ئەگەر هەیە توركیاو سعودییە هێرش بكەنە سەر ئامانجەكانی ئەمریكا لەعێراق

عیراق

13/05/2019‌ 5269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەفا ئەعسەم شارەزای سەربازیی، هۆشداری دەدات لەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، یان سعوودییە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئەمەریكا لەعێراق بكەنە ئامانج ، تا وای پیشان بدەن لەلایەن گرووپەكانی سەر بە ئێرانەوە بەئامانج گیراون‌و دەڵێت: پرۆسەیەكی وەها زۆر لەسەر عێراق دەكەوێت و دەیخاتە هەڵوێستیكی قەیراناوییەوە.

ئەعسەم لە لێدوانێكیدا بۆ پێگەی 'ئەلمەعلوومە"ی عێراقی دەشڵێت: لەو قەیرانەی نێوان ئێران‌و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند سیناریۆیەك لەبەردەستە، یەك لەو سیناریۆیانە ئەوەیە گرووپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا و سعودییە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەعێراق بكەنە ئامانج ، تاوەكو وای پیشان بدەن ئەوە كاری گرووپەكانی سەر بەئێرانە.

ئەو شارەزا سەربازییە باسی لەوەش كردووە، كە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەسوریا چۆڵن ، بەپێچەوانەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق ‌و ئەوەش دەڵێت: لەئەگەری ڕووانی هێرشێكی لەو جۆرە ناوچەكە گڕ دەگرێت و كاریگەری لەسەر رەوشی ئاسایشی و سیاسی عێراق دەبێت و لەقەیرانی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش هەڵوێستێكی دژوار بۆ عێراق دێنیتە پێش.

ئەو شارەزا سەربازییە داوا دەكات دەبێت حكومەت لەئێستادا زۆر بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو سیناریۆیانەدا بكات ، تاوەكو  رێ لەوە بگرێت عێراقی پێی بخزێتە ناو قەیرانەكەوە و زیان لەبەرژەوەندییە ئاسایشی و نیودەولەتییەكانی بدات.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی