پارتی ئامادەنییە داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات
"مەترسی جددی" لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەیە

عیراق

12/05/2019‌ 2368 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"مەترسی جددی" لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكرات ئامادەنییە داهاتی نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لایەنە سیاسییە عێراقییەكان دەستیان بەفشارێكی زۆر بۆ سەر حكومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان فشارەكان بەهۆی ئەوەیە، كە پارتی دیموكراتی دەسەڵاتداری هەرێم ئامادەنییە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حكومەتی هەرێم دەبێت رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، لەبەرانبەردا حكومەتی عێراق موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات.

حكومەتی هەرێم تائێستا ئامادەنییە، كە داهاتی نەوتی هەرێم رادەست بكات، ئەوەش لایەنە عێراقییەكانی نیگەران كردووە، بەوەی نابێت بەغدا داهاتی خۆی بۆ هەرێم بنێرێت لەكاتێكدا هەولێر نە داهات رادەست دەكات‌و نە موچەی فەرمانبەرانیشی پێدابین دەكرێت.

بەغدا تائێستا چوار موچەی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ناردووەو حكومەتی هەرێمیش تەنیا موچەی یەك مانگی دابین كردووە، كە لەو بارەشەوە هیچ روونكردنەوەیەكی نەداوە.

هـ ـ ح