فالیح فەیاز باس لەترسی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەكات

عیراق

13/05/2019‌ 1518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فالیح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەمریكا ترسی لەكاردانەوەی ئێران هەیە، بۆ ئەگەری هێرشكردنە سەر ئەو وڵاتە.

فالیح فەیاز، كە هاوكات سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عێراقە راشیگەیاند، ئەمریكییەكان دڵنیان لەوەی هێرش بكەنە سەر ئێران تاران كاردانەوەی توندی دەبێت، بۆیە ترسیان هەیە.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی باسی لەوەش كردووە، كە ئەو ترسەی ئەمریكا بووەتە هۆی ئەوەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی بنێرێتە بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەو بارەوە بكات.

هەروەها رایگەیاندووە، كە پۆمپیۆ داوای دڵنیایی لەعێراق كردووە، كە دەبێت لەگرژییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لایەنگر نەبێت‌و رێگریش بێت لەدەستوەردانەكانی تاران لەكاروباری بەغدا.

ماوەیەكە گرژی‌و ئاڵۆزی لەنێوان ئەمریكاو ئێران هەیە، كە بەردەوام بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە هەڕەشە لەیەكتری دەكەن‌و ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح