پارتی دەیەوێت بەرچاو روونی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەبێت

عیراق

13/05/2019‌ 370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق كۆدەبێتەوەو بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتیی دیموكراتیش دەڵێت: پارتەكەی دەیەوێت لەھەندێك پرسی پەیوەست بە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو بەرچاوڕوونی ھەبێت.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، كە بڕیارە ڕۆژی ١٨ی ئایار پەرلەمانی عێراق لەبارەی ھەمواركردنی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كۆببێتەوە و جارێكی دیكە خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساكە بكرێت، لەبەر ئەوەش، دەزگای ھەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكرات لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسی ھەموو نووسینگەكانی ھەڵبژاردنی حیزب كۆبووەوە".

بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی راشیگەیاند، كە لەكۆبوونەوەی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتیدا بڕیار درا، پارتی وەك ھێزێكی سەرەكی لەعێراق و ھەرێمی كوردستان بۆچوونی خۆی ڕابگەیەنێت لەبارەی ھەمواری پڕۆژەكە و لە ڕۆژانی داھاتوودا ھەڤاڵانمان لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ پێشنیار و ھەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.

دەربارەی ئەو خاڵانەی پارتی دەیەوێت لە كاتی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراقدا لەبەرچاو بگیرێن، خەسرۆ گۆران رایگەیاند "زۆر خاڵمان ھەیە و دەمانەوێ بەرچاوڕوونیمان ھەبێت لە كاتی ھەمواری پڕۆژەكەدا، لەوانەش، ھەژماركردنی كورسی، واتە سیستەمی كورسی چۆن دەبێت لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، ھەروەھا دەنگدانی ئاوارەكان چوون دەكرێت، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، لەوێ خەڵكێكی زۆر ئاوارەیە و دەبێ چارەنووسیان بۆ دەنگدان دیار بێت".

بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت، ئەگەر گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، ئەوە دەبێت بەم نزیكانە پەرلەمان هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكە بكاتەوە.

هـ ـ ح