نێچیرڤان بارزانی 15 ملیۆن دۆلار بۆ کارەبای دهۆک و سۆران تەرخان ده‌كات

کوردستان

12/05/2019‌ 442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا 15 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای دهۆک و قەزای سۆران تەرخان بكات. 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ نوسراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ یەکشەممە 12-5-2019 ئاراستەی وەزارەتی کارەبای كردووه‌ بڕیاریدا 15 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای دهۆک و قەزای سۆران تەرخان بكرێت. 

لە نوسراوه‌كه‌دا هاتووە، "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی رازین بە تەرخانکردنی گوژمەی 15 ملیۆن دۆلار بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بار زۆری لە پارێزگای دهۆک و قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر بە راکێشانی هێڵی (KV 132) بۆ پارێزگای دهۆک بە درێژایی 38 کیلۆمەتر و گۆڕینی تەلی گەیەنەری هێڵی (132 KV )ی نێوان وێستگەی (شەقڵاوە - سۆران) بە درێژایی 55 کیلۆمەتر، چونکە بەم هێڵەی هەیە ناتوانن پشکی خۆیان وەک پێویست وەربگرن".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "لەبەرئەوەی کێشەی کارەبای دهۆک کێشەیەکی ئاڵۆزە، بۆیە رەچاوی ئەم حاڵەتە بکەن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکەدا و رێکاری پێویست ئەنجام بدەن بەپێی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان ژمارە (2) ی ساڵی 2016".