرگێران: لوقمان حاجی قادر